ماڵئاوایی لە پانۆرامای دوا سەردانم بۆ کوردستان لە هاوینی ئەمساڵدا دەکەم، دوا روداوەکان لە بەشێکی باشوری کوردستان زۆر گرنگترن لە چیرۆکی سەردانەکەم.
باشوری کوردستان لە ئەرزی واقعدا سێ لەت بو:
لەتێکی (هەرێمی کوردستان) بە دەست پارتی ویەکێتیەوە ، قودس و دڵی کوردستان بەدەست ناحەزان و داگیرکەرانی بەغدا، سێیەم لەتیشی گۆرەپابێکی کراوە بۆ پاشماوەکانی داعش و میلیشیاکانی عێراق، سنوردار بۆ هێزەکانی کوردستانی گەورە.
ئێستا کرا بە چوارلەت کە لە ئاستی بەغدا و نێودەوڵەتیەوە تەنها مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن کە لە بواری دەستوری و سیاسیەوە دانیان پێداناوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئەوەی رویداوە ئەڵقەیەکی رەش و ژەنگاوی زنجیرێکی تەمەن دڕێژە کە کورد لەسایەیدا ئەم ئامانجەی دروێنەکردوە:
- شەرمەزاری و بێرێزی و بێ متمانەیی دۆستە نێودەوڵەتیەکانی کورد، هەرچۆن بیڵ کڵنتۆن کە سەرۆکی ئەمریکا بو بە مێتراندی سەرۆک کۆماری فەرەنسای گوت: کورد لە عێراق ناتوانێت حوکمرانی دروستی خۆی بکات
- هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کورد،
- لاوازکردنی رۆڵی بزافی کوردایەتی لە ناوچەکە،
- هەڵلۆشینی سەروەت و سامەنەکانی باشوری کوردستان و پێشکەشکردنی بەشێك لێی بۆ تەماعکارە چاوچنۆکەکانی دنیا.
- خەستکردنەوەی پێشێلکردنەکانی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی هاوڵاتیان لەم بەشە لەتلەتکراوەی کوردستان.
دوای دروستکردنی یەکەم پەرڵەمانی کوردستان خوالێخشبو مام جلال لەگەڵ مسعود بارزانی یەکەم رێکەوتنی " ستراتیژیان " راگەیاند. زۆری پێنەچو شەرێکی بەرفراوانی خەست جەستەی رێکەوتنەکەی کرد بە خۆڵەمێش. پارتی ناچارکرا پەنا بۆ سەدام بەرێت بۆ راستکردنەوەی هاوسەنگی هێز لەگەڵ یەکێتیدا، هەر هەمو ئەمانە لەکەی زۆر رەش و شەرمەزارین لە روخساری سیاسی و فەرمانرەوایی هەرێمدا. کڵنتۆن ناچار بو نامەیەک بۆ تالەبانی و بەرزانی بنێرێت، تێیدا دەڵێت: گەر شەر رانەگرن ناچارم بەوردی چاو بە سیاسەتمان بەرامبەرتان بخشێنینەوە.
دوای ئەم چاوسورکردنەوە توندە هەر دو سەکردە ناچارکران لە واشنتۆن بە سەرپەرشتی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی کڵنتۆن، رێکەوتنی ڕاگرتنی شەر نێوانیان واژۆ بکەن، ئەوەی مایەی سەرنج راکێشانە ئەو رێکەوتنە تەنها بۆ راگرتنی شەر بوە نەک رێکەوتن بۆ ئاشتی و سەقامگیری.
روخاندنی رژێمی سەدام ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هێور کردنەوە، مام جلال بۆ سەرۆکی کۆمار و مسعود بارزانیش سەرۆکی هەرێم. ئەم هاوکێشەیە ماوەیەک سەقامگیری و لێکتێگەیشتنی لە هەرێم بەرپاکرد بێئەوەی کێشە بنەرەتیەکانی نێوان ئەو دو هێزە بخرێنە سەر مێزی چارەسەر، سەرەرای رێکەوتنی بەناو ستراتیجی نێوانیان هەر لایەن رێگاو و بەرژەوەندیەکنی خۆی دەگرتەبەر.
دوای وەفاتی مام جلال و کاک نەوشیروان بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵدا. بەشێک لە سەرکردە و کادرە دێرینەکانی یەکێتی هەوڵیان دا بەزمانێکی نەرم کاریگەیە نەرێنیەکانی ئەو بۆشاییە داپۆشن و نەگاتە ئاستی تەحەدا و بەرەنگاربونەوە.
مەخابن ئەم هەوڵانە شتێکی ئەوتۆیان نەپێکا.
دوای دوا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی کوردستان دەرکەوت کە دەسەڵاتی یەکێتی ئامادەنیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکات، لە گەڵ ئەوەشدا بێدەنگبو، براکەی سەرۆکی یەکێتی وەک جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەراست و چەپدا جموجۆڵی دەکرد،.
