رێ کردن تا دوا وێستگە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-01-13   

(1)

پرسیاری نوێ 

لە جیاتی وشەو دەربڕنێکی جوان، بە سەتان وێنەی جۆراوجۆر لە هزرو خەیاڵماندا وێنای جیهان و جوانی و ناشرینیەکانی دەکەین و بێدەنگی لە ئاست چەوتی و ناشرینیەکاندا هەڵدەبژێرین و خۆلیای جوانیە مەحاڵ و دوورەدەستەکانەوە دەبین.

 

ئێمە دەمانەویست هەر لێرەوە، لەم سەکۆیەوە، ئالەم وێستگە هەستیارو ستراتیژیەوە، دونیایەکی جوان و بێ خەوش و شارستانیەتێکی ناوازە و کولتورو تێگەیشتنێکی نوێ دروست بکەین و بۆ نەوەکانی داهاتوو بە میرات بە جێی بهێڵین.

 

ئێمە لە گۆشەنیگای باوەڕی بەهێزمان بە وێناکردنی دونیایەکی بێ خەوشەوە ئارەزوویەکی قووڵ و گەورەمان هەبوو بە یەقین وەک پاڵپشتیکاری گەیشتن بە حەقیقەت و ماهیەتی خەونەکانمانەوە.

 

ئێمەی پێشەنگانی مەعریفە و سەری رم و کاروانچیانی رەوتی مێژووی ئەوسا، دەمانەویست لە رێگەی وێناکردنێکی ئێستاتیکی و رازاوەوی پڕلە ئاراستەو رەنگی هەمەجۆرەوە، سنوورەکانی خەون و خەیاڵ و فانتازیاو ئەفسانە ببڕین و جیهانێک بەرهەڤ بکەین، شوێنی هەموومانی تێدا ببایەوە.

 

ئێمە دەمانەویست سەرباری قووڵایی زەریاکان و پانتای بەرینی زەویەکان و بەرزی کێوەکان و  مەترسی هەڵدێرەکان و بەرزی ئاسمان و دووری ئەستێرەکان و ساردوسری شەوانی زستانەکان و تاریکی شەوەکان، روناکی بەرهەم بێنین و دونیایەکی نمونەیی دروست بکەین. 

 

ئێمەی گەریدەکانی نێو رووداوەکانی مێژوو دەمانەویست قسەیەک بکەین دەربارەی چۆنیەتی پەیوەست بوون بە نیشتیمان، گێڕانەوەی ئینتیما بۆ نەتەوەو خاکو جوغرافیا و شکۆی نەژادی کورد. نەک هەر هەر جوغرافیای سیاسی، نەک هەر نیشتیمانی یەک بەشی داگیرکراو، بەڵکو گەڵاڵەکردنی گرێبەستێکی نوێ بۆ دووبارە پەیوەست کردنەوەی رۆح بە نیشتیمانی گەورە و پرسیاری نوێ دەربارەی پرسی نەتەوەو ئازادی و سەربەخۆییەوە. 

 

(2)

ترسی هەژمونگەرا 

لە ئاوارەییدا هەمیشە ترسێکی هەژمونگەرا، رازێک، نهێنیەک، بۆشاییەک  و دیاردەو هەستێکی غەریب و  نەستێکی شاراوە لە ناختدا چەکەرە دەکات. 

 

جاری واهەیە ئەو ترسە شاراوەیە پانتای خەیاڵت دەتەنێتەوە بۆ ئەوەی پەی بە هۆکاری پاڵنەری ئەو ترسەوە ببەی. 

 

رەگەزە جەوهەریە پێکهێنەرەکانی فەزای ئەم ترسە خۆیان لە ترسەکە قێزەوەنتر و گەورەتر و ترسناکترن. 

تۆ ناتەوێ زۆر هزرەکانت دابەستە و وابەستەی زنجیرکراوی ئەم ترسەوە بکەیت، بەڵام هیچ پەسارێک و سەرپەنایەک بۆ رزگاربوون و خۆ حەشاردان شک نابەی. 

 

ئەشێت سەرچاوەی ئەم ترسە مەرگێکی لەناکاوو کوت و پڕی یەکێکی نزیکت بێت. رەنگە هەواڵێکی ناخۆش و دڵتەزێنی ئازیزێکی نیشتیمان بێت. 

 

یا لەوانەیە ترس لە سبەییو دوارۆژ و ئەو رووداوانە بێت وەک تەمێکی خەست و قورس،  بەر بە ئاراستەی بیرکردنەوە ئەرێنیەکانت دەگرن و رێگاکانی دەربازبوونت بەرەوروو دادەخەن.  

 

بەڵام لەناو ئەم فەزا داسەپاوەدا، لە رووبەری ئەم کۆنتێکستە ناسرووشتیە نامۆیەدا ، هەمیشە خۆت لە دۆخی ونیدا دەبینیەوە. 

 

لەم دۆخەدا  بەردەوام ماتی و حاڵەتێکی بێدەنگی خورسک ئامادەیی هەیە،  سەرلەبەری ستراکتۆری سایکۆلۆژیا و خانەکانی مێشکت داگیر دەکات و دواجار دەبێ بە بەشێکی دانەبڕاو لە جەستەی فیزیکی و هزرو مەودای جووڵەو کاراکتەری سایکۆلۆژیتەوە. 

 

دابڕان لە هەواڵ و خۆجیاکردنەوەی رۆحی لە نیشتیمان و  بژاردەی ئۆف لاین دادی دەست خستنی ئاسودەیی دەروونی و جێگربوونی هزروخەیاڵ و لغاوکردنی دڵەراوکێت نادات. 

 

لای تۆ دەمێک ساڵە مەعریفەیەکی کۆمەڵایەتی و باوەرێکی بەهێزی تازە لە رێگەی ئەزمون و خوێندن و خوێندنەوە و رەفتارەکانتەوە  گەڵاڵە بووە و رەگوریشەی لە قووڵایی جەستەتدا داکوتاوە و دەست بەردار بوون لێی وەک رووخاندنی کێوێک و گواستنەوەی ئاواییەک و پێوانی ئاوی دەریایە بە پەرداخێکەوە. 

 

ترس هەستێکی بونیادیە،  دێوەزمەیەکە نە دەتوانی لە ئەنجامی پرۆسەیەکەوە خۆتی لێ جیاکەیتەوە نە توانای وێناکردنێکت هەیە لە رێگەی پشکنین و دیراسەو وردبوونەوەوە لە نهێنیەکەیەوە تێ بگەی و بگەی بە بنج و بنەوانی هۆکارەکەیەوە. 

 

لەم دۆخەدا ناچاری پەنا بۆ مێتۆدێک و فەلسەفەو باوەرێکی تازەی سەلمێنراو ببەی،  یارمەتی رێ کردنێکی ئیجباریت پێ بدات،  ژیان بە نیوەچڵی جێ نەهێڵی و تادوا وێستگە لە شەمدندەفەری شڕوشەپڕێوی چارەنووس دانەبەزی و کۆڵ نەدەی و خۆت رادەستی چارەنووسی نادیارو نارۆشنەوە نەکەی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×