ئەمڕۆ، پڕۆفیسۆر میکایل کلارک لە شیکارییەکدا بۆ سکای نیوز، وتی: "لەڕاستییدا هەڕەشەو مەترسی ئێران بۆ سەر هەمو مرۆڤێکە. ئەگەر سوتەمەنی ڕەق لە ناو کەپسولەکانی جۆرێک لە موشەکەکانی ئێران زیاد بکرێ؛ دەتوانن دوری ئامانجەکە لە دوهەزار و پێنج سەد کیلۆمەترەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەتر بپێکن، بەتایبەت بگەنە شارەکانی ڕۆم و بەرلین".
لێرەدا، گرنگە هەمیشە ئێمەی کورد ئەو خاڵەمان لەیاد بێت: ئەوەی فاشیستانی فارس، تورک و، عەرەب، بە دوژمنی سەرەکی دەزانن، تەنیاو تەنیا؛ نەتەوەی کوردی داگیرکراوە. هەربۆیە، هەرچەنێک داگیرکەرانی ئیمپریالیستی فارس، تورک و، عەرەب، تەکنەلۆژیای جەنگیان پێشبکەوێ؛ زیاتر و زۆرتر ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەکەنە ئامانج.
لە قاموسە سیاسییەکانی کەیمبریدج و ئۆکسفۆرد بۆ ناسیۆنالیزم، پێناسەی مرۆڤی نیشتیمانفرۆش و خیانەتکار بخوێننەوە.
لە ڕوی زانستییەوە: "بونی سۆزی هەر مرۆڤێکی نیشتیمان داگیرکراو بۆ داگیرکەرەکەی دەچێتە خانەی؛ هەستی نیشتیمانفرۆشیی و خیانەتەوە".
ئێ ئێمەی کورد بە نیشتیمانفرۆش و خیانەتکار دەڵێین: "جاش". بۆیە گەر تۆ کەمترین [هەست]ت بۆ داگیرکەرانی فارس، یان تورک، یاخود عەرەب، هەبێت؛ هەستێکی جاشانەیەو، دەچیتە خانەی جاشکەبونەوە!
بڕۆن بەندە یاساییەکانی وڵاتانی خاوەن دامەزراوە لە بارەی [خیانەتکار و نیشتیمانفرۆش] بخوێننەوە. یەکێک لە بەندەکانی تایبەت بە خیانەتکاری نیشتیمانیی دەقاودەق ئەمەیە؛ "هەر کەسێک تێوەبگلێت بە هەر جۆرێکی پڕوپاگەندەکردن بۆ پاڵپشتی ئەو هێزەی کە نیشتیمانەکەی داگیرکردوە؛ دەچێتە خانەی خیانەتکار و خۆفرۆشییەوەو، زۆرجار سزاکەی مەرگە؛ کوشتنە".
کەچی، لە سایەی نەبونی پەروەردەی نەتەوەپەروەریی لە ناو هێزە کوردستانییەکان و، زاڵبونی سیخوڕیی و خۆفرۆشیی لە ناو ئەندام و سەرکردەکانی هێزەکانی هەرێم، ژمارەیەکی بەرچاو لە کورد، بە کۆمێنت بەرگری لە "کۆماری شەیتانەکانی کوڕەکەی خامنەیی، یان؛ کۆمارەکەی ئەتاتورک-ئەردۆگان، یاخود؛ ئیمپریالیزمی عەرەبی سونەو شیعەی جۆلانی-حەشد" دەکەن!
شەش پێشمەرگە شەهیدەکەی ئەمڕۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە!
لە تەمەنی ئەم ڕژێمەی ئێران لە ١٩٧٩ وە؛ هێندە بەشێوەیەکی ڕێکخراو "جاشانە"ی بۆ ژمارەیەکی ئێجگار زۆری ئەندام و سەرکردەی هێزەکانی باشورو، بەشێک لە سەرۆک هۆزەکان، مامۆستایانی زانکۆ، نوسەر و، مەلاکانی هەرێم، بڕیوەتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕژێمە دیسانەوە ئەنفال و کیمیاباران بەسەر باشوری کوردستان بهێنێتەوە؛ هەر ئەو جاشبیر و جاشکارانە شاباش بەسەر ئەم ڕژێمە هەڵدەدەن!