هەر دو لا موجامەلەیەکی بێتامی بەغدایان دەکرد.
هەرچۆنێک بێت نامەوێت لەم ساتەدا بچمە سەر وردەکاری زیاتری ئەو شانۆگەریە، چونکە ئێستا ساتی بیرکدنەوەیە لەم قەیرانە نوێیەی باشوری کوردستان، ناڵێم هەرێمی کوردستان چونکە قەیرانەکە رەگ و ریشەی نەتەوەیی هەیە و پەیوندە بە رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە و پێگەی زۆر لاوازی کورد هەیە.
پێم باشە بۆچونی خۆم لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەم، نەک چارەکردنی چونکە زیاتر لە شەست ساڵە باشوری کوردستان بەدەست مەلایی و جەلالیەوە دەناڵێنێت و هیوادارم بۆچونەکانم ئاوێک بە ئاگری ئەم قەیرانەدا بکات.
سەرەتا بەپێویستی دەزانم بڵێم: خانەوەدای بارززانی لە شۆرشەکانی بەرزانەوە خەباتێکی سەرسەختی کردوە و قوربانیەکی زۆریشی داوە، خوالێخۆشبو مەلا مستەفا، سەرەرای چەن هەڵەیەک، سەرکردەی ناوداری کورد بوە و لەسەرجەم دنیادا هەرواش ناسرابو. رێکەوتنی جەزائیر نەخشەیەکی ئەمریک و چەند وڵاتێکی عەرەبی بو کە ئەم تۆم باراکەی ئێستا رۆڵی شەیتانی تێدا بینیوە بۆ شکستهێنان بە شۆرشی ئەیلول ( دۆکیۆمێنتەکانی ئەمریکا و راپۆرتی بایکی کۆنگرێسی ئەمریکی ئەو راستیانە دەسەلمێنن). بۆیە شکستی شۆرشی ئەیلول (ناوزەدکراوە بە ئاشبەتاڵ) لە ئیرادەی کورد لە باشور دەرچوبو.
دوای ئەو روداوە شۆڕشی هەڵساندنەوە بە رابەرایەتی یەکێتی روداوێکی مێژویی گەورە بو کە لەلایەن دۆست و دوژمنەوە چاوە روان نەدەکرا. یەکێتی و تێکۆشەرانی لەو رێبازەدا هەزاران شەهیدیان بەخشیوە و تا ئەم چرکەیەش بەشێكن لە تاجە مەزنەکانی بزافی کوردایەتی لە سەرجەم کوردستانی گەورە.
من هاوڵاتیەکی کوردم چەندم پێکرابێ بۆ نەتەوە و خاکەکەم کردومە، تا ئەم چرکەیەش بە ئەرکێکی نەتەوەییم زانیوە و نە داوای پاداشتم کردوە و نەچاوەروانیشی بوم. چونکە زۆر باش دەزانم پاداشتی چەندین هاورێی دێرین و خۆشەویستم لەو رێبازەدا لە سێدارەدان و شەهیدبون و زیندان بوە.
ئەم پێشنیازانە پێشکەش بە سەرکرادیەتی سیاسی لە باشور دەکەم:
یەکەم: راسپاردنی گروپێکی کەسایەتی دڵسۆز و بێلایەنی باشور بۆ لێدوان لە گەڵ پارتی و یەکێتی بە مەبەستی تێگەیشتن لە رەگ و ریشەی دوا روداوەکان.
دوەم: لە رۆشنایی کاری ئەم گروپە لێدوان و هەڵسەنگاندن لە گەڵ دو لایەنەکدا.
سێیەم: بەگەیشتن بە دەرئەنجامێک یا نەگەیشتن بەرزکردنەوی راپۆرتێک بۆ پەرڵەمانی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: راگەیاندنی هەڵسەنگاندنی گروپەکە بۆ رای گشتی کوردستان.
هاوکات پێشنیاز دەکەم باڤڵ تالەبانی سەرۆکی یەکێتی بە دڵێکی فراوان مەسعود بارزانی ببینێت لە هەر دەزگا و جێگا و پێگەیەک لەسەری رێکدەکەون.
پێنجەم: کاتێک ئەم کارانە جێبەجێکران بانگێشتی باڤڵ تاڵەبانی بکرێت بۆ پەرڵەمانی کوردستان بۆ خآلدانان لەسەر بریارەکەی یەکێتی.
ئێمە نەتەوەیەکین دەیان ساڵە زوڵم لیکراوین، ئەنفال کراوین و چەکی کیمیاویان دژمان بەکار هێنراوە و میللەتەکامەن بە زۆرەملێ لە زێدی باو و باپیرانمان دەرکراون. ئەم هەمو قوربانیە ئەوە ناهێنێت چەند چرکەیەک بەیەکەوە تەنها ئاورێکیان لێبدەینەوە؟
گەر نا ....... نازانم چی بڵیم؟