دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
ئەمریکا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەیەوێ بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕێدان بە مانەوەی بەرنامەی موشەکی [بالیستی!!!]ی ئێران و، هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکان لەسەری، وا بکات؛ وڵاتانی ئەوروپا بەرانبەر بەم ڕژێمەی ئێران توڕە بکات و، بە ئەوروپا بڵێت: "ڕژێمی ئێران مەترسی سەرەکیشە لەسەر ئێوە".
وردببنەوە، وابڵاودەکرێتەوە کە تیمی دانوستانی ترەمپ ڕێگا بە ئێران دەدەن کە بەرنامەی موشەکی بالیستی هەبێ!
ئەمەش یەکێک لە [تاکتیک]ەکانە بۆ توڕەکردنی وڵاتانی ئەوروپا، چونکە ئەو موشەکانە دەگەنە ئەوروپاو مەترسین لەسەر دەوڵەتانی ئەوروپا، نەک ئەوەی مەترسی ڕاستەوخۆ بن لەسەر ئەمریکای ئەنگلۆساکسن [ئەمریکای ترەمپ!].
ئەم تاکتیکە بۆ ئەوەیە: وڵاتە ئەوروپییەکان ببنە هاوپەیمانی ئیسرائیل-ئەمریکا لە پرسی ئەم ڕژێمەی ئێران داو، بڕۆنە ناو ئەو [ستراتیژ]ەی کە ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران هەیانە!
ئەم پرۆسێسەش لە سیاسەت دا پێی دەوترێت: بەخشینی تاکتیکەکان لە پێناو ئامانجە ستراتیژەکەدا!
باپیرانی کورد وتویانە: "دان بۆ داکردن"، یان؛ "دان بۆ ڕۆکردن".
ئەمەش بەو [پرۆسێس!!]ە دەوترێ کە دان دەکرێتە ناو تەڵەوە بۆ گرتنی باڵندە، یان؛ کۆترێک دەکەیتە قوربانی بۆ گرتنی هەڵۆیەک، یاخود؛ بەرخێک دەخەیتە مەترسیی بۆ گرتنی کەمتیارێک، پڵنگێک و، هتد!
بێگومان، هەر ڕێگاپێدانێک بە مانەوەی بەرنامەی موشەکیی بالیستیی و درۆنی ئێران؛ مەترسی جددین لەسەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل.
ئیسرائیل توانای خۆپاراستنی لە وڵاتانی کەنداو [زۆر] زیاترە. کەوایە، وڵاتانی کەنداویش ملیاران دۆلار بۆ کڕینی چەکی ئەمریکاو، سازش و پاڕانەوەیان بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل زیاتر و زۆرتر دەبێ!
تێفکرینی هەمیشەییم ئەوەبوە: "هۆکاری سەرەکی نەڕوخاندنی ڕژێمیی ئێران لە تاکیکەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی تۆکمەی ئێرانیی دەگەڕێتەوە".
کەوایە، هەر خزمەتە بە ستراتیژەکەی ئەمریکا-ئیسرائیل کە ستراتیژی [پرۆسێسە!!!] ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێران؛ خاوبکەنەوە، چونکە زیاد لە پێنج هۆکار، بەتایبەت بۆ ڕو-وەرگەڕانی وڵاتانی ئەوروپا بە ڕوی ئەمریکا-ئیسرائیل دا پێویستیان بەوەیە خاوتر بن!