هۆی خەڵکینە ئاگادار بن، خێری فێڵ و سەدەقەی سەقەت و درۆی خەڵەتێنەر و بەڵێنی بۆش و قسەی هاشوهۆش لە خشتەتان نەبات. ئاگادار بن ژەهری درۆ سەرتاپای کۆچەوکۆڵان و رووبەری شەقامەکان و فەزای کۆمەڵگاکانی تەنیوەتەوەو کەشوهەوایەکی ژەهراوی و خنکێنەری بۆ هۆگرانی حەقیقەت و دۆستانی ڕاستگۆیی دروست کردووە و تەنگی بە مرۆڤایەتی و ویژدان و ئەخلاقەوە هەڵچنیوە.
ئاگادار بن ھەرکاتێک راستگۆیی بە خێرو سەدەقەی درۆو دەلەسەو چەواشەکاریەوە ژیا، دەستی لێ بشۆو هیچ هیوایەکت پێی نەبێ.
هەرکاتێک حەقیقەت و ڕاستگۆیی کەوتنە بەر تانەوتەشەرو مشاروسووکایەتی و تێهەڵدانەوە، چیتر بەدوای “ ڕاستگۆیی”ـیەوە مەگەڕێ.
بەداخێکی بەسۆو پەژارەیەکی بێوێنەوە و ئازارێکی گەورەوە لە دەرەنجامی دۆخی نەداری و ھەژاری و خواردنەوەی پەرداخێک ژەھرەوە، بە ھۆی پەتای نەگریسی خودئەوینی و درۆو خۆپەرەستی و هینەوە، لە ئەنجامی یاری نابەرامبەروپروپوچی بێ مانای نێوان (چارەنوس) و (چارەفلوسەوە)، براوھاورێی دێرینمان جەنابی فەرماندەی ئەستێرەوداڵ لەسەر شانی “راستگۆیی” تووشی ھەناسەبڕکێ بۆتەوەو بە تەواوی پەکی کەوتووە. زیاد لەمەش هەموو داڵەکانی سەرشانی تووشی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە بوونەتەوەو ئەستێرەکانی سەرشانیشی بەهۆی پەڵە هەورەکانی دووڕوویی و چڵێسی و چاوچنۆکی بوونەوەرە ئاسمانیەکانەوە، کەوتوونەتە دەرەوەی مەودای بینینەوە.
هەر بۆیە لە پێناو پاراستنی شوناس و کیان و گیان و ڤیان و شیان و زیندووێتی رۆح و گێڕانەوەی تەندروستیە لەدەست چووە دۆڕاوە لەرزۆکەکەیەوە و بە ئامانجی دەست گرتن بە تەمەنیەوە، لە لایەن تیمی پسپۆڕانی نەخۆشیە گواستراوە جەستەیی و کۆمەڵایەتیەکووشندەکانەوە، بە پەلە خراوەتە ژێر چاودێری چڕوپڕی کۆمەڵێک دکتۆری مۆڕ و پسپۆڕو فسفۆڕی نەخۆشخانەی تەک شێلانخانەو شێتخانە لاتەریکەکەی ئەوبەر شەقامی قەسابخانەی راستگۆیی، بەرامبەر شیفاخانەی ئەبەدیەوە.
بۆیە لە ڕووی ناچاریەوە پەنامان بۆ ئێوە هێناوەو جگە لە نزاوپاڕانەوەو خێروسەدەقەی ئێوەی ئازیز، هیچ ئومێدێک و تروسکاییەکی هیوا بۆ چاک بوونەوەی ناوبراوی نانبڕاو، لە دەردوبەڵا شک نابەین.
ئێوەی هێژا و ئازیزو شڵەژاوو نیگەرانیش پیاوی چاکبن و دەستم بە دامێنتان لە دوعاو نزاو پارەو پاڕانەوەو سەرفترەو خێروسەدەقەی مانگانەو ساڵانە بێ بەشی مەکەن و چرای روناکی ھیوای دوارۆژی فوو لێ مەکەن و هیواکانی مەکوژێننەوەو کۆشکی هیواکانی مەرووخێنن. ئەگینا دواتر ئەم چرایە بە حەزرەتی فیل و جەنابی فەرماندە تەرەزانی دوژمن بەزێن و مام ڕێوی فێڵبازو چەقەڵی درۆزنیشەوە داناگیرسێتەوە.
