پەیامێ بۆ هێزەکانی خۆرهەڵات و باشوری کوردستان!

شه‌ریف عەلی
  2026-03-01     385

شەریف عەلی: دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

 

لە دەیان بابەتم دا، بە خوێندنەوەی ستراتیژی ئەو هۆکارانەم ڕون کردەوە کە چۆن و بۆچی ئیسرائیل دەبێتە زلهێزترینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست [لە ڕوی هێزی ئاسمانیی، تۆڕی هەواڵگری، هێزی تەکنەلۆژیی و، پێشکەوتوی زانستی]یەوە. بە وردیش ئەو هۆکارانەم شیکاری کرد کە چۆن و بۆچی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانە. 

ڕونیشم کردەوە کە ستراتیژی ئەمریکا ئەوەیە: لە سوریا، عێراق و، ئێران؛ حکومەتی ناوەندی بەهێز بڕوێنێ کە بیانکاتە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل. ئەمەش لە چەندان گوتاری ترەمپ، تۆم باراک و، سیاسەتزانانی ئەمریکا چەندینجار جەختی لەسەر کراوەتەوە.

 

واتە: بۆ ستراتیژ دەبێت سێ گۆشەی؛ دەسەڵاتدارانی سوریا+عێراق+ئێران ببنە سێ هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل. ئەوەش وەک یەکێک لە وەسیلەکان بۆ گەمارۆدانی ستراتیژی دژی ڕوسیا و چین، بەکاریان دێنن!

 

پەیامم بۆ هێزەکانی باشوری کوردستان و خودی مەسعود بارزانیی ئەمەیە:

 

١-زۆر پێویستە هەمو هێزەکانی باشوری کوردستان بەزویی ببنە هاوکار و هاریکار و پشتیوانی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە لە نێوان پێنج هێزی خۆرهەڵاتی کوردستان هاتۆتەبون، بۆ ڕزگارکردن و کۆنترۆڵکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان. چونکە ئەگەر بێتو ئەمریکا دەموچاوێکی تری فارسی فاشیست لە تاران بسەپێنێ؛ ئەوکات ئەگەری قوتدانی باشوری کوردستانییش زیاتر زەمینەی بۆ دەخولقێ. چونکە حکومەتێک لە تاران دەبێ کە ببێتە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل.

 ئەوەش لە ڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە بەو مانایەیە: ئەگەر حکومەتێکی هاوپەیمانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە تاران بێتەسەرکار؛ پێگەی باشوری کوردستان لە سراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل لاواز دەبێت. بۆیە کلیلی بەهێزبون و مانەوەی باشوری کوردستان ئەوەیە: لەم تەوقیتەدا خۆرهەڵاتی کوردستان ڕزگار و ئازاد بکرێ و، لە ڕێگای هێزەکانی خۆیەوە کۆنترۆڵ بکرێت.

 

با خەڵکی کوردستان شاهیدی ئەم تێفکرینەم بن: ئەگەر بێتو ئەم دەرفەتەی ئێستای خۆرهەڵاتی کوردستان نەقۆزرێتەوە؛ دواتر هەم خۆرهەڵات و هەم باشوری کوردستان باجی گەورە دەدەن!

 

٢-پەیامم بۆ خودی مەسعود بارزانیی ئەمەیە: بەو قسانەی کە تۆم باراکی عەرەبی فاشیست فریو نەدرێ کە ڕایگەیاند: "مەسعود بارزانیی سەرکردەیەکی ئەفساناویی و حەکیمە!". چونکە سەرەتای حەفتاکانیش، چەندین سیناتۆر و وەزیری ئەمریکا [بە زیاتریشەوە!] وایان بە مەلا مستەفا بارزانیی دەگوت! ئەوکات دوجار قاسملو لە کۆبونەوەی بە مەلا مستەفای وتبو: "وریای ئەو ئەگەرە لۆژیکییە بێت کە ئێران و عێراق بە ئەندازیاری ئەمریکا دژی شۆڕشی باشوری کوردستان ڕێکبکەون". مەلا مستەفا هەردوجارەکە بڕوای بە خوێندنەوە ستراتیژییەکەی قاسملو نەکردبو! 

 

ئێستاش منێکی نەزان بە مەسعود بارزانیی دەڵێم: با خەڵکی کوردستان شاهید بن؛ پاش گۆڕانکاری لە دەموچاوەکانی ئەم ڕژێمەی ئێران، ئەو حکومەتە ناوەندییەی کە لە ئێران دەبێتە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل؛ لەگەڵ ئەمریکاو عێراق ڕێکدەکەون بۆ لەناوبردنی قەوارەی باشوری کوردستان.

 

 بیرتان نەچێت؛ قەوارەی فیدراڵیی گەرەنتی مانەوەی [هەمیشەیی!!] نییە! بۆیە بۆ ئەوەی سیاسەتبازانی باشوری کوردستان بۆ یەکجاریش بێت؛ ستراتیژی بیربکەنەوە، دەبێت لەم تەوقیتەدا ببنە پاڵپشت و پشتیوانی خۆرهەڵاتی کوردستان، کە بەزویی دەرفەتەکە لە دەست نەدرێ!

 

بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان!

پێشتر لە چەندین بابەت شیمکردۆتەوە کە سەرەتا کام شارانە دەبێت ڕزگار و ئازاد بکەن!

