دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانی
سەرەتا: ئەم چەند سەرەقەڵەمەم وەک وەڵامێکی کورت و زۆر خێرا نوسی، چونکە پاش ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی هەفتەی پێشو کە لەگەڵ (ئیرادە) ئەنجامم داوە، چەندان نامەو تەلەفونم بۆ هاتوە گوایە خەڵکانیک وتویانە: "شەریف دەستی داگیرکەری لە پشتەو سەرکردەکانی کورد لەکەدار دەکات!".
خوا ئاگادارە: من ئەو جۆرە قسانە بە هیچ ئەزانم. بەڵام ڕێز لەو دۆستانە دەگرم کە پەیوەندییان پێوە کردوم و، وەڵا خۆم لە هەر هەمو کورد بە ناسیۆنالیستتر دەزانم. بەڵام، مەسەلەی زانست و مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامەکان؛ دەبێت ڕاستگۆیی خۆت بپارێزیت. ئەڵبەتە؛ هەم شێخ مەحمود و، هەمیش هەر سەرکردەیەکی تری کورد، لایەنی ئەرێنیی و نەرێنییان هەیە.
دوو نامە لە شێخ مەحمودەوە بۆ بەریتانیا!
نامەی یەکەم ڕۆژی ٤ ی ٨ ی ١٩٤١، نوسراوه.
نامەی دووەمی شێخ بەرواری ١٧ ی ١١ ی ١٩٤٢، نوسراوە.
شێخ مەحمود لە نامەی یەکەم دا دەڵێت: ملکەچی هەمو فەرمانێکی ئێوەی بەڕێز (ئینگلیز) و حکومەتی عێراقم و، ئامادەم هەمو مەرجێکتان قبوڵ بکەم. نوری چاوم (لەتیفی کوڕم) بۆ مەسەلەیەک دەنێرمە لاتان.
لە ڕۆژی ١٧ ی ١١ ی ١٩٤٢ کۆلۆنێل لیۆن نامەیەک ئاڕاستەی شێخ مەحمود دەکات.
کۆلۆنێل لیۆن لە نامەکەدا بۆ شێخی ڕون دەکاتەوە کە شێخ لەتیفی دیوەو، بەداخبوە کە بیستویەتی شێخ مەحمود لەگەڵ حەمە ئاغادا ناکۆکی لەسەر زەوی، هەیە. کۆلۆنێل لیۆن ئامۆژگاری شێخی کردوە کە ئەو مەسەلەیە بە دەسەڵاتی کارگێڕی بسپێرێت.
هەروەها کۆلۆنێل لیۆن بۆ شێخ مەحمودی ڕونکردۆتەوە: سەبارەت بەوەش کە حەمە ئاغا دەستی بەسەر توتنی قازان دا گرتوە. موتەسەریف ڕەزامەندی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی دادوەری کە لەلایەن تۆ و حەمە ئاغاوە دیاری بکرێن، لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی دادوەرانە بە پێی یاسا پەیڕەوکراوەکانی موڵکایەتیی.
دواتر، شێخ مەحمود نامەیەکی تر ئاڕاستەی ئینگلیزەکان دەکات و دەڵێت: سەبارەت بە مەسەلەی کانی بەردینە، تکایە وا مامەڵەی لەگەڵ دا بکەن کە خێری من و ئێوەشی تێدا بێت!
وا دیارە سەرکردەکانی کورد ویستویانە ئینگلیزەکانیش فێری ڕەشوەو سەرانە وەرگرتن، بکەن!
کۆمێنتی بەشی سیاسیی باڵوێزخانەی بەریتانیا لەسەر نامەکانی شێخ مەحمود و وەڵامەکەی کۆلۆنێل لیۆن:
ئەمە دەرفەتێکی باشە. چونکە شێخ مەحمود کە ناسراوترین سەرکردەی کوردە، دەکرێت ئەم گرفتانەی بە شێوازی فیوداڵانە (دەرەبەگانە) و ماددی بۆ چارەسەر بکرێت. بەوەش پرسی کورد لە پرسێکی نەتەوەییەوە کورت دەکرێتەوە بۆ پرسێکی فیوداڵیی. چونکە کپکردنەوەی شێخ مەحمود کاریگەری لەسەر یاخی بونی کوردەکان دەبێت. بەڵام باشترە هەر بە پێی یاساکان مامەڵە لەگەڵ پرسی موڵکایەتیی دا بکرێت. بەتایبەت لە ئێستادا کە یاخی بونی کوردەکان، کپ بوەتەوە.
تکایە هەر کەس و میدیایەک بڵاویان دەکاتەوە ناوی سەرچاوەکە بنوسێت. هەروەها، ئەم فایلە چەندین لاپەڕەیە، ئەمە تەنیا سێ لاپەڕەیانە. شکاتی بابەکر ئاغای پشدەریشم لایە لە شێخ مەحمود.
هاوپێچ: بەڵگەنامەکان بە ژمارە فایلەکانیانەوە بە ناسنامەی ئەرشیفی نەتەوەیی بەریتانیی خۆشمەوە کە لەسەر بەڵگەنامەکان دامناوە!


