دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
کەناڵی ئاڤامیدیای پارتیی، کە بە کەناڵی [فەرمی] سەرۆکی حکومەتی هەرێم ناودەبرێ، هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە، کە: "بە [زەختی سیاسیی!] نەبوایە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێش جەژن نەدەنێردرا!".
دەربڕینی دەستەواژەی دەقاودەقی؛ "زەختی سیاسیی"، له ئێستادا هەم نا دبلۆماسیانەیەو، هەمیش ناسیاسیانەیە!
١-نادبلۆماسیانەیە؛ چونکە لە ئێستا کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا "باشە"، وەرگێڕانی ئەو دەربڕینانەو ئەو هەواڵانە لەلایەن "کوردەکانی سەر بە عەرەبەوە!!" بۆ عەرەبەکان و حکومەتی بەغدا؛ "هەستی ڕقی دبلۆماسیی!" بەرهەمدێنێ! یان، خزمەتی پرۆسەی [دبلۆماسیی نەرم!] ناکات!
٢-ناسیاسیانەشه؛ چونکە لە پشتی دەستەواژەی "زەختی سیاسییەوە" کە کەناڵی ئاڤا بەکاریدێنن، وا لێکدەدرێتەوە کە مەسرور بارزانیی بە زەخت "بە فشار!" حکومەتی نوێی بەغدای ناچار کردوە کە موچەی فەرمانبەران پێش جەژن بنێرن، بۆچی؟
چونکە ئاڤا میدیا هی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەو، لە دو ڕۆژی ڕابردوش؛ مەسرور لە بەغدا بو. ئەمەش دیسانەوە، لە بری ڕەخساندنی "کەشی ئارام و جێگیریی-سیاسیی"، بە ئاڕاستەی دروستکردنی "ڕق و فشار"ە! دەکرێ کاربەدەستانی بەغداش بپرسن: کام زەختی سیاسیی!؟ ئایا سەردانی مەسرور بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و لێتێگەیشتنی زیاتر بوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردولا، یان بە ئامانجی فشاری سیاسیی بوە!؟
لەکاتێکا، لە بری دەستەواژەی "زەختی سیاسیی"، دەکرا کەناڵی ئاڤا بەجۆرێکی دیکە هەواڵەکە ئاڕاستە بکات، کە هەم بۆ خودی مەسرور قازانج بێ و، هەمیش خزمەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بکات.
بۆ نمونە، دەکرا لە هەواڵەکە بهاتبایە: سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغداو، هەوڵ و کۆبونەوەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بوەهۆی باشتر تێگەشتن لە پرسەکانی نێوان هەردولا کە خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقی لێبکەوێتەوەو، زەمینەی خۆش کرد کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێش جەژن بنێردرێت.
بەمە، هەم سەردانەکەی مەسرور؛ [بەرهەمدار] دەکراو، هەمیش ئاڕاستەی هەواڵەکە [توندوتۆڵکردنی پردی دبلۆماسیی نێوان هەرێم و بەغدا]ی لێدەکەوتەوە!
بەڵام، وەک ئاماژەی بۆ کرا، ئاڕاستەکردنی هەواڵ بەجۆرێ کە دەقاودەق دەستەواژەی "زەختی سیاسیی" تێدا بەکاربێ بۆ ئێستا هەم نادبلۆماسیانەو هەمیش ناسیاسیانەیه کە مەسرور هەوڵ دەدا لەگەڵ کابینەی نوێی عێراق پەیوەندییەکانیان نەرم و، ئارام و، جێگیر بن!
کورتوپوخت: بەم جۆرە ئاڕاستەکردن و داڕشتنەی هەواڵی میدیایی دۆخێک مەخولقێنن کە ئاڵۆزیی و ڕق لە نێوان هەردو لا بێننەکایەوە کە [کوردەکانی سەر بە عەرەب!] بیقۆزنەوە بۆ هەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکان! مەیکەنە شەڕی زۆرانبازیی! چونکە چۆنیەتی تەختیەکردنی هەواڵ بە خوێندنەوەی وردی سیاسیی و دبلۆماسیی بۆ دۆخەکان؛ گرنگترینە!
ئەڵبەتە لەم پرسەدا ڕەخنە لە کەناڵەکانی یەکێتیی "ئێن-ئاڕ-تیی، کەناڵ هەشت و، هیتد" ناگرم، چونکە ڕونە ئەوان دژی مەسرورن! بەڵام ئامانجی ئەم چەند دێڕە ئەوەبو: بەکارهێنانی دەستەواژەی "زەختی سیاسیی" لەم تەوقیتەدا لەلایەن کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەتەوە؛ ناسیاسیانەو نادبلۆماسیانەیەو، بە قازانجی کوردو، عەرەب و، تەنانەت خودی مەسروریش نییە! چونکە وا دێتەبەرچاو کە ئەو کەناڵە دید و سیاسەتی مەسرور لەسەر پرسەکان بخاتەڕو!
تەنانەت ئەگەر خودی مەسروریش باوەڕی بەوە بێت کە بە "فشاری سیاسیی" ئەو نەبوایە موچە پێش جەژن نەدەنێردرا، هەر ناسیاسیانەو نادبلۆماسیانەیە کە بەو جۆرە بکرێتە هەواڵی میدیایی و تەختییە بکرێ!