دانوستانەکانی ئەمریکا-ئێران و، هێڵی سوری دبلۆماسیی!

شه‌ریف عەلی
  2026-07-07     466

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

 

لە زانستی دبلۆماسیەت دا، بۆ هەر پرۆسێسێکی دبلۆماسیی؛ هێڵی سور هەیە.

 

هێڵی سوری دبلۆماسیی، دو جۆری هەیە:

 

یەکەم: هێڵی سوری دبلۆماسیی-سیاسیی (کە ئەم بابەتە تەرکیزی لەسەر ئەم ڕوکنەیە).

 

دووەم: هێڵی سوری دبلۆماسیەتیی-کلتوریی. ئەم بوارەیان تەرکیز دەکاتە سەر دانانی ئاڵاو ئەتەکێتی دبلۆماتەکان بەگشتیی، بەتایبەت ؛ چۆنیەتی دانیشتن و قسەکردنی دبلۆماتکارەکان. هەندێ جار کەشی دانوستان تێکدەچێت، چونکە لایەنێکیان قبوڵی ناکات لە ڕوی ئەتەکێتەوە لایەنی بەرانبەر ئاماژەیەکی سوکایەتیئامێزیان بەرانبەر بکات، کە ئامانجی ئەم بابەتە ئەم تایبەتمەندییەیان نییە. هەروەک ئاماژەی بۆ کرا: هێڵی سوری ئەتەکێتی دبلۆماسیی دەچێتە چوارچێوەی (زانستی دبلۆماسیەتیی-کلتوری)یەوە، نەک زانستی دبلۆماسیەتیی-سیاسیی. 

 

هێڵی سوری دبلۆماسیەتیی-سیاسیی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران لە دانوستانەکان دا، بە شێوەی هەرە سەرەکی دو خاڵی بنەڕەتییە کە بەلای ئەمریکییەکانەوە هێڵی سورن:

 

یەکەم: پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

 

دووەم: پرسی زاڵبون بەسەر جیۆپۆلەتیکی گەروی هورمز.

 

لە نێو ئەم دو پرسە [هەره!] سەرەکییەدا، کۆمەڵێک خاڵی تر هەیە، بەلای ئەمریکاوە ئارگیومێنتارین، واتە: مشتومڕ هەڵگرن، بەڵام بەلای ئیسرائیلەوە (کە بەشێوەی فەرمی بەشداری دانوستانەکان نییە)، ئەو خاڵانەش هەر هێڵی سوری دبلۆماسیی-سیاسیین لە دانوستانەکان دا، ئەوانیش بریتین لە:

 

یەکەم: بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران.

 

دووەم: پرسی پرۆکسییەکانی ئێران، بەتایبەت لە: عێراق، لوبنان، فەلەستین و، یەمەن.

 

سەرەڕای ئەو خاڵانەش، کۆمەڵێک بابەتی تر هەن، دیسانەوە دەکرێت تیمی ئەمریکا (ئیسرائیلیش هەر لە ڕێگای ئەمریکاوە لە دانوستانەکان دا!) قسەی لەسەر بکەن، وەکو:

 

یەکەم: پرسی ناوخۆی ئێران.

 

دووەم: پرسی تەداخولاتی ئێران لە وڵاتانی کەنداو.

 

سێیەم: پرسی گاز و نەوتی ئێران (بەتایبەت مامەڵەی ئابوریی-سەربازیی ئێران لەگەڵ چین) و، جیۆپۆلەتیکی دەریای قەزوین (بەتایبەت مامەڵەی سەربازی ئێران لەگەڵ ڕوسیا).

 

ئەم سێ پرسەی سەرەوە، وەک ئەوانەی کە لە پێشوتردا ئاماژەی بۆ کرا؛ خاڵی [هەرە] سەرەکیی دانوستانەکان نین. بەڵام بێگومان تیمی ئەمریکا [هەر!!] وەک فەنی دبلۆماسیی-سیاسییش بێت؛ قسەیان لەسەر دەکات!

