دەکرێ هێزەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان؛ [کۆمیتەیەکی دبلۆماسیی هاوبەش] پێکبێنن!

شه‌ریف عەلی
  2026-03-14     397

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

 

هێزەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان تائێستا وەک پێویست بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە گرنگانە ئامادەسازییان نییە!

 

ئێرانێک کە جیۆپۆلەتیکەکەی نیمچە-قاڕەیەکەیەو، حکومەتی عێراق، حیزبوڵای لوبنان و، لایەکی یەمەنی لەژێر دەسەڵات دایە، دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمریکا-ئیسرائیل زۆر بەسانایی هاوپەیمانێتیی لە دژ بۆ بێننەکایەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا-ئیسرائیل-عەرەبی سوننەوە!

 

سەیری ئەم هاوکێشەیە بکەن: کورد وەکو [گورزخواردن] وەک بەرەی ئەمریکا لەقەڵەم دراوە، چونکە ئێران و میلیشیاکانیی لە یەکەم ڕۆژەوە بەردەوام هێزەکانی خۆرهەڵات و باشور دەکەنە ئامانج!

 کەچی سەیر ئەوەیە: هەم هێزەکانی باشور یەکگرتو نین و، هیچ ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا نییە بۆ ڕزگارکردنەوەی کەرکوک، خانەقین، شنگال و، موسڵی کوردستان. هەمیش هێزەکانی خۆرهەڵاتیش بەهەمان شێوە تائێستا هیچ ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان، نییە!

 

لە سیاسەت دا ئەبێت تێفکرینت بەلای هەمو ئەگەرێک دا بچێت. پرسیاری لۆژیکی ئەوەیە: ئەگەر محەمەد جۆلانیی و ئەردۆگان بۆ ئەم جەنگە بونە هاوپەیمانی ئەمریکا دژی ئێران، ئایا ئەمریکا هەڵدەستێ موسڵ، کەرکوک و، شنگال بداتە جۆلانیی-عەرەبی سوننە-ئەردۆگان، لەولاشەوە ئایا ئەمریکا ئۆکەی دەکات کە ورمێی کوردستان بداتە ئازەرییەکان-ئەردۆگان؟!

 

ئەوانەی سیاسەتزانن؛ لە مەبەستەکەم تێدەگەن! واتە: خاوە-خاو و یەکڕیز نەبونی سەرکردەکانی کورد دور نییە بەرەو هاوکێشەیەک نەمان بەن کە دیسانەوە کورد دەستکەوتێکی ئەوتۆی لە جەنگەکە دەست نەکەوێت!!

 

بیرتان نەچێت؛ وەک لە دەیان بابەتم دا شیمکردۆتەوە، گۆڕانکاریی لە ئێران؛ واتە گۆڕانکاریی نەزمی بەڕێوەبردنی زۆرینەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ نمونە؛ ساڵی ١٩٧٩ کە لە ئێران گۆڕانکاری هاتەکایەوە؛ کاریگەری لەسەر زۆرینەی هاوکێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەبو!

 

تاکە چارەسەر و دەرمانی دەردی کورد ئەوەیە؛ بەیەکڕیزی ببنە هاوپەیمانی ئەمریکا لەم جەنگەدا، بەمەرجێ ئەگەر ئەمریکا ئامادەبێ کەمێکی دەستکەوتەکان بە کورد بدات!

 

 ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبو بە جیا بەڵێن بە هێزەکانی باشوری کوردستان لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بداو، ئامادەش نەبو ڕێکەوتن لەگەڵ هاوپەیمانیی هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەسەر ڕزگارکردنی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بکات. 

ئەوە ئەو ماستە مویەکی تێدایەو تێفکرینم وایە: دەگونجێ هێزەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان پێکەوە [کۆمیتەیەکی دبلۆماسیی هاوبەش] پێکبێنن کە لەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتن ساز بکەن لەسەر کەرکوک، خانەقین، شنگال و، موسڵی باشوری کوردستان، هەروەها لەسەر هەرێمی خۆرهەڵاتی کوردستانیش. ئەمەش وەک کارتێکی تری دبلۆماسیی-سیاسیی لە پێناو ئەو ئامانجەی کە کورد لەم جەنگەدا پشکی خۆی دەستکەوێت! نەک حسابی بۆ نەکرێ و لە دوای جەنگ بێدەستکەوت ببێت!

 

بە تێفکرینی ستراتیژی من: ڕەهەندێکی گرنگی پێکهێنانی ئەم [کۆمیتەی دبلۆماسیی هاوبەش]ە وەک دوا هەنگاویان ئەوەیه؛ هێزەکانی باشور و خۆرهەڵات پێکەوە دەستی ئەمریکا بخوێننەوە، یان ئامانجی داهاتوتری ئەمریکا بخوێننەوە، بۆ ئەوەی بزانن؛ ئایا ئەمریکا چی لە هەگبە دایە بۆ کورد!؟

 

ئەگەر هەر ئەمریکا ئامادە نەبو هیچ بەڵێنێکیش بەم [کۆمیتەی دبلۆماسیی هاوبەش]ەی هێزەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان بدات، کەوابو ئەو پیلانانەی کە تۆم باراک ئاشکرای کرد، کە ستراتیژی ئەمریکا: هێنانە کایەی [سێ دەوڵەتی ناوەندی بەهێز]ە لە ئێران+عێراق+سوریا کە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی بن؛ دەبێتە فاکت! ئەوکات کورد دەبێ وردتر و هوشیارانەتر مامەڵە بکات بۆ ئەوەی نەبێنە خۆڵەمێشی دوای جەنگ!

 

دەیڵێمەوە: تێفکرینە ستراتیژییەکەی من لەوە دایە کە زۆر گرنگە سەرکردەکانی کورد دەستی ئەمریکا لەم جەنگە بخوێننەوە، ئایا هیچی لە هەگبەدایە بۆ باشور یان خۆرهەڵاتی کوردستان!؟

 

پێشموایە: خۆسەلماندن؛ گرنگترینە! 

بەو مانایەی؛ ئەگەر هێزەکانی باشوری کوردستان توانییان بەیەکڕیزی لە تەوقیتی خۆیدا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕزگار و کۆنترۆڵ بکەنەوەو، هێزەکانی خۆرهەڵاتییش بەیەکڕیزی توانییان خۆرهەڵاتی کوردستان ڕزگار و کۆنترۆڵ بکەن لە ساتی خۆیدا؛ هەم ئەمریکاو، هەم دەوڵەتانی ناوەند ناچارن حساب بۆ دیفاکتۆ بکەن! 

 

گرنگترینە؛ سەرکردەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان چارەنوسی ئەم دو بەشە بە [قەدەر] نەسپێرن!!

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×