 

ئێستا تەوقیتی ڕزگارکردنی کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستانە. کرماشان هەم لەلایەن ڕەزای کوڕی حەمە ڕەزا شاوە، هەم لەلایەن موجاهیدینی خەلقەوە کە کەسوکاری کوژراوی زۆریان لەوێ هەیەو، هەمیش لەلایەن دەموچاوێکی تازەی ناو ئەم ڕژێمەی ئێرانەوە؛ زۆر گرنگی پێ دەدرێ. چونکە کلیلی ڕزگاری خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت و، تەنانەن گەرەنتیکردنی هەناسەدانی سیاسیی باشوری کوردستانیش؛ ڕزگارکردنی کرماشانە.

 

کرماشان کلیلی یەکانگیرکردنەوەو تێکەڵکردنەوەو پێکەوەگرێدانەوەی هەمو ڕەگەزەکانی نەتەوەی کوردی زاگرۆسییە بە سۆرانیی و بادینیی و لەک و لوڕەوە. چونکە لوڕستانی کوردەواریی و، هەمەدان و، ئیلام، دەبەستێتەوە بە باشوری کوردستان و، سنەو، ورمێ وە.

 

من ساڵی ٢٠٠٧ بە چواردە خاڵی ستراتیژیی ڕونم کردەوە کە چۆن و بۆچی دەبێت بە زویی کرماشان وەک پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستان بکرێتە چەقی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە خۆرهەڵات دا؛ چونکە داگیرکەر بەرەگەی تەکانی کرماشان ناگرێ و دەپڕوکێ!

 

ئێستا تەوقیتی ڕزگاری کرماشان، ئینجا ئیلام، هەمەدان، لوڕستانی کوردەواریی و، ورمێیە. 

 

سەرەتا دەبێت کرماشان یاخود چەند شارۆچکەیەک ڕزگار و ئازاد بکرێ بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە ئیلهام بداتە ناوچەکانی تری ئێران، بەتایبەت بەلوجەکان و، عەرەبەکانی عەرەبستانی ئێران کە ناوچەکانیان ڕزگار بکەن.

 ڕاستە قوربانیی دەوێ! ڕزگاری خاک بەبێ قوربانیدان هەرگیز نایەتە بون. تەنانەت لە دڵداریش دا هەندێ جار دەموکاکیلەی مرۆڤی لەسەر دەشکێنرێ! بۆیە ئێستا تەوقیتی قوربانیدانە بۆ ڕزگاریی و ئازادیی.

 با ئەم دەرفەتە لە دەست نەدرێت. چونکە گەر کورد هەنگاو نەنێت، ڕەنگە نەتەوەکانی تریش هەنگاو نەنێن. با ئەمجارەش کورد لە قوربانیدان دا دەستپێشخەر بێت. چونکە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە کە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە بۆ کورد زەرەروزیانی زۆر زیاترەو، لە ڕوی ستراتیژییەوە باشوری کوردستانیش گەمارۆ دەدرێ و ئەو پێگەیەی بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل نامێنێ.

 

هێندە کاربەدەستە باڵاکانی ڕژێمی ئێران کوژراون کە سوپاکەیان بێسەروبەرە بون و کوێرانە موشەک بە وڵاتانی دراوسێیانەوە دەنێن؛ ئەوەش وایکردوە ڕقی دنیا لەم ڕژێمە زیاتر بێ! 

کەوایە، تا ئەم دۆخە بە دەسەڵات یان دەموچاوێکی تر نەگۆڕدراوە؛ گرنگترینە کە کورد هەنگاو بنێت!

 

پێویستە هێزەکانی ئەو هاوپەیمانێتییەی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان پێکەوە حکومەتی [کاتی]ی ڕابگەیەنن، تەنانەت ئەگەر [کوردێکی قەرەج]یشیان کردۆتە سەرۆکی حکومەتە کاتییەکە. بۆ ئەوەی بۆ داهاتو بتوانن دانوستانی پێوە بکەن لە بەرانبەر ڕەزا بێ، یان مریەم ڕەجەوی، یاخود دەموچاوێکی تری ناو ئەم ڕژێمە کە ببێتە هاوپەیمانی ئەمریکا-ئیسرائیل. 

 

دەیڵێمەوە: ئێستا گرنگترین تەوقیتە هەم بۆ ڕزگارکردنی خورهەڵاتی کوردستان بەتایبەت کە ڕەنگە قوربانی بەرچاویش بدرێ و، هەمیش [بە ئەگەرەوە!!] بۆ باشوری کوردستان "شنگال، خانەقین، کەرکوک و، موسڵی کوردستان". 

 

لە کۆتایی دا، دەنگۆیەک لە ناو خەڵک هەیە، دەوترێ: ئەو لێدوانە توندانەی کە محەمەدی حاجی مەحمود و عەلی باپیر لە دژی ئیسرائیل دەیدەن بۆ ئەوەیە ئێران گومانیان لێ نەکات کە بەنهێنیی بۆ مۆساد کاریان کردوە! بۆیە بۆ ئەوەی محەمەدی حاجی مەحمود و عەلی باپیر بیسەلمێنن دو سەرکردەی سەر ڕاستی خەتی ئیمامن و سەر بە مۆساد نین؛ دەبێت بە کردەوە جەنگ دژی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕابگەیەنن و، تێکەڵ بە سوپای پاسداران ببن!

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×