دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.
ئێستا تەماشای بەرنامەیەکی ئینگلیزیم دەکرد لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوی ئیسرائیل کە لە کاری بزنس دا هاوڕێی نزیکی ترەمپە، وتی: "به ئەمریکاو سەرۆک ترەمپ دەڵێم: ئیسرائیل نە دەوڵەتی-خێڵە دەسەڵاتدارەکانەو، نە دەوڵەتێکی-تابیعەو ڕەدوکەوتوە، بەڵکو ئیسرائیل دەوڵەتێکی دامەزراوەییەو، دەبێت هەمو مافەکانی بپارێزرێت. ئێمە (ئیسرائیل) گرنگی بەوە دەدەین چۆن یەک لە دوای یەک گروپەکانی سەر بە ئێران لەناوببەین".
لە ڕاپۆرتە ئینگلیزییەکەدا، ئاماژە بەوە کرابو بۆچونێک لە نێو دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەوەیە: "ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناو ئێران هاتونەتەکایەوە بەهۆی کوشتنی سەرکردە توندڕەوەکانیانەوە دەتوانرێ سودیان لێوەربگیرێت کە لە ناوخۆدا ئاڵوگۆڕ بهێنرێتەدێ. بەڵام ئیسرائیل پێی وایە: دەبێت بە هێز ئاڵوگۆڕ لە ناوخۆی ئێران بهێنرێتە کایەوە، یاخود؛ کردنە ئامانجەکان بەردەوام بێت".
دواتر بەرنامەکە چاوپێکەوتنی یەکێک لە نزیکترین هاریکارەکانی نەسروڵای خستەڕو، بە ناوی "وەفیق سەفا". ئەم کاربەدەستەی حیزبوڵا کە بەردەوام لە نزیک نەسروڵاوە بوە، ئاشکرایکردوە: "لە پاش هێرشی سەر پەیجەرەکان لە ١٧-٩-٢٠٢٤، ئیتر بۆ هەمیشە نەسروڵا دۆخی تێکچو، هەرگیز نەهاتەوە سەر خۆی. من نەمزانی، خێرا هاوڕێکانمان سەدان وێنەو ڤیدۆی کادیرانی حیزبوڵایان بە برینداریی و کوژراوی پیشانی نەسروڵا دا بەهۆی هێرشی پەیجەرەکانەوە. ئەوە وایکرد نەسروڵا بەرگە گرتنی لەدەست دا. کاتێک ڕۆشتمە لای و لەگەڵی مامەوە؛ قسەی نەدەکرد. زیاتر لە بیست و چوار کاتژمێر نانی نەخوارد. تەنیا ئاوی دەخواردەوە. نەسروڵا پێی وتم: "ئەمە نیشانەی دزەکردنێکی هەواڵگری-ستراتیژی زۆر بەهێزی ئیسرائیلە بۆ ناو سەرکردایەتییەکەمان. ئەمە گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە". نەسروڵا بەتەواوی گۆڕا. ئەو هێرشە لە ڕادەبەدەر کاری لێکرد. بو بە کەسێکی تر و، لەڕوی سیاسیی-سەرکردایەتییەوە نەتدەناسییەوە کە ئەمە نەسروڵاکەی پێشو بێت! لەکاتێک بەهیچ شێوەیەک هیچ کێشەیەکی نەخۆش کەوتن و تەندروستیشی نەبو. بەڵام، نەسروڵا حەپەسابو، بەردەوام دەیوتەوە: "دەبێت دانی پێدا بنێین؛ ئەمە قوڵترین دزەکردنی ترسناکە لە کاری هەواڵگری دا بەدرێژای مێژوی جیهان، ئەمە لە دڵی ڕێکخراوەکەمانی داوە". دوایین کۆبونەوەمان چەند ڕۆژێک پێش ٢٧-٩-٢٠١٤ بو کە ئیسرائیل نەسروڵای کوشت، لە کۆبونەوەکەدا نەسروڵا ڕوی تێکردم و وتی: "ئەوپەڕی قەناعەتم بەوە هەیەو زۆر دڵنیام لەوەی کە ئیسرائیل ناتوانێ شوێنم بدۆزێتەوەو دەستی پێم بگات. بۆیە من دەمێنمەوەو ناکوژرێم". دواتر دەرکەوت ئەم خوێندنەوەیەی نەسروڵا لە بارەی ئەوەی ئیسرائیل ناتوانێت بیدۆزێتەوە؛ هەڵە بو. بەڵام نەسروڵا ئەو خوێندنەوەیەی دروست بو کە وتی: "دەبێت سەرکردایەتیی حیزبوڵا بەوپەڕی جددیەوە بیر لەوە بکەنەوە کە ئێستا ئەو تەوقیتەیە ئیسرائیل سەرکردەکانمان دەکاتە ئامانج. ئیسرائیل لەم تەوقیتەدا شەڕی بەرەییمان لەگەڵ ناکات، بەڵکو بەو گورزە بێوێنە هەواڵگرییەی بەرمانکەوتوە؛ ئیتر لۆژیک ئەوەیە سەرکردەکانمان بکاتە ئامانج، دەستی بە من ناگات، بەڵام سەرکردەکانی ترمان دەکاتە ئامانج".
من کە تەماشای ئەو بەرنامە ئینگلیزییه بەڵگەنامەییەم کرد، هەمان پرسم بۆ دروست بو: ئایا کە چەندین مانگە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران نەیانوێراوە لە ترسی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران وەک جاران دەرکەون، ئێستا دەبێ دۆخی دەرونی موجتەبا خامنەیی (وەک نەسروڵای دوای هێرشی پەیجەرەکان) نەبێ؟ ئایا ئیسرائیل واز لە کردنە ئامانجی سەرکردەکانی ئێران دێنێ!؟
گەر بە تاکتیکیش واز بێنێ، پێموانییە وەک ستراتیژ ئیسرائیل واز لە کردنە ئامانجی سەرکردە کاریگەرەکانی ئێران بێنێ!
ئەڵبەتە لە شیکاری سیاسیی دا؛ مرۆڤ دەبێ هەمو ڕەهەندەکان بخوێنێتەوە. من ئەوەنە بەپەلە نوسیم و هێندە سەرقاڵم؛ دوبارە بە نوسینەکەدا نەڕۆشتمەوە.
بەڵام، لە ئاوێنە زۆر بابەتم هەیەو خوێنەران شاهیدن کە لە ڕۆژی هێرشەکەی حەماسەوە تێفکرینی ستراتیژیم وابو: "ئەم هێرشەی حەماس دەبێتە هۆی داغانبونی بەرەی ئێران بەگشتیی. ئیسرائیل بەهێزتر دەبێ و، وازیان لێ ناهێنێت و، یەک لە دوای یەک پرۆکسییەکانی ئێران و، خودی ڕژێمەکەش لەناو دەبات. بەڵام نەفەس درێژی دەوێت. ئێران هەڵە دەکات هەڵوێستی نییە بەرانبەر حەماس و، ئینجا نۆرەی حیزبوڵاو، پاشان حوسییەکان و ئەسەد دێت و، دواتریش خودی ڕژێمی ئێران!".
بابەتەکان لە ئاوێنە ماون، زەمەن تێفکرینەکانمی سەلماندو، دەسەلمێنێ!