لە ماستەر ئاغایەک و کوێخا بەکەلۆریۆسێک و میرزا دیپلۆمێکیان پرسی:
"بۆ درێژەتان بە خوێندنی باڵاو ئاڵاو واڵا نەدا؟"
لە وەڵامدا گوتیان:
" حەزمان لە ئاوەڵناوی کاک دکتۆرو میرزا ماستەرو بەڕێز بەکالۆریۆس نەبوو!"
لەسەردەمی وەرخەرپاشای کڵۆڵدا، میرزادەیەکی بناری چیای “ هەڵکەنە داکەنە”یان بە شەوورۆژێک و قودرەتی قادر کرد بە شت و جووجەڵە بەرفلسێکیشیان کرد بە وەزیری پلان دانان، کەچی هەردووکیان بە دوو قۆڵی ھەر خەریکی پیلان دانان و ئاخ هەڵکێشان و کێشانەوەی شت بوون.
ھەنبانە بۆرینەی کۆمەڵێک مورتەدو مولحیدی سیاسی و کۆلکە نووسەرانێکی خۆبەزلزان و خۆپەرەست و ھیچ لەبارادانەبوو، ئاوی تێکەوتبوو و لەبن ھاتبوو، کەچی ئەو بە نووسینی شانامەی پیاھەڵدان و شایەری و ھۆنینەوەی شعری فەلسەفی بە بەژن و باڵاو شان و باڵی خاوەن شکۆیەک بوو بە سەرمایەدارو پارەدارو بازرگانێکی عەیار بیستوچوار و وای لێھاتووە بە سمتی خۆی ئەڵێ لە دوام مەکەوە بۆنت دێ....!!!
لە گایەکیان پرسی، تۆو مانگا لە چیا ھاوبەشن.
وەڵامی دایەوەو گوتی:
" ھەردووکمان لە ( گا) بوونا ھابەشین و شەراکەتی ڕاستەقینە تەنیا و تەنیا لای کۆمەڵ + گای ئێمەیە”.
سەردەمێک قسەی زمان و بنی زمان و ناوەڕاست زمان و ئەولای زمان و نووسین و وتارەکانی پڕ بوو لە دەستەواژەی پرەنسیپ و مرەنسیپ و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی قازو مراوی و سەگ و بێچوەسەگی بێ لانە، ئێستاکە پرەنسیپەکانی لێ بووە بە هەل و دەرفەتی (پڕ نسیب) و سەرقاڵی نووسینەوەی کتێبێکە بە ناوی:
“ تێکەو لێکەو سافی کەو حەقت نەبێ”
جاران ئەیوت فلوس، ئێستا قێزی لە فلوس دەبێتەوەو زمانی لە دۆلارو دینارو یۆرۆ ڕاھاتووە.
لە ( با) سەرگەردانتر، ئەو بەناو جووجەڵە سیاسیە بێ هەڵوێست و ئەسڵ و نەسەب و ڕەچەڵەکەن، لە پێناو پارەوپوڵ و کاروپیشەو سەروەت و سامان و گیرفان بڕین و گیرفان پڕ کردندا، پیشەیان بۆتە پەت پەتێنی سیاسی و سەنگەر گواستنەوەو نمایشی میدیایی و چەنەبازی کردن بە ناوی چاوتێرو چاودێری سیاسی و دەستەڕاست و دەستە چەپەوە.
کۆشکی ھزرو فکرو بیرو ئەندیشەی بەرێزێک لە کاروباری ھین و فەلسەفەی ھین و تیۆری ھین و پێشخستنی ھینا، وێرانەیەک بوو بۆ خۆی، کەچی دواتر کردیان بە بەرپرسی ھین و مین.!!!
(وەزا + رەتێک) وزەی ڕەت بوونی تێدا وشک بووەو لە گشت پرۆژەو ئایدیاو بیرۆکەیەکی جوان و نیشتیمانی و ئەکادێمیەوە داماڵدراوە، کەچی مێشکمانی برد بە قسەی زل و باق و بریقەدارو بەڵێنی سواو هەزار بارەوە.
قازێکی پەڕوباڵ کراوی داماو ئەوەندە قیژاندی و ھەڵپەڕی تا ئێشیان پێی بوو.
یەکێک لە ڕاھێناندا داھێنانی دەکرد، دواتر یەک داھێنانیان پێ کرد، خوا عالیمە ڕاھێنانی بیر چوو.
ئەوەندە باسی رابردووی کرد، تا ( ڕا )کانیشی بوون بە بابردوو.
هەموو هونەرو توانای جەستەیی و زمانەوانی و سەروەت و سامانی ژێر زەوی و بن زەوی، زمانی چەور و پیاهەڵدان و دەست و شان ماچ کردن و کرووزانەوەی بەردەم پیاوەناماقووڵێکی سەروەت و سامان بوو. دوایی جەلدەی دەماغ تەختی کرد، ئێستاکە لە کونجێکی کڕوپەراوێزی ماڵەوە چاوەڕوانی فریشتەی مەرگە و دوسیەکەی لە مامەڵەی ڤیزەی ئەو دونیادا لە نۆرەدایە.
لە نەخوێندەوارێکیان پرسی ئێمەی کورد تا چ ئاستێک “چەمکەکانی” قوتابخانە فکری و فەلسەفیەکانی رۆژئاوامان لە کۆمەڵگای خێڵەکی و دواکەوتووی دابەشکراوو ناکۆکی خۆمان لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووە تا ئێستا پیادە کردووەو سوودمان لێیان بینیوە؟
لە وەڵامدا گوتی:
“ جا کەی رۆژئاوا چەکی داوە بە ئێمە”؟
داماوە جیاوازی “ چەمک “ و “ چەکی” نەدەزانی!
بێکارێکی داماو چوو داوای ئیش بکات لە دەزگایەکی میدیایی ئەم سەردەمەدا . ویستیان تاقی بکەنەوەولە فیلتەری بدەن و داوایان لێی کرد ئەم ڕستەیە ڕاڤەبکات:
پرسیارە فەلسەفیەکە ئەوەیە:
لە چەکرەی خەیاڵ دەمانبات بۆ دونیایەکی جەنجاڵ و لەو دونیاجەنجاڵەدا، هێمای جەمسەربەندیەکان پارادۆکسێکی چڕیان پێوەدیارەو تخوبی سنوورەکانی فکر تا دێت بەڕووی کرانەوەدا تەلبەند دەکرێن و دادەخرێن.
فەقیرە لە وڵامدا وتی:
ئەوە دەتانەوێ دامنەمەزرێنن ؟؟