ئایا بەغدا پشتیوانی لە دابەشبونی هەرێم دەکات؟

شه‌ریف عەلی
  2026-11-14   

هەندێک لە دۆستان پرسیاریان ناردوە، بەخێرایی وەڵامیان دەدەمەوە.

چەندین هاوڕێ پرسیاریان لە بارەی ئەم دۆخەی باشوری کوردستان لێکردوم، بەتایبەت؛ ئایا حکومەتی عێراق پشتیوانی لە دابەشبونی هەرێم دەکات؟

وەڵام، کاتێک دەڵێین: "بەغدا!" یان "حکومەتی عێراق"، گەر لە حوکمڕانیی دا؛ سونەی عەرەب بن، یان شیعە، هەر دەبێت بە یەک پێوانی هاوسەنگ وەک "گروپێکی فاشیست" دژ بە نەتەوەی کورد بیانچەسپێنین. چۆن و بۆچی، ئەوە چەند هۆکارێکی هەیە!

بەڕێزان، پرسەکە پەیوەندی بەوەوە نییە گوایە بەهۆی ئەوەی حکومەتی بەغداد دژی بەهەرێمکردنی "بەسرە و ڕومادی" بوە، ئیتر دژی بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجەشه!

چونکە لە بنەڕەت دا، ختوکەدانی نەوشیروان مستەفاو هێنانەباسی بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە کە لە سەرەتادا لەلایەن کوردە ئیخوانییەکانی سەر بە ئیتلاعات-میتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بو، هەر ڕژێمی ئێران-عێراقیی لەپشت بو! 

ئامانجی ئێران-بەغدا لە دەفعکردنی یەکێتیی-نەوەی نوێ بۆ داواکردنی بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە، تەنیا بۆ ئەم دێڕەیە: "ئێران-بەغدا دەیانەوێت هەمیشە یەکێتیی بکەن بەگژ پارتیی بۆ ئەوەی لە ئاستی جیهان حەیای پرسی کورد ببەن".

واتە: وەڵامی ئەو پرسیارە کە لە منتان کردوە، پێشتر لەلایەن هەر هەمو نوسەر و مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوە سیاسییەکانی کوردەوە بە هەڵە بۆ نەتەوەکەمان لێکدراوەتەوە، چونکە بەشێکیان دەڵێن: "بەڵێ، ئێران-بەغدا لەگەڵ بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە دایە". بەشەکەی تریش ئەڵێن: "نەخێر، لەگەڵیی دا نییە چونکە پێشتر بەغدا دژی بەهەرێمکردنی بەسرەو ڕومادی بوە". بەڵام هەمو نوسەر و مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوە سیاسییەکانی کورد لەو دو بۆچونەدا هەڵەیان کردوە، چونکە وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێ و نەخێر نییە! چونکە ئەگەر بەڵێ و نەخێر بوایە، ئێران هانی یەکێتیی-نەوەی نوێی نەدەدا کە داوای بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە بکەن و، لەولاشەوە بەغدا دژی داواکەیان بێت.

بەڵکو ئامانجی ئێران-بەغدا لە دنەدانی یەکێتیی-نەوەی نوێ بۆ داواکردنی بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە، تەنیا بۆ ئەم دێڕەیە کە خرایەڕو: "ئێران-بەغدا دەیانەوێت هەمیشە کات بە کورد بکوژن و بەردەوام یەکێتیی بکەن بەگژ پارتیی بۆ ئەوەی لە ئاستی جیهان حەیای دۆزی کورد ببەن، بۆیەشە دو ساڵە ناهێڵن پەرلەمانە کارتۆنییەکە بکرێتەوە".

ئەڵبەتە لێرەدا دو پرسی زۆر گرنگ هەیە:

 یەکەم: ئەگەر مام جەلال دژی بە هەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە بوە، ئێستا چۆن بافڵ لەگەڵ بەهەرێمکردنیی دایە، کەواتە دەگونجێ مام جەلال و نەوشیروان لە ژێرەوە پیلانێکیان هەبوبێ! یاخود ئەوەیە: بافڵ بیەوێت لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردندا خەڵکی زۆنەکە فریو بدات و بڵێت: "ئەوەتا شەڕتان بۆ ئەکەم کە هەمو شتێک، بە کارەباو نەوت و بەنزینەوە؛ بۆتان هەرزان بکەم". بەڵام، مرۆڤە هوشیارەکان دەزانن ململانێی قەبیلەی یەکێتیی و قەبیلەی پارتیی لەسەر چاوبرسێتیی و پۆستەکانەو، لە قۆناغی تموحی دەرەبەگایەتییدان، نەک لە قۆناغی حوکمڕانیکردنی تەکنۆکراتانەو ناسیۆنالیستانە!