 

بێگومان، سەرانی ڕژێمی ئێرانییش لە هەمو ئەو پرسانەدا دەیانەوێت دانوستانکاری باش بن و، ئەوانیش بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی ڕژێمەکەیان، نەک بەرژەوەندی گەلانی وڵاتەکەیان، ئاڕاستەی بکەن.

 

کەوایە، لە کەشێکی ئاوای چەندین بابەتی مشتومڕاوی دانوستان دا، زانستی دبلۆماسیەت پێمان دەڵێت: ئەم دانوستانانە پێویستیان بە [کات]ەو درێژە دەکێشێت. بە مەرجێ، ئەگەر دانوستانەکان بەردەوام بن!

 

گەر لەم چەند دێڕەدا، واز لە پرسە دبلۆماسییەکە بێنین و، بگەڕێینەوە بۆ بەریەککەوتنەکە، لە ساڵانی ڕابردو، چەندینجار، لە زیاتر لە شەش بابەت، ئەو خاڵانەم بە تێفکرینی ستراتیژی شیکردۆتەوە، کە: چۆن و بۆچی ستراتیژی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانە!

 

لەم تێفکرینە ستراتیژییەمەوە، دیسانەوە بۆچونی هەندێک لە پسپۆڕانی سیاسیی کۆمارییەکانی ئەمریکاتان بۆ دەخەمەڕو، کە پێیان وایە: ئەم ماوەیەی دانراوە بۆ ڕێوڕەسمی تەرمی خامنەیی، گرنگترین دەرفەتە کە: سەرانی ڕژێمی ئێران و حەماس و حیزبوڵا پێکەوە لە ناو ئێران بکرێنە ئامانج. چونکە پێیان وایە: زۆرینەیان ئێستا لە ئێران بەدەرکەوتون. ئەم بۆچونە لەلایەن میدیا ئینگلیزییەکانی ئیسرائیلیشەوە پشتیوانی لێدەکرێت. بەڵام، ترەمپ و کابینەکەی ڕێگرن لە قۆزتنەوەی دەرفەتێکی لەم شێوەیە.

 

بەپێی دوێنێ شەوی هەڵسەنگاندنی کەناڵی فۆکس-نیوزی نزیک لە کۆمارییەکان، کە بەدواداچونی وردیان بۆ مەراسیمی تەرمی خامنەیی و دەنگی ناڕازی لە شارەکانی ئێران کردوە، ڕێژەی دەنگی ناڕازی و دژبەری ڕژێمی ئێران لە ناوخۆدا لە ٪٨٠ بەرزبوەتەوە بۆ نێوان لە ٪٨٥ بۆ لە ٪٩٠. 

 

بێگومان، ئەم ئامارانە بە نزیکەیی وان، نەک لە سەدا سەد. بەڵام، هیچ لەو حەقیقەتە ناگۆڕێت کە زۆرینەی ڕێژەی دانیشتوانی گشت گەلانی ئێران دژی ڕژێمەکەن.

 

هەرچەندە، تیمی دانوستانکاری ئێران ویستیان بە وەرگرتنی ئۆکەی ترەمپ بۆ گرتنەبەری ڕێوڕەسمی تەرمی خامنەیی بە جۆرێ بجوڵێنەوە کە ئەو پەیامە لە ڕوی دبلۆماسییەوە بگەیەنن: زۆرینەی دانیشتوانی ئێران ڕویکردۆتەوە ڕژێمەکە. بەڵام تا ئێستا پێچەوانەکەی هاتۆتەدی.

 

ئەمە جگە لەوەی؛ ئاماژەکانی ناکۆکی سەرانی ڕژێمی ئێران و، بەکارنەهێنانی دەستەواژەی توند دژی ئەمریکا (وەک جاران) دەرکەوتون و، سەلمێنەری سازشکردنی نهێنییانە. بەڵام، ئەمریکا-ئیسرائیل تەنیا بەم دۆخە وازیان لێناهێنن. هەرچەندە، باڵی سەربازی ڕژێمی ئێرانیش دەیانەوێت نەفەسێک هەڵمژن و خۆیان ڕێکبخەنەوە. بەڵام، خۆ ڕێکخستەنەوەیان کە وەک جاران بێت؛ ئەستەمە، یان کاتی زۆرتری دەوێت!

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×