شەریف عەلی: دکتۆرا لەدبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
پرسیارە لۆژیکییەکان ئەمانەن: لەمه زیاتر ئەمریکا-ئیسرائیل چی بۆ ئۆپۆزسیۆنیی ئێرانیی بکەن!؟
چی بۆ هێزە کوردییەکانی خۆرهەڵات بکەن، کە خۆیانی بۆ ناسەلمێنن!؟
چی بۆ پارتیی-یەکێتیی بکەن کە یەکڕیز نین و، ناشتوانن بچوکترین تاکتیک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگرنەبەر!؟
ئەوەی ئەم ڕژێمەی ئێران ماویەتیی ئەوەیە؛ جارجار موشەک و درۆن بهاوێژێت، ئەوە بە گروپێکی میلیشیایی گەڕۆکیش هەر دەکرێ!
ئەمریکا-ئیسرائیل؛ ئێرانیان داغان کردوەو، حەشدی شەعبیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ کونە مشکیان لێبوەتە قەیسەری، بەڵام:
نە ئۆپۆزسیۆنیی ئێرانیی [لە کردەوەدا] بونیان هەیە!
نە هێزە کوردییەکانی خۆرهەڵات توانیویانە لەکردەوەدا لە خۆرهەڵات شتێک بکەن، یان لەگەڵ هێزە عەرەبیی، بلوجیی، ئازەریی و، تەنانەت فارسییەکانیش [بە کردەوە] لە ناو ئێران خۆیان بسەلمێنن.
نە پارتیی-یەکێتییش هیچ ڕوئیایەکی هاوبەش و ڕونیان بۆ ئەمریکییەکان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەیە!
تەنانەت هەر هیچ نەبێ؛ هێزەکانی خۆرهەڵات و پارتیی-یەکێتیی نەشیانتوانیوە [کۆمیتەیەکی دبلۆماسیی هاوبەش] زۆر بەنهێنیی پێکبێنن بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پێگەی کورد وەک هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمریکا لە لێکەوتەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا!
چونکە ئەو ئەگەرەش هەیە؛ کاتێک ئەمریکا-ئیسرائیل دەبینن کە ئۆپۆزسیۆنیی ئێرانیی، بە هێزەکانی خۆرهەڵاتیی کوردستانیشەوە، بە هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەت بە پارتیی و یەکێتیشەوە، هەر هەمو ئەم هێزانە بەکردەوە یەکڕیز و ئامادەساز نین، ئەگونجێ ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتیی ئۆپەراسیۆنەکەیان نیمچە-وەستاو بکەن بۆ ئەوەی هێزی ئێرانیی ڕاکێشنە ناو ناوچەکەوە! لە ڕوی تاکتیکییەوە ئەگەرێکی لەو شێوەیە بۆ کورد؛ ترسناکە و زەرەری دەبێ!
یاخود؛ ئایا هەمو ئەمانە جارێکی تر ئەمریکا-ئیسرائیل ناچار دەکەن کە ئۆپەراسیۆنەکەیان بوەستێنن و، دیسانەوە هەوڵی پەروەردەکردنی کەسێک بدەن بۆ ئێران، یان نەخێر لەگەڵ کەسێکی باڵای ئەم ڕژێمەی ئێران [بەنهێنیی] ڕێکدەکەون!؟
یاخود خۆیان هەنگاو بۆ دەستبەسەراگرتنی ناوچەیەکی ئێران دەدەن!
تەنانەت، ئۆپۆزسیۆنیی-ئێرانیی ناشتوانن گوتاریان یەکڕێز بێ بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەریی کە لەم زەمینەیەدا؛ بیخولقێنن!
ئەوەی من دەیبینم، ئەوەیە: پارتیی-یەکێتیی وەک ڕاگەیاندن زۆر گرنگی بەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا-ئیسرائیل دەدەن، ئەوە گونجاوە. چونکە وەک لە دەیان بابەتم دا شیمکردۆتەوە: "گۆڕانکاریی لە ئێران؛ واتە گۆڕانکاریی نەزمی زۆرینەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست". بەڵام پارتیی-یەکێتیی تەنیا وەک [بینەر] هەڵسەنگاندن بۆ ڕوداوەکان دەکەن، نەک بەکردەوە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ و ڕێکەوتنیان کردبێ لەسەر لێکەوتەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر پێگەی کورد، بەتایبەت لە ئەگەری وەستانیی دا!!
دیسانەوە دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتا؛ لەمه زیاتر ئەمریکا-ئیسرائیل چی بۆ ئۆپۆزسیۆنیی ئێرانیی بەگشتیی و، هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و، پارتیی-یەکێتیی بکەن!؟ کە خۆیان ناسەلمێنن، کە یەکگرتو نین، کە پلانیان نییە!
کەوایە، هاوکێشەکە ئەمەیە: کێشەی ئەمریکا-ئیسرائیل؛ ئۆپۆزسیۆنیی ئێرانییە، نەک [بەهێزی]ی ئەم ڕژێمە!
ئایا دیسانەوە؛ (ئۆپۆزسیۆنیی فارس، کورد، عەرەب، بلوج و، ئازەریی ئێرانیی) ئەم دەرفەتە زێڕینەش لەدەست دەدەنەوە!؟