دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
وەڵام بۆ پێنج پرسیار:
(١)
گەر ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر "زۆنی سلێمانیی" جدی بن و پیلانی ئێران-یەکێتیی نەبێ بۆ لەخشتەبردن و گۆڕینی دیدی ئەمریکا بەرانبەر بە یەکێتیی، نیشانەی ئەوەیە: ئێران پلانی هێرشی زەمینی، یان پلانی دروستکردنی گروپی چەکداریی، هەیە!! یاخود تۆڵە لە یەکێتیی دەکاتەوە کە دو سەرە بوە، هەم بۆ ئێران و، هەمیش بۆ ئەمریکا؛ ئیشی کردوە! چونکە جبەخانەکان دەکاتە ئامانج!!
ڕێشی تێ دەچێت ئەم هێرشانەی ئێران پیلانی ئێران-یەکێتیی-پەکەکە بێ، چۆن و بۆچیی!!؟ خۆتان زیاتر لێی وردببنەوە!
بەهەرحاڵ، تورکیا-ئێران تا پرسی هەرێمی باشوری کوردستان و دۆزی خۆرهەڵاتیی کوردستانیش وەک پرسی باکور و خۆراوای کوردستان لێنەکەن، جارێ چەک بە پەکەکە دانانێن!!
ستراتیژی تورک لە بەکارهێنانی پەکەکە لەو ڕوەوە لەگەڵ ستراتیژی ئەمریکا یەک دەگرێتەوە، کە؛ ستراتیژی ئەمریکا هێنانەکایەی سێ دەوڵەتی ناوەندی بەهێزە لە سوریا-عێراق-ئێران کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە دورمەودا دا بپارێزن.
(٢)
گەر لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی ڕوسیا، لە نێویشیان دا، وەزیری دەرەوە، بۆ میدیا ئینگلیزییەکان ڕاست بێ و، ئەمریکا هەمان ئەو ستراتیژەی دژی ڕژێمی بەعس گرتیەبەر بەرانبەر بە ڕژێمیی ئێرانیش جێبەجێی بکات، نیشانەی ئەوەیە: چۆن ستراتیژی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس [بە چەندان هەڵبەز و دابەزی شەڕ و گەمارۆی ئابوری و دانوستاندنەکان] لە ١٩٩١ ەوە هەتا ٢٠٠٣ ی خایاند، ستراتیژی ئەمریکاش بۆ ڕوخاندنی ئێران چەند ساڵێک دەخایەنێت.
لێرە پرسیار ئەوەیە: دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ڕوی کارگێڕی "حوکمڕانیی" و ئابورییەوە چ پلان و ستراتیژێکیان بۆ دۆخێک دەبێ کە زیاتر له دە ساڵ جارجار شەڕ و هەندێجاریش ئاشتیی و گەمارۆ و دانوستاندن بێ!؟
(٣)
تێبەردانی درۆنەکانی ئۆکرانیا بۆ گیانی کەشتییەکانی ڕوسیا-ئێران لە دەریای قەزوین و، پاڵپشتی بەریتانیا بۆ ئەمریکا لە دژی ئێران، نیشانەی ئەوەیە: ئەوروپاش مەیلێکی هەیە کە بێتە ناو ستراتیژەکەی ئەمریکا لە دژی ئێران!
بەواتایەکی تر؛ لەگەڵ ئەوەی بەریتانیا سەرۆک وەزیرانی خۆی گۆڕی، دەکرێ بۆی سەلمابێت کە ئەمریکا ستراتیژەکەی بەرانبەر بە ئێران هەر جێبەجێ دەکات، بۆیە بۆ ئەوەی بێ پشک نەبێ؛ ئەویش هاتە ناوییەوە!
(٤)
بەپێچەوانەی هەر هەمو کورد کە پێکنەهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم بە زەرەری پارتیی دەزانن، من پێموایە: بە قازانجی مەسرور و تەنانەت قوبادیشە، چونکە ئەوە زیاتر لە حەوت ساڵە مەسرور سەرۆک وەزیرانە (لە ١٠ ی ٧ ی ٢٠١٩) ەوە تاوەکو ئێستا.
واتە: مەسرور توانی نزیکەی دو خول بە سەرۆک وەزیریی بمێنێتەوەو تەنیا بە یەک خول بۆی حساب بکرێ. ئەمەش زەمینەخۆشکەر دەبێ کە دوای ئەوەی خولێکی تردەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران، ئینجا ئارینی کوڕی بۆ شوێنی خۆی کاندید بکات.
