دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
بەپێی بەشێک لە دامەزراوەو سیاسەتزانانی ئەمریکیی، لە نێویاندا، مایک پۆمپیۆ: [شەڕ و گەمارۆی بەردەوامیی سەر هورمز] تاکە ڕێگایە بۆ تەسلیمکردنی تەواوەتی ڕژێمیی ئێران.
بەشێک لەوانە پێیان وایە: دوای مانگی یانزەی ئەمساڵ، ئەگەری دەسپێکردنەوەی گورزە کاریگەرەکان و داغانکردنی تەواوەتی ڕژێمی ئێران هەیە؛ چونکە لە سێی مانگی یانزە هەڵبژاردنی مید-تێرمەو، بەشێکی بەرچاوی ئەمریکییەکان جەنگیان ناوێ بەتایبەت بەهۆی گرانبونی نرخی (بەنزین و نەوت و گاز) لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران. بۆیە، ترەمپ دەیەوێ بە ئەمریکییەکانی نیشان بدات کە نەفەسی دبلۆماسیشی درێژە!
بێگومان، دەکرێ کاریگەری ئاکامەکانی هەڵبژاردنی مید-تێرمی ئەمریکا لەسەر پرسی ئێرانیش شەنوکەو بکرێ!
بەڵام، هێشتنەوەی بەشێکی کاریگەری هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست؛ بۆ جوانیی و کەیفوسەفا نییە! هەم بۆ فشاری دبلۆماسیی و، هەمیش بۆ خۆڕێکخستنەوەی گورزی تۆفانییە!
ئەڵبەتە، ڕاستە فارسەکان سیاسەتزانن. بەڵام، گەر کاربەدەستانی ئێران پێیان وابێت: هەتا مانگی یانزە دەتوانن ناز و ئازوباز و فڕوفێڵیان بەرانبەر ئەمریکا-ئیسرائیل بەردەوام بێ؛ دوربین نین، چونکە پرسی ئێران لای ئەمریکا ستراتیژێکی تایبەتە، نەک ئەوەی تەنیا لە حەزی ترەمپ دا کۆبوبێتەوە!
ئایا لۆژیک پەی بەوە دەبات: ئەمریکا تا ئەم دۆخە ڕژێمی ئێرانیی نیوە-داغان کردبێ، کەچی پاشەکشە بەرانبەری بکات!؟
با ئەو ئایدیایەشم بخەمەڕو، کە: "وڵاتێک بیەوێ بە [زلهێزترینی جیهان] بمێنێتەوە، حساب بۆ ئەوە ناکات چەند هەزار سەربازێکی دەکاتە قوربانیی لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیی دا!".
بۆ ئەوەی زلهێزترین بیی و، هەرواش بمێنیتەوە: دەبێت هەمیشە قوربانیی بدەیت و پێشڕەوی بکەیت!