دووەم: پرسی بەهەرێمکردنی سلێمانیی-هەڵەبجە بەبێ ئۆکەی لەلایەن دەزگای سی-ئای-ئەی و مۆساد جێبەجێ ناکرێ. کەوایە؛ پەیوەستیشە بە ستراتیژی ئەمریکا دژی ئێرانەوە. پێشتر سەدجار شیمکردۆتەوە، ستراتیژی ئەمریکا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە. ئەمریکییەکان خۆیان داڕێژەری ئەو ستراتیژەن و دەزانن چەندێک [کات: ساڵ]یان بۆ جێبەجێکردنی دیاریکردوە. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژە (کە ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێرانە) لە ڕوی کاتەوە کەمی مابێت؛ ئەوا دەگونجێ نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕویەکەوە سودی بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل هەبێت ((کە بەداخەوە نامەوێت جارێ باسیان بکەم!!)). 

خۆ ئەگەر ستراتیژەکەی ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران لە ڕوی کاتەوە زۆری مابێت؛ ئەوا مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕویەکەوە سودی بۆ ئەمریکا-ئیسرائیل دەبێت. وەک سەدجار شیمکردۆتەوە: ستراتیژی ئەمریکا هێنانەسەرکاری سێ دەوڵەتی ناوەندی بەهێزە لە سوریا-عێراق-ئێران کە ببنە هاوپەیمانی دورمەودای ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە خۆرهەڵاتیی ناوەڕاست دا، واتە: تەنیا پەیوەست نییە بە یەک مرۆڤەوە کە "تۆم باراک"، بەڵکو ستراتیژه!! بەداخەوە، هێزەکانی کورد، بەتایبەت هەمو ئەوانەی باشور؛ لە حوکمڕانییەکی تەندروست دا شکستیان هێناوە، ئەمریکاش سیی و پێنج ساڵە پشتیوانیانەو ماندوبوە بەدەستیانەوە.

 

هاوڕێیەک پرسیویەتی: دکتۆر نامەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ شێخ مەحمود لە ساڵی ١٩١٩ دەڵێن تۆ بڵاوت کردۆتەوە، زەحمەت نەبێت بۆمان بنێرە بۆ توێژینەوەی دکتۆرامە.

وەڵام: برای بەڕێزم، من لە ٢٠٠٣ وە بابەت دەنوسم لە ئاوێنەو هاوڵاتیی پێشو و زۆر بڵاوکراوەی تر. ئەوەی تۆ دەیڵێیت، دوجار لە وێبسایتی ئاوێنە بڵاومکردۆتەوە لە ٢٠١٩ و لە ٢٠٢٠ یش. بەداخەوە، وێبسایتەکان کە ساڵانە ئەبدەیت دەکەنەوە، هەندێجار لینکی بابەتەکانی ڕابردویان دەسڕنەوە. بەسەرچاو، لە مەجالێکدا، هەمان شت کە لە ئاوێنە پێشتر دوجار بڵاومکردۆتەوە، بۆت دادەنێمەوە.

 

هاوڕێیەک پرسیویەتی: دکتۆر بۆچونت چییە لە بارەی قسەکانی مەحمود عوسمان سەبارەت بە تیرۆرکردنی قاسملو، کەم کەس هەیە لە ڕوی زانستییەوە وەک تۆ ورد و بێلایەن بێت؛ ئایا مام جەلال دەستی لە تیرۆرکردنی قاسملو هەبو، وەک دکتۆر مەحمود عوسمان وتی: بۆچی قاسملو زۆر بەئاسانیی کەوتە داوەوە؟.

وەڵام: برای بەڕێزم، وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانت دەتوانیت لەم کتێبانەم چنگ بخەیت، کە من لە کتێبی: "موجاهیدینی خەلق و هەڵوێستی بەرانبەر نەتەوەی کورد" کە لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپ و بڵاومکردەوەو، لە ماوەی یەک مانگ دا لە کتێبخانەکان نەماو، لە کتێبی: "ڕامانێک لە تراژیدیای براکان، بەرگی یەکەم" کە لە ٢٠١٠ چاپ و بڵاومکردۆتەوە، کەمێک باسی لێوەکراوە.

دکتۆر مەحمود قسەکانی ڕاستی تێدابو، بەڵام یەک دێڕی هەڵەبو کە وتی: "قاسملو زۆر بەئاسانیی کەوتە داوەوە". ئەو دێڕەی دژ بو بەوەی کە ئەو وتیی: "قاسملو؛ زیرەکترین ڕابەری کورد بو" و هەمو کەسێکیش دەیزانێت.

