ستەمکارییەکانی شێخ سەعیدی حەفیدو کوڕەکانی لەخەڵکی سلێمانیی لەبەڵگەنامەیەکی عوسمانییەکان دا!

شه‌ریف عەلی
  2026-09-08     80

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتیی بەریتانیی.

 

لە ویلایەتی موسڵەوە بۆ بابی عالی، فەرمانگەی کاروباری ناوخۆ!

پوختەی ئەم بەڵگەنامەیەی عوسمانییەکان، کە خۆشیان شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی کوڕیان کردوەتە هەمەکارەی سلێمانیی و زۆریشیان خۆشویستون، لە بارەی ستەمکارییەکانی شێخ سەعیدی حەفیدو، کوڕەکانییەوە دەڵێت چی؟

"خەڵکی سلێمانیی دوکانەکانیان داخستوەو  پەیمان و بەڵێنیان داوە شێخ سەعیدو کوڕەکانی لەناو ببەن، بۆ ئەم مەبەستە چەکیان هەڵگرتوە. ئامادەکاری تەواومان کردوە بەتەواوی خەڵکەکە پەرشوبڵاو پێبکەین. 

دەبێت ژیانی شێخ پارێزراو بێت و ڕێگە نەدرێت ڕوداوەکە گەورە ببێت.

نوسراوە بۆ فیرقەی کەرکوکیش کراوە کە  مەفرەزەیەکی تەواو ڕەوانە بکەن".

سەرشۆڕ بن ئەو مامۆستایانەی زانکۆکانی کوردستان، کە: مێژوی ستەمکاری سپیی دەکەنەوەو، فەلسەفەی درۆ و قسەی زلی تێئەئاخنن. سەیر ئەوەیە: هەندێکیان نوێژیش دەکەن، دەک ڕوڕەشی دنیاو قیامەت بن، چونکە ئێوە بەمە خیانەت لە خوا، لە پیشەکەتان و، لە نەتەوەکەشتانی دەکەن!

ئەم کارانە هەڵەنین، چەندان بەڵگەی ئاوا هەیە، خۆ ئەمانە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا نین کە ئێوەی دەروێشبیری بڕوانامەدار درۆ بهۆننەوەو بڵێن: بەریتانیا ڕقی لە شێخ بوەو بەڵگەنامەکان درۆن!

بەشێک لە شێخەکان و پەیجەکانیان بەردەوام بابەتۆچکەی چەندین بڕوانامەداری دەروێشبیر و کاسەلێس بڵاودەکەنەوە کە دژی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا لەبارەی شێخ مەحمود بوەستنەوەو سیمیناریان بۆ سازدەکەن. ئەم بەلاڕێدابردن و بە بێعەقڵزانینەی خەڵکی کوردستان لەلایەن دەروێشبیرە بڕوانامەدارە کاسەلێسەکانەوە سوکایەتییە بە زانست و بە خودی خەڵکی کوردستان!

لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕوانامەدارە دەروێشبیرە کاسەلێسانە ئازادن ئەوە بکەن. بەڵام ئەی خۆ بەڵگەنامەکانی عوسمانییەکانیش زانیاری ترسناکتر ئاشکرادەکەن، خۆ عوسمانییەکان باوە گەورەتان بون!؟

کاسەلێسیی ئەوە ناهێنێت کە ڕوی خۆتان ڕەشتر بکەن لە بەرچاوی میللەت لە پێناو ئێسقانێک و دەستخۆشانەیەکی شێخزادەیەک. ئایا گۆڕینی ڕەش بە سپیی، گۆڕینی ستەمکاریی شێخەکان بە چاکەکاریی؛ خزمەتە یان خیانەتە لە خوداو، لە نەتەوەکەت و، لە پیشەکەشت، ئەی کاسەلێسەکان!؟

تۆ بڵێی خەڵکی کوردستان هێندە ناهوشیاربن و تێنەگەن  کە لە ڕوی فکری-سیاسییەوە بپرسن: چۆن و بۆچیی عوسمانییەکان بەدرێژایی چوار سەدە دەیان میر و میرنشینی کوردیان لەبەر بیری نەتەوەیی کوردیی لە ناودەبردو، هەزاران کوردیان جینۆساید دەکرد، کەچی دێن دەسەڵات و حاکمیەت و گوندەکان بە بەشێک لە شێخە کوردەکانی سەر بە سوڵتانی عوسمانیی دەبەخشن و، بە زۆر دەیانسەپێنن!؟

