ئاڕاستەیەکی ترسناک

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2026-11-17   

لەگەڵ لەدایکبوونی سۆشیال مێدیا، چەندین حاڵەت و  دیاردەیەکی ناشرینی کۆمەڵایەتیش لەدایکبوون. 

هەرچەندە سۆشیال مێدیا بەهەموو بەش و لق و بەشەکانیەوە کۆمەڵێک دەرفەتی زێڕینی لە بواری پەیوەندیکردندا هێنایە ئاراوە، لێ لە هەمان کاتیشدا چەندین دیاردەی نەشاز و ناشرین و  نەخۆشی رەفتاریشی کرد بە مەدالیای بەرۆکی مرۆڤایەتی و خێزان و کۆمەڵگاو سەرلەبەری ئەو بەهاجوانانەی مرۆڤایەتی پێ دەناسرایەوە. 

لەوەتەی تەکنۆلۆجیای سۆشیال مێدیا خزیوەتە سەر رووبەری کایەی ژیانەوە، پەیوەندیەکانی تاکەکانی کۆمەڵگاش  لە رووی فۆڕم و ناوەرۆک و ماهیەتەوە گۆڕانی گەورەیان بەسەرداهاتووە.  

لە ئێستادا بەشێکی هەرە گەورەی پەیوەندیەکان لە رێگەی ئامێرو سەکۆ ئەلەکترۆنیەکانی سۆشیال مێدیادا ئاڵۆگۆڕ دەکرێن. هەر لە نووسینی کورتەنامەوە تا دەگات بە وتارو گرتەی ڤیدیۆیی، رۆژانە لە رێگەی سۆشیال مێدیاوە ئاڵۆگۆڕ دەکرێن و دەخرێنە نمایشەوە. بە واتایەکی تر پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال مێدیا، بە هەمە چەشن کردنی جۆری پەیوەندیەکان، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری گەیاندن و راگەیاند و ماس مێدیاوە دروست کرد. 

بەڵام بەداخەوە سۆشیال مێدیاش وەک هەموو پێدراوو داهێنان و دروستکراوەکانی تری دونیای مەجازیەوە، لەلایەن تاک و گرووپە ئاشکراوو داخراوە تاوانکارەکانەوە کرا بە کەڕەستەو ئامراز و دیلێکی دیجیتاڵی بۆ ئەنجامدانی تاوانی دیجیتالی، جنێوفرۆشی و  هەڕەشەو شەڕی ئایدیۆلۆژیاو تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاو خێزان و وێران کردنی پەروەردەوەو هەڵتەکاندنی بونیادی ئاکارە جوانەکانی پەیوەست بە خێزان و خۆشەویستی و ڕێزلێنانەوە.  

داهێنانە خێراو سەرسووڕهێنەرانی بواری تەکنۆلۆجیاو شۆڕشی زانیاری  بە خێراییەوە بەردەوامن و لە ئێستاوە پێشبینی کردنی دۆخی کۆمەڵگاکان و خێزان و پەروەردەو مەعریفەی دونیای مرۆڤەکان ئەستەمە، بەڵام دەکرێ بڵێین  داهێنانەکانی تەکنۆلۆژیا بەم خێراییەی ئێستایەوە، رەنگە لە ئاییندەدا ببێ بە ئاڵنگاری و مەترسیەکی گەورە لەسەر ژیان و  پەیوەندیەکانی مرۆڤ و خێزان و پەروەردەوە. بە جۆرێک تا تێکنۆلۆجیا بەرەو پێشکەوتن و هەڵکشان و تازەگەری و نوێبوونەوەو گۆڕانکاری گەورەترەوە هەنگاو بنێت، هێندەی تر مەترسی ئەخاتە سەر شێرازەی خێزان و شکۆو جوانیەکانی کۆمەڵگاو پێکەوە ژیان و ئاسودەیی  دەروونی و  ئۆقرەگرتنی رۆحی و سەقامگیری کۆمەڵایەتیەوە. 

سۆشیال مێدیا بۆ کورد نەک بوو بە ئامرازێک بۆ پێشخستنی دۆزی سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەی عەقڵانیەت و تۆڕهەڵدانی بیروباوەڕە  بێمارو سەقەتە ماوە بەسەرچووەکانەوە، بەڵکو بوو بە فاکتەرێکی بەهێز بە ئاڕاستەی تۆخ کردنەوەی ناکۆکیە سیاسی، شەخسی، ناوچەیی، ئایدیۆلۆجی و مل شکاندن و سووکایەتی کردن بە یەکتریەوە. 

کورد بە ئێستاشەوە نەیتوانیوە عەقڵانی مامەڵەی سۆشیال مێدیاو لقەکانی ئەم داهێنانە بکات. مرۆڤی کورد نەیتوانیوە سۆشیال مێدیا بکات بە کەرەستەیەکی مەعنەوی و بەردەبازێک بۆ زیاتر ناساندنی دۆزی سیاسی و گواستنەوەی کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی سەرەتایی بۆ قۆناغێکی باشترو ئاسوودەترەوە. 

لەبری ئەمە، پێگەو سەکۆکانی سۆشیال مێدیای کوردی بە گشتی هەڵگری جۆرێک لە تایبەتمەندین. لەوانە، بوونەتە کارگەیەکی دیجیتالی بۆ بەرهەم هێنان و هۆنینەوەی قێزەوەنترین جنێوو پەرەپێدانی دەم شڕی و دابەشکاری کۆمەڵایەتی و سووکایەتی کردن و حورمەت شکاندنەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
عەگید کەلاری: گەلی کورد دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات و پارچەبوون پارتی و یەکێتیش دەڕوخێنێت
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
سەعدی پیرە لەبارەی دووئیدارەیی: ئەوە هەوڵێکی کەمی بافڵ تاڵەبانییە بۆ ئەو کردە نادروستە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×