وەک فاکت و حەقیقەتی نکۆڵی لێنەکراو، دەیان ڤیدیۆی خودی پاسداران هەیە؛ کاتێک پێشمەرگە پاسدارانیان هێناوەتە هەڵەبجه، هەندێک لە خەڵکی هەڵەبجە، بەتایبەت بەشێک لە مەلاکان و فەرماندەکانی پێشمەرگە؛ قسەیان بۆ میدیاکانی ئێران کردوەو، پیاهەڵدان بەسەر خومەینیی و پاسداران دەڵێنەوە. لەکاتێکا، لەو ساتەدا؛ پێشمەرگەو پاسداران خەریکی دزیی و تاڵانکردنی ماڵ-بە ماڵ و دوکان بە دوکانی هەڵەبجەبون و، خەڵکی هەڵەبجەشیان بەبارمتە گرتبو و نەیاندەهێشت خەڵک بڕواتە دەرەوەی شارو، هێشتاش فڕۆکەکانی سەددام کیمیابارانی هەڵەبجەیان نەکردبو!
زیاد لە یانزە ساڵە، ئەم ڕژێمەی ئێران؛ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پەیتا-پەیتا دەبڕێ. هەر خۆشی زەمینەسازی گەندەڵییەکانی پارتیی-یەکێتییەو، تەنانەت هەندێک لە بەرپرسەکانیش؛ هەم لە ناو حیزبەکان و، هەمیش لە ناو دامەزراوە کارگێڕییەکانی هەرێم، دادەنێ.
کورد وتەنی: "هیچی بەسەر هیچەوە نەهێشتۆتەوە".
واتە: هیچ دامەزراوەیەکی "زانستیی، کارگێڕیی، سیاسیی، ئابوریی، ئاینیی، کۆمەڵایەتیی و، میدیایی" لە عێراق [بە هەرێم]یشەوە نییە کە ئەم ڕژێمەی ئێران نەیکردبێتە مافیاگەرایی و بێسەروبەرەیی! کەچی جاشکەکان هەر بەرگری لێدەکەن. چونکە جاشانەکەیان ڕەهەندێکی مێژویی قوڵیی وابەستەی بەم ڕژێمەوە هەیەو، هێندە نۆکەرایەتییان بۆ ئەم ڕژێمە کردوەو مەلەفیانی لەژێر دەست دایە؛ ناتوانن لە سەره مەرگیشیان دا لە جاشایەتییان وازبهێنن.
هەمو ئەمانە لەکاتێک دایە، گەر منداڵێک کەمێک "ژیری"ی خۆی بخاتەکار، لەوە دەگات، کە: هەتا ئەم ڕژێمەی ئێران لەسەر حوکمڕانی ئێران بمێنێتەوە، نە پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەرەنتی دەکرێ و ڕێڕەوی یاسایی خۆی [بۆ هەمیشە!] وەردەگرێ و، نە حیزب و لایەنەکانی عێراق [بە هەرێم]یشەوە واز لە مافیایی دێنن.
جا ئەگەر تۆ؛ کوردپەروەریت، یا؛ مرۆڤدۆستیت، یان؛ مرۆڤێکی سەرڕاستانە پابەندی دینیت، یاخود هەر هیچ نەبێت فەرمانبەریت و هیوات ئەوەیە: موچەکەت [بۆ هەمیشە] گەرەنتی ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەک هەر وڵاتێکی یاساسەروەر وەربگرێت، دەبێت بە هیوای ئەو ڕۆژە بیت کە ڕوخانی ئەم ڕژێمە ببینیت.
تا ئەم ڕژێمەی ئێران بمێنێتەوە: نە کێشەی موچەی هەرێم چارەسەر دەبێ و، نە حیزب و حوکمڕانانی عێراق [بە هەرێم]یشەوە؛ واز لە مافیایی و کاری نایاسایی دێنن، چونکە زۆربەیان ئیلهام و فەرمان لەم ڕژێمە وەردەگرن.
بۆیە، نەک ئەم شەش پێشمەرگەیەی ئەمڕۆ و ئەنفال و کیمیاباران، بگرە گەر ئەم ڕژێمەی ئێران لە ڕێگای حەشدی شەعبییەوە ئەتکی کەرامەتی ماڵ بە ماڵی کوردان بکات، هەروەک چۆن لە شانزەی ئۆکتۆبەر لە بەشێک لە کوردانی دوزخورماتو تەعەدا کرا، هەر جاشکەکانی باشوری کوردستان بەرگری لەم ڕژێمە دەکەن!
کەوایه، ئەم هاوکێشەیە ڕێک بەمجۆرەیە: هەر کەسێک لە باشوری کوردستان گەر بەرگری لەم ڕژێمە بکات دژی نەتەوەکەی، لەو گوێرەکەیە کەمترە کە چەقۆی قەسابەکەی دەلێسێتەوە! چونکە لە پێناو پارە، یان ئایدۆلۆژیاو پاشکۆیی حیزبیی؛ پێی باشە ئەم ڕژێمە ئەتکارە داگیرکەرە مرۆڤکوژە لە دەسەڵاتی ئێران بمێنێتەوە!