دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
پێش هەموشتێک، لە ڕۆژی ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە، لە دەیان بابەتم دا شیمکردۆتەوەو پێکەنینم بەو بیرکردنەوانە دێ، کە پێیان وایە: بە بێ ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران، ئیسرائیل واز لە سەرانی ئەم ڕژێمە دێنێ.
واتە: ئەو شیکەرەوانە لە پرەنسیپ و بنەما [نەگۆڕەکان]ی سیاسەتی ئیسرائیل تێنەگەشتون و، ڕەنگە هیچیشیان لەسەر باوکە دامەزرێنەرەکانی ئیسرائیل و، چۆنیەتی ترساندن و فشۆڵکردنی میسری بەهێزترین دەوڵەتی عەرەب [کە خاکەکەی لە ڕەسەن دا هی بەربەرە نەک هی عەرەب!] بەرانبەر بە ئیسرائیل نەخوێندبێتەوە!
لە چەندین بابەت بە تێفکرینی ستراتیژی بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان شیمکردەوە؛ "بجوڵێن، جوڵەی ئێوە؛ ئیلهام بە کڵپەی شۆڕش لە سەرانسەری ئێران، بەتایبەت بە نەتەوە بێمافەکانی ئێران دەبەخشێ بۆ ڕاپەڕینی چەکداریی. جوڵەی ئێوە کار لە بڕیاری ئەمریکا-ئیسرائیل دەکات کە ئێران ئۆپۆزسیۆنیی [کردەوە!]ی هەیە! گرنگە، بزانن؛ لە کام جیۆپۆلەتیکانەوە دەست پێ بکەن کە بچوکترین زیان بەر پێشمەرگەکانتان نەکەوێ!".
بە دەقاودەقیش نوسیم: "بجوڵێن و، حساب بۆ بۆچونی هێزەکانی باشور مەکەن؛ چونکە خەڵک تەواو بێهیوا بوە لە هێزە گەندەڵەکانی باشور. دەرفەت گەر نەیبڕیت؛ دەتبڕێت!".
بەڵام، ئەوانیش وەکو پارتیی-یەکێتیی؛ بە گوێی تێفکرینەکانیان نەکردم!
ئێستا دەبینین؛ کەمپی ژن و مناڵەکانیشیان بە درۆن دەکرێنە ئامانج و، ڕەشەکوژ دەکرێن!
ئایا ئەگەر بە گوێی تێفکرینەکانی منتان بکردبایەو، لە دوندە سەختەکانی خۆرهەڵات، لەگەڵ تەنسیقی فڕۆکەی ئەمریکیی و ئیسرائیلیی کردەوەتان بنواندبایەو، شەهیدتان بدابایە، زۆر، زۆر باشترو شۆڕشگێڕانەتر نەبو لەم دۆخەتان!؟
تا ئێستا، هیچ یەکێک لە هێزەکانی باشور، خۆرهەڵات، خۆراواو، باکوری کوردستان بە گوێی تێفکرینەکانیان نەکردوم! چونکە ستراتیژیی بیرمکردۆتەوە، نەک تاکتیکیی و ڕۆژنامەوانیی!
دەیانجار نوسیم: "ئەوپەڕی بێعەقڵی-سیاسییە کە پێتوابێت؛ بە بێ سەرکەشیی و قوربانییدان، دەتوانیت خاکێک کە نیو سەدە داگیرکرابێت؛ ڕزگاری بکەیتەوە!".
سەبارەت بەو هاوڕێیانەی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش پرسیاریان لێکردوم؟
لەمەشیاندا ڕاستگۆییم وەلانانێم و، بۆچونەکەشم پێچەوانەی هەموانە. بەڕاشکاوی پێموایە: "ئەمەی کە بافڵ کردویەتیی؛ درێژەدەری پرۆژەکەی مام جەلالە!".
ئەوە [بە نزیکەی] بیست ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێ؛ زۆر زو بۆ ئەم پرسە هاوارم کرد. بەڵام ئەوکات مەسعود بارزانیی و نەوشیروان مستەفاش هاوڕای مام جەلال بون و، کەس حسابی بۆ بابەتەکانی منی گەنج نەدەکرد!
تاکە نوسەری کوردبوم، بە بابەتی تایبەت نوسیم: "نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال!".
بە شاهیدی چەندین کەس کە ماون، بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیشم وت: "ئەوەی مام جەلال دەڵێت با عەرەب و تورکمان بکەینە برابەش لە کەرکوک بۆ ئەوەی ڕازییان بکەین بە حوکمڕانیکردنی کورد، لەڕاستیدا؛ ئەوە پرۆژەی پێدانی کەرکوکە بە عەرەب و تورکمان!".
ئەویش وتی: "ڕۆڵە، هەڵەی تۆ لەوەدایە؛ هەر شتێک مام بیکات وادەزانیت منیش هاو بۆچونی ئەوم. من هەر ئەسڵەن پێمخۆش نییە بڕۆمە بەغدا".