شادی و بەختەوەری و کامەرانی و خۆراگری و خەون و وەھمی بێ وێنەو خوشگوزەرانی بێ پێشینەتان ئاواتی لە مێژینەی دوێنێ و ئەمرۆو سبەو داھاتووی تەماوی و نادیارمانە ( خوا بمانگرێ گەر وانەبێ). ئاراستەکەیشی خۆمان دیاری دەکەین و بەسەری ئێوە یاساوڕێساو دەستوورو پێوەر و پەتو گوریس و رێنماییەکانیش هەر عایدی خۆمانن و لە لایەن جەمسەرە دوژمن بەزێنەکەی لای خۆمانەوە دەنووسرێنەوە.
ھیوامان وایە بە ئیزنی خوداوەندی باڵادەست و خالقی سەروەرو پەروەردگاری پاکو مەزن و هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونیەکانی فەرماندەی شەست ئەستێرە لە سەرشان و چینی چاولەدەست و حەشاماتی ھەژاران و باقی کۆمەڵانی خەڵکی کەم دەرامەت و بەد دەرامەت و هین، دۆخی تەندروستی نەخۆشەکەمان بەرەو باشی بچێت و لەم نەهامەتیە رزگاری بێت و خوشگوزەرانی رووی تێ بکات.
هیوادارین بە هەوڵ و خەمخۆری و دڵسۆزی “مامە مەغەی “ هاوسێمان، هەرچی نەخۆش و پەک کەوتەو خااەن پێداویستی داماوو بێ دەرەتانە لە بەدگوزەرانی و بەدگومانی و دۆخی بەدبەختی و بێ بەختی و کەم بەختی و چاوبڕینە ئاسمانەوە، بەرەو رەحمەت و سڕینەوەی زەحمەت و مەینەتی و قەڵاچۆکردنی نیقمەت و کەناری ئارامی و ئاسودەییەوە بەرێت.
هەروەک هیوامانە تەپوتۆزی ناهەمواری و مەینەتی و کۆلەمەرگی لە ژیانی پڕ ژان و گوزەرانی سەخت بسرێتەوەو ھاوسەنگیەکە وەک خۆی لێ بکاتەوەو هەموو شت و شتۆکەکان و شتومەکەکان بەرەو ئاسایی بوون و یەکسانی و تەبایی و تاک ڕیزی و هاوتایی و هاوتەریبیەوە بڕۆن و گورگی هارو و مەڕی لەر و بزنی گەڕ، لە پاڵ یەکتردا ئاوی سازگاری نیشتیمان بخۆنەوەو دەست بە ژیانەوە بگرن و دەمدرێژی نەکەن.
بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش تەقەی خۆشی لە حاڵەتی بێ ھۆشی و مەدهۆشی و سەرخۆشیدا، ئەسلەن و ئەبەدەن و بە ھیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیە. چونکە ئەم ئاکارو رەفتارو ئەتوارە بە ئازارە ناشرینە، بێ پێچ و پەنا هێمای ناشارستانی بوون و کۆنەپەرەستی و بێ عەقڵیەو ھیچ کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باری نالەباری نەخۆشەوە نابێت. بگرە ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە دووچاری شڵەژانێکی کتوپڕی رووخێنەری سەختی دەروونی و دەماغی بکاتەوەو هەمیسان گوریسەکەمان لێ بکاتەوە بەخوری و دۆخەکە، پەرژینێکی قایم بەرووتان، بەرووماندا بتەقێتەوە.
ئاگاداربن، بێ سێ و دوو ملهوڕان و مل پانەکان و دزو مزوگیرفانبڕو سەرپێچیکاران و پێشێلکارانی یاسای ئەملاوئەولاو زۆن و مۆن و گەڕەک و ناوچە، بە بێ جیاوازی بە گشتی و لە یاساورێسادەرچووە تێکدەرەکانی دەستی ناوەکی و دەرەکی ، بە دەم کوتەک و شەق شەقێن و تێلاو تێھەڵدانەوە، رووبەرووی دەسەڵاتی سەرووی یاسا و رێساو دابونەریت دەکرێنەوەو بەخۆیانا نەچنەوە بۆ ئەبەد عاقڵ دەکرێن و دەخرێنەوە ئەو کونەی لێوەی هەڵتۆقیون و وادەکەین جارێکی تر روناکی بە چاوی خۆیان نابیننەوە.