لە ئێستادا کێ بڕیاربەدەستە لە ئێران!؟

شه‌ریف عەلی
  2026-07-30     125

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

 

پرسیار کراوە: دکتۆر کەس هێندەی تۆ لەم پرسەدا ورد نییە، به بۆچونی تۆ کێ لە ئێران بڕیار دەدات و ئێران بەڕێوەدەبات؛ موجتەبا، یان؛ پزیشکیان!؟

وەڵام:

بەڕێزان: تێفکرینی هیچ کەسێک، بە هی منیشەوە؛ بە سەد و سفر وەرمەگرن، چونکە دەگونجێ هەڵسەنگاندنی من و هەر توێژەرێکی تر دروستیی و نادروستیی تێدابێت. بۆیە هەمیشە بە [بیرکردنەوەی ڕەخنەیی] تێفکرینەکانی من و هەر بەڕێزێکی تر هەڵسەنگێنن!

سەبارەت بە پرسیارەکەتان، بە تێفکرینی من: لە ئێستادا نە موجتەباو، نە پزیشکیان، ئێران بەڕێوە نابەن! 

واتە: لەم ڕوەوە بۆچونی من پێچەوانەی میدیاکان و لێکۆڵەرانی کورد و ناکوردە. 

بەڵکو پێموایە: لە ئێستادا گروپێکی دیاریکراو لە جەنەراڵەکانی سوپای پاسداران هەمو بڕیارەکان لە ئێران دەدەن.

ئەو گروپە:

١-بڕیاری هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دەدەن!

٢-بڕیاری چۆنیەتی دانوستاندن و کاتکوشتن بەسەر قالیباف و عێراقچی دەسەپێنن!

٣-بڕیاری چونیەتی حوکمڕانی بەسەر پزیشکیان دەسەپێنن!

٤-بڕیاری قاچاخچێتی نەوت و گاز و ماددەی هۆشبەر دەدەن!

٥-بڕیاری کڕینی موشەکی ئاسمانیی و سیستەمی دژە موشەکیشیان لەگەڵ چین داوە بە بڕی حەفتا ملیۆن دۆلار!

واتە: مەرج نییە پزیشکیان و هەندێکی تر لەگەڵ موشەکبارانی وڵاتانی دراوسێ بن. بەڵام فەرمان و بڕیار تەنیا لای ئەو گروپە دیاریکراوەی جەنەراڵەکانی سوپای پاسدارانە.

ئەو گروپه، تەنیا لە ئیسرائیل دەترسن؛ چونکە دەزانن گەر ئیسرائیل هێرش بکاتەسەر ئێران، ڕاستەوخۆ بەدوای ئەو جەنەراڵانەی پاسدارانەوە دەبێ کە دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستن. بۆیە، ئەم جارە ترسان و هێرشیان نەکردەسەر ئیسرائیل. لەکاتێک دا ئیسرائیل کاتزی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە هەڵدەستن بۆ هێرشکردنەسەر ئێران". لە بەرانبەریش دا؛ ئێران ناوێرێت [بەکردەوە!] بچوکترین کاردانەوە دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدات. ئیتر ئەو بەڕێزانەی لە سیاسەت و تاکتیک و ستراتیژ تێدەگەن دەزانن کە ڕژێمی ئێران چەندێک لەکردەوەدالە چاو چوار مانگ پێش ئێستا پاشەکشەی کردوە!

ڕژێمی ئێران هەمیشە لەسەر پێ بوە، بۆ ڕەشەکوژکردنی کۆڵبەرانی کورد، ژنانێک پەرچەمیان بەدەرەوە بوە، عەرەب و بەلوجە سونییەکانی ئەهواز و بەلوجستان، بەردەوام بۆمبارانی ژن و مناڵانی پەنابەری کوردی خۆرهەڵات!! کەچی لەکردەوەدا کەوتۆتەسەر چۆک بۆ ئیسرائیلێک کە لەوێوە هێرش دەکرێتەسەر ئێران و، وەک تەحەداش به بەرچاوی هەمو جیهانەوە بە فەرمییش کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕاشیدەگەیەنن!!

ئەوە ئەو ڕژێمی ئێرانەیه کەسانێک دەڵێن: "زلهێزترینی خۆرهەڵاتیی ناوەڕاستەو، گوایە؛ بە زلهێزترینیش دەمێنێتەوە!". کەچی موجتەبا و ئەم گروپە لە جەنەراڵەکانی پاسداران لە ژێر زەمینیش دا ناتوانن خۆیان دەربخەن!

ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیسرائیل دەوڵەت بۆ کورد دروست دەکات. بەڵکو بەو واتایەیە: ڕژێمی ئێران و باقی داگیرکەرانی کوردستان ترسنۆکانە تەنیا بۆ ڕەشەکوژکردنی کورد، بەتایبەت کۆڵبەرانی کورد، لەسەر پێن، نەک بۆ ئیسرائیل کە سەرکردەکانی ئێران لە ناو تاران دەکاتە ئامانج!

وەڵامی ئەو پرسیارەم کەمێک بە جیاواز زانی، بۆیە وەک کورتە-بابەتێک بڵاومکردەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×