مرۆڤی ژاکاو

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2026-07-29     93

مرۆڤ بە هەموو رەهەندەکانیەوە بەرهەمی ئاکارو رەفتارو فکرو دابونەریتەکانی خۆیەتی. مرۆڤ بەرهەمی کولتوری زاڵ و ئەو ئاکارە کۆمەڵایەتیانەیە وەک ” عادەت” بە درێژایی پرۆسەی ژیان بەسەر هزرو ئەندێشەیدا زاڵن و  دەیخەنە ژێر کۆنترۆڵ و هەژمونی خۆیانەوەو لە مەنگەنەی دەدەن. 

 

مرۆڤ بەرلەوەی لە دەرەنجام و منداڵبوونی رووداوەکان و بەسەرهاتەکان و کارەساتەکانەوە لە دایک بێت، لە رێگەی ئاکارو عادەتەکانەوە فۆڕم دەگرێ و نشونما دەکا و دەبێتە ئەو کەسێتیەی، لە رووبەری کۆمەڵگادا خۆی نمایش دەکاو دەردەکەوێ. 

 

مرۆڤ لەم سەردەمەدا بەهۆی گۆڕانکاریە خێراکانەوە نازانێ لە کام قۆناغی ژیان و  کوێی مێژوودا وەستاوە. واهەست دەکا بەشێک لە جەستەو کەسێتیەکەی لە رابردوودا جێماوەو نایبینێ و نایدۆزێتەوەو بەشەکەی تریشی لە ئێستایەکی ئاڵۆزو پڕ لە کێشەو دڵەراوکێدا، لە چاوەڕوانی داهاتوویەکی نادیاردا بە ترسەوە چرکەساتە سەختەکان بەڕێ دەکا و خەمۆکی باڵی بەسەر هەموو کونج و کەلەبەرو رووبەرێکیدا کێشاوەو لە قالبی داوە. 

 

ترس و ئازارو نیگەرانیەکانی نەوەی هەفتاو هەشتاکان لە دیوارە لەرزۆک و سستەکانی نیشتیمانەوە سەرچاوەی نەگرتبوو. بەڵکو ماندووبوونێکی خەست و تاقەت پروکێنی هەمیشەیی و جار نائومێدی لە ئاییندە، وەک ترس و موتەکە بەدوایانەوە بوو. ترسێک، ئێستا ش بە فۆڕم و پێناسی ترەوە کایەی ژیان و رۆحی ئینسانەکانی خستووەتە ژێر رکێف و  فشارێکی گەورەوە. 

 

مرۆڤ جاری وایە هەست دەکات لە پڕ رابردووی جوانیەکانی جێ هێشتووەو فڕێ دراوەتە سەر پانتای جیهانێکی پڕلە کابوس  و بێ شوناس، هەموو شت   فۆڕمی نامۆ بوونێکی ئەزەلی و ماندووکەری گرتووەو ژیان لە بۆن و بەرامەو جوانیەکانی جارانی داماڵدراوەو زیندووێتی و رۆحی بەبەرداکراوی جارانی نەماوەو هەموو شتە جوانەکان کرچ وکاڵ بوونەتەوەو ژاکاون. 

 

مرۆڤ لە گێژاوی ئێستایەکی ئاڵۆزدا پێی وایە پەندی لە مێژوو و بەسەرهات و رابردوو کارەساتەکان وەرگرتووە. ئینسان واهەست دەکات هەمووشت زانە و قۆناغەکانی هۆشیاری بە سەرکەوتوویی بڕیوەو ئەشێت ئاییندەیەکی روناکتر بونیاد بنێت. 

بەڵام بیری دەچێت مێژوو بە گشت رەهەندەکانیەوە، هیچ بەهایەک بۆ فەزیلەت دانانێت. مێژوو هەرچۆنێک بنووسرێتەوە توانای بەخشینی فۆڕمێکی باشتری بە کایەی ژیان نیەو ناتوانێ ئەو گۆڕانکاریابە بێنێتە کایەوە،  زامنی بەختەوەری و رەفاهیەتێکی رەهای ئێستاو ئاییندە بکات. مێژوو رەحم بکات و نەکات و هەرچۆنێک بنووسرێتەوە، هیچ لە دۆخی ئێستاو ئاییندەی کۆمەڵگاو ئینسانەکان ناگۆڕێ و توانای گۆڕانکاریە گەورەکانی نیە. هەربۆیەش هەمیشە کەسانێک هەن تۆزقاڵێک بەها و نرخ بۆ مێژوو و نووسینەوەی دانانێن و گاڵتەیان پێ دێت. 

 

مرۆڤ هەڵگری هەر فکرێکی وێرانکەرو چەوت و هەڵە بێت و هەوڵی بە کردارکردنیانەوە بدات، خیانەتێکی گەورو دەرهەق بە نەوەکانی داهاتووەوە دەکات. فکرو بیرو ئەندێشەی هەڵە،  فاکتەرێکی پاڵنەرە بۆ  دووبارەکردنەوەی شکستەکان و وێران کردنی ئاییندەو لەباربردنی سەرجەم ئەو پێداویستی و شەرتو مەرجانەی، زامنی دروست کردنی ئاییندەیەکی روناکترو کۆمەڵگایەکی جوانترو ژیانێکی ئاسودەترن بۆ نەوەکانی داهاتوو. 

 

سەرچاوەی سەرجەم فکروجووڵەو ئاکارو رەفتارەکانی مرۆڤ، لەوەوەیە، مرۆڤ چۆن خۆی دەبینێ و بە چ شێوەیەک لە رووبەری کۆمەڵگا وێنای کەسێتی خۆی دەکات و هەڵگری چ دیدگایەکە. 

ئەزمونەکان، شکستەکان، سەرکەوتنەکان، خودبینینیەکان ( تێگەیشتن لە خۆمان)، فکرەکان و چۆنیەتی کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەرمان، تێکرا لەو فاکتەرانەن ئەو تێگەیشتنە بەرهەم دەهێنن، لە چەشنی چوارچێوەو باوەڕو“ حەقیقەتی رەها” ئێمە هەڵگرینی و لە رێگەیەوە خوازیاری بەرەوپێشەوە بردنی کایەی ژیانین. 

 

چۆنیەتی تێگەیشتن لە جیهان و پێدراوە ناوەکیەکانی،  رەنگدانەوەی دیدگاوئاستی تێگەیشتنەکانی ئێمەیە بەرامبەر بە خودی جیهان و خۆمانەوە. کاتێک پڕلەهیواو گەشبینین بەرامبەر بەکۆمەڵگاو سیستەم و ژینگەو نیشتیمان، پێمان وایە دونیا  بەسەرجەم بوونەورو کائینات و پێدراوەکانیەوە، شوێنێکی باشە بۆ ژیان کردن. پێمان وایە  دونیابەهەموو شتەکانیەوە هێمای خۆشەویستی و خۆشویستن و ئاسودەیی و جوانیە. کاتێکیش  قەیرانەکان، تەنگژەکان و سەختیەکان روومان تێدەکەن و گرفتە گەورەکان لە چەشنی رۆتینێکی رۆژانە تەنگمان پێ هەڵدەچنن و هیوابڕاوو دڵتەنگ و بێزارمان دەکەن، پێمان وایە جیهان بە گشتی ناخۆشترین، خەمۆکیترین، چەقبەستووترین و گەورەترین زیندان و شوێن و دۆزەخێکی نە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×