ئەگەر بۆم کرا، لە بابەتێکی تایبەت دا، هۆکارەکانیت بۆ شیدەکەمەوە، دکتۆر قاسملو بە [پرۆسێس]ێکی زۆر ورد و بەهۆی چەندین هۆکارەوە خراوە داوەوە. مام جەلال ڕۆڵی هەبو لەوەی قەناعەت بە دکتۆر قاسملو بکات کە ئێرانییەکان ئامادەی گفتوگۆن و ڕەفسەنجانیی دەیەوێت باڵێکی ڕیفۆمخواز لە ناو کۆماری ئیسلامیی دروست بکات کە دەلاقەیەک بەلای پرسی کورد دا بکەنەوە. قاسملوش زۆر متمانەی به مام جەلال و نەوشیروان بو. ئایا ئێرانییەکان بۆ تیرۆری قاسملو؛ فێڵیان لە مام جەلال و نەوشیروان کرد، یان سودیان لە متمانەی قاسملو بە مام جەلال وەرگرت؟ گەر مەجالم هەبو لە بابەتێک دا هەندێ وردێتیی بەڵگەنامەیی هەیە بۆت شیدەکەمەوە کە هیچ یەک لە سەرکردەو نوسەر و مامۆستاکانی زانکۆ لەو بارەیەوە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان دا، نایزانن.

 

دۆستێک پرسیویەتی: دکتۆر قسەکانی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانیی لەوانەی دوێنیی بافڵ تاڵەبانیی جیاوازبون، بۆچی دەگێڕیتەوە!؟

وەڵام: برای بەڕێزم، یەکێتیی بەپێی [چرکە] سیاسەت دەکات. قوباد بۆیە نەرمتر بو چونکە لە ئەمریکاو ئیسرائیل دەترسن. هەندێجاریش بۆ چاوبەستکردن و ڕۆڵ جیایی؛ قسەکانی قوباد نەرمە بەرانبەر ئەمریکاو، ئەوانەی بافڵیش نەرمە بەرانبەر ئێران و میلیشیاکان. هەروەها، دوێنێ شەو بافڵ و شاسوار لە بەغدا سەرکردەکانی عێراقیان دی. ئێستا ئیتر بۆیان سەلماوە کە ئایا ئێران-بەغدا کاتیان پێدەکوژێ بۆ ئەوەی بیانکات بەگژ پارتیی و ، بە پارتیی و یەکێتییەوە زیاتر حەیای پرسی کورد ببەن، یاخود؛ نەخێر، ئێران هەرێمەکەیان بۆ دروست دەکات؟ 

خۆ ئەگەر ئێران لەگەڵیان ڕاستگۆ بێت؛ سەرکردەکانی شیعەی عێراق ملکەچی فەرمانەکەی ئێران دەبن. بەڵام وەک پێشتر شیمکردەوە، ئامانجی ئیران-بەغداد بەڵێ و نەخێر نییە بۆ دروستکردنی هەرێم، بەڵکو "ئێران-بەغدا دەیانەوێت هەمیشە کات بە کورد بکوژن و، بەردەوام یەکێتیی بکەن بەگژ پارتیی بۆ ئەوەی لە ئاستی جیهان حەیای دۆزی کورد ببەن، بۆیەشە دو ساڵە ناهێڵن پەرلەمانە کارتۆنییەکە بکرێتەوە". لالۆ؛ نانی حەرام لای پەرلەمانتێرەکان و میدیاکارانی کەناڵە نەوتاوییەکانە، غەب غەبەیان داکەوتوە بە ئۆتۆمبێلی ئاخیر مۆدێل و موچەی قەبەوە. ئایا جاشەکان هێندەی دەروێشایەتیی و موچەی قەبەی پەرلەمانتێرەکان زەرەریان لە کورد داوە؟

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قوباد تاڵه‌بانی: با كاك مه‌سعود برا گه‌وره‌یی خۆی بسه‌لمێنێت و بێته‌ ده‌باشان و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات
حه‌وت مه‌رجه‌كه‌ی به‌غدا بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2027
خانه‌واده‌كه‌ی: هاوخه‌می به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ كۆچی مام عوسمان نیشانی دا كه‌ كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌
تره‌مپ: تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كۆشكی سپی جێده‌هێڵم، رژێمی ئێران مابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ شكسته‌ بۆ من
سەرۆکی موساد لە واشنتۆن، "فشارکردن لەترەمپ بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران"
هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە
بەهۆی گومانی دزەکردنی سێ خۆکوژی داعش؛ ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک داخرا و پردێ خرایە ژێر گەمارۆی ئەمنییەوە
قوباد تاڵه‌بانی: ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رویدا شه‌رمه‌زاری بو
ڕوونکردنەوەیەک لە دانە غاز لەبارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
ليژنه‌ باڵاكه‌ی زه‌یدی گه‌یشته‌ جورف سه‌خر بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×