باشه ئێوە کە ئەو زەمەنە دیاریکراوەی ستەمکاریی و وابەستەیی ئەم شێخانە بۆ عوسمانییە داگیرکەرەکان بە [شۆڕشگێڕبون و سەرکردەبونی کورد] لە مێژودا لە قەڵەم دەدەن، ئەی چۆن بە هەمان شێوەش ئەو میرە کوردانەی کە دژی عوسمانییە داگیرکەرەکان شۆڕشیان کردوە هی ئەوانیش هەر بە [شۆڕشگێڕبون و سەرکردەبونی کورد] لە قەڵەم دەدەن، لەکاتێکدا دو بەرەو دو ئاڕاستەی پێچەوانەن. بەشێکیان سەر بە داگیرکەران بون، بەشەکەی تریان دژی داگیرکەران بون. واتە: ئێوە ئەی دەروێشهزرە بڕوانامەدارە خەیارماڵەکان هەروا بەئاسانیی دەتوانن ڕەش بکەن بە سپیی و، سپیش بکەن بە ڕەش!؟

بۆ ناڕۆن ئەو بەڵگەنامانەی عوسمانییەکان دەقاودەق بڵاوبکەنەوە کە لەسەر شێخ مستەفای نەقیب و، شێخ سەعیدی حەفیدی برای و، شێخ مەحمودی کوڕی شێخ سەعیدن؟

 بۆ ناچن باس لە شوێنکەوتەیی شێخ مەحمود بۆ فەتوای سوڵتانی عوسمانیی لە جەنگی یەکەمی جیهانیی لە زێڕینترین دەرفەتی [بێهاوتای] مێژودا لە مانگی یانزەی ١٩١٤ ەوە بکەن؟ 

بۆچی نامەکانی مستەفا کەمال لە مانگی سێی ١٩١٩ەوە بۆ شێخ مەحمود و، وەڵامە نهێنییەکانی شێخ مەحمود بۆ تورکەکان بڵاوناکەنەوە، ئێوەی درۆزن و درۆزان ئەوەندە بێشەرم و کاسەلێسن دەڵێن: "ئەوانە تاکتیک بون!". بۆچی خێرا دەپەڕنەوە بۆ باسکردنی ساڵانی دوای بیستەکان کە ئەو سەردەمە ئیتر دەرفەتە زێڕینەکە دەمێکە لەدەست دراوە؟ ئێوە وادەزانن خەڵکی کوردستان هێندە ناهوشیارن و تێناگەن!؟

بەرگریکردن لە کارە نەرێنییەکانی هەر سەرکردەیەکی کورد لەلایەن دەروێشبیرە بڕوانامەدارەکانی زانکۆکانی پارتیی و یەکێتییەوە دەچێتە خانەی خیانەتکردن لە پیشەکەیان و، لە میللەتەکەشیان، نەک خزمەتکردن بە شارەکەیان و دۆزی کورد!

تێگەشتن لە زانستی سەردەم زۆر سادەیە، کە: هەر دەبێت بە [بیرکردنەوەی ڕەخنەی]یەوە هەڵوێست و کاروکردەوەی سەرکردەکان هەڵسەنگێنرێت! ئەوانەی دەروێشبیرن با هەڵگری بڕوانامەی باڵاش بن، بەڵام پێچەوانەی مێسەدۆلۆجییەکانی زانستی سەردەمن. 

 بنکڕی چێشتی شێخەکان چەورە لاتان، بەڵام ژیان هەر چەورایەتیی و خەیارماڵیی نییە! وەرن ڕاستگۆبن بزانن سوێند بە خوا؛ ئاسودەترین ڕۆح، ڕۆحی مرۆڤە ڕاستبێژەکانە!

پیرۆزترین ڕەوشت بۆ مرۆڤ: ڕاستگۆییە، ئەگەر تەنیاوتاقیش بێت!

هەتا ماوم دژی جاشایەتیی و ستەمکارییم، ئەگەر وەڵاهی باوکی خۆشم بیکات!

تێبینی: ئەگەر سوکایەتییان بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەی ڕێز لە قسەی خەڵک دەگرم. بەڵام ناچارم بەڵگەنامەی تریان لەسەر بڵاوبکەمەوە بۆ ئەوەی بزانن هەرچەندە ئەوان خاوەن موڵکی زۆرو، ملیاران دۆلارو، هەزاران دەروێشبیری خاوەن بڕوانامەی بێویژدانی کڕدراویش بن، بەڵام هەر ڕاستگۆیی سەردەکەوێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×