بەڵام ئەگەر یەکێتیی و هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان ستراتیژبین ببونایە، کاتێ ئەم خولە چوار ساڵی خۆی تەواو کرد، لەگەڵ پارتیی کابینەی نوێیان پێکدەهێنا. ئەوە دەبوە هۆی ئەوەی ساڵی داهاتو مەسرور خولی دووەمی سەرۆک وەزیرانییەکەشی تەواو دەکرد!
واتە: [وەک کات!] هەتا مەسرور لە سەرۆک وەزیرانیی بمێنێتەوە، ماوەی یاسایی بێ یان ماوە بەسەرچو؛ هەر بە قازانجی مەسرور-ئارین و تەنانەت قوبادیشەو، بە زەرەری نێچیر-ئیدریسی کوڕی-بافڵ-شانازه.
ئەڵبەتە، بافڵ و قوباد پێکەوە زۆر توند دژی مەسرورن. بەڵام قوباد وا خۆی پیشان نادات!!! قوباد پێشی خۆشە هەتا ماوە هەر بە جێگر سەرۆک وەزیری بمێنێتەوە. بەڵام وەک وترا؛ زۆر دژی مەسرورە!! ڕقی قوباد لە مەسرور پەیوەندی بە (چۆنێتیی!!) حوکمڕانیکردنەوە نییە، بەڵکو چەند هۆکارێک (کە مێژوییشیان تێدایە) لە پشت ڕقی تاڵەبانییەکان و ئیبراهیم ئەحمەدییەکان بۆ دژایەتیی مەسعود-مەسرور هەیە!
واتە: هەمیشە دەبێت کورد [بەگشتیی] باجی ڕقی خوێنینی ئەم بنەماڵانە لە دژی یەکتر بدات!
(٥)
بە نزیکەی بیست ساڵ پێش ئێستا بە بابەت دەمنوسی: "نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال" بۆ کەرکوک. ئەوکات نوسەرانی پارتیی و یەکێتیی پێم پێدەکەنین و، مەسعود و نەوشیروانیش پشتیوانی مام جەلالیان دەکرد!
کەچی تازە بەتازە نوسەرانی پارتیی و یەکێتیی باسی عەرەباندنی هەرێم دەکەن!! هەندێ دۆستیش پرسیار دەکەن دەڵێن: بۆچونت لەسەر زۆربونی ڕێژەی عەرەب لە هەرێم چۆنە!؟
بەڕێزان، سەرکردەو نوسەرەکانی کورد: کورتبینن.
مەگەر ئەو کات بە منتان نەدەوت: تۆ ڕەگەزپەرستیت؟!
لەکاتێکا، من نەتەوەخواز و نیشتیمانپەروەرم، نەک ڕەگەزپەرست!
کورد ڕەگەزپەرستی نییە. ڕەگەزپەرست کەسێکی ستەمکار و زاڵمە، بڕوای بەوەیە: نیشتیمانی نەتەوەکانی تر داگیربکات و نەتەوەکان لەسەر خاکی خۆیان پاکتاو بکات!
بەڵام، کەسێک کە بڕوای بە ڕەمیکردنی هەر هەمو ڕەگەزی داگیرکەران لەسەر نیشتیمانەکەی خۆی هەبێت، ئەوە کەسێکی کەرامەتدار و نیشتیمانپەروەر و حەقخوازە!
کورد کە کورتبینە؛ تا دەردەکە لێیان نەدا؛ حسابت بۆ ناکەن!
بۆ نمونە: پاش چەندساڵێکی تر کە ئێران ڕوخاو کورد دۆخەکەی نەقۆستەوه، ئیتر نامەوێ بگەڕێمەوە بۆ خوێندنەوە ستراتیژییەکانی پێشوترم کە بڵێم: لە دەیان بابەتم تێفکرینم وابوە ڕژێمی ئێران دەڕوخێ و دەبێ هێزەکانیان ئەوەو ئەوە بکەن! کە حسابیان بۆ بیرۆکەو تێفکرینەکانت لە کاتی خۆیدا نەکرد و دواتر پێستەکە گورگ بردی و خواردی؛ ئیتر بێسودە!