گردەکە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-09-06   

دوێنێ منیش لە گردەکە بووم. 

دەمێک بوو بڕیارم دابوو سەردانی گردەکە بکەم و لە نزیکەوە جارێکیتر بە یادەوەریە کۆنەکانمەوە شاد ببمەوە.  بەڵام بە هۆی سەرقاڵ بوونمەوە بە کۆمەڵێک ئیش و کاری تایبەت بە خۆم و بە جێ گەیاندنی چەند ئەرکێکی ئاسایی و رۆتێنی ڕۆژانە و چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی پەیوەست بە شارەوانیەوە، دەرفەتی سەردانی کردنی گردەکەم بۆ نەرەخسابوو. سەرەنجام دوێنێ ئەو دەرفەتەم بۆ رەخسا و منیش لە گردەکە بووم، بەڵام نەک بۆ کۆبوونەوە.

 

دواجار کە سەردانیم کرد ساڵی پار دەمەو پاییزێکی باراناوی بوو. نمەبارانێکی پاییزی لەگەڵ شنەبای فێنکی بەرزاییەکە و بۆنی باران و خاک و خۆڵی شێ دار و گوڵوگوڵزارو سەوزایی و دەنگی بەرکەوتنی دەنکە بارانەکان و گەڵای دارودرەختە سەرسەوز و باڵا بەرزو چڕەکان، هەستێکی نایاب و دوور لە دڕدۆنگی و دڵە راوکێ و جەنجاڵی پێ بەخشیم و لە ژاوەژاوی شاریش بۆ تاوێکی باش دوور کەوتمەوە.

 

بەداخەوە ئەمجارەیان لەکاتی چوونم بۆ گردەکە هیچ کەس نەهاتە پێشوازی کردنمەوەو کەسیش فەرشی شین وسوری و گوڵ گوڵی بۆ رانەخستم و چەپکە گوڵی خۆشەویستی پێشکەش نەکردم و دەرزەنێک رۆژنامەنووسی ئەملاو ئەولا بەرۆکیان بۆ لێدوانێکی سەرپێی و رووکەشانەی سیاسی و هیوابەخشەوە نەگرتم. 

 

 وادیار بوو گردنشینان و  کارمەندان و پاسەوانانی گردەکە، بەهۆی ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارەتیەکانی ڕۆژانەییانەوە، ئەورۆژە نەیانتوانیبوو لە بیناکە دەرکەون و بێنە پێشوازیمەوە!!! هەڵبەتە کۆمەڵێک میوانی بیانیش بە چەند پاسێکی گەشتوگوزارەوە لەو ناوە بڵاوەیان کردبوو و سەرقاڵی ورد بوونەوەو گوێ گرتن بوون لە ئاخاوتنەکانی یەکێک لە رێپیشاندەران گ و پرسیارکردن لە مێژووی دروست بوونی گردەکە.

 

گردەکە شوێنێکی تا بڵیی دڵرفێن و جوان و ئارام و خۆش وبێدەنگە و پڕەلە دارودرەختی چڕوپر و زیاتر لە تەپۆڵکە دەچی تا گردو بەرزایی. دوورلە قەرەباڵغی شار و ترافیک و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و دەنگی موەلیدە و پاسەکانی ناوشارەوە، هەمیشە ئەو دەرفەتەت هەیە تاوێک لەوێ پشوو بە مێشک و هزر و جەستەتەوە بدەی و ماوەیەک لە خەم و نیگەرانیەکانی ژیان دوورکەویەوە و خەیاڵی پەرش وبڵاوت بۆ ساتێکی خۆش کۆ کەیتەوەو لە زەمەن و زەمان و ئاڵنگاری و هەواڵە پڕ لە نیگەرانیەکان و رووداوو فشار و خەمە کەمەرشکێنەکانی ژیان دابڕێی.

 

لە گردەکەوە فڕۆکەخانەی و گۆڕەپانی فڕینگەی فڕۆکەو شارو هەڵسان و نیشتنەوەی فرۆکەکانتەوە لێ دیارە. دارو درەختەکانی سەر گردەکە بە شێوەیەکی زۆر سرنج ڕاکێش و ئەندازەیی و ڕێک چێنراون. نازانم تەمەنیان  چەندە؟بەڵام بە مەزەندە تەمەنی هەرکامیان زیاترە لە چەند دەیەیەکە...رەنگە هەندێکیان سەت ساڵیشیان تێپەڕاندبێ.

 

ئەوەی بۆ جاری یەکەم سەردانی ئەم شوێنەی کردووە، دووەم جار و تەنانەت سێهەم جاریش بۆی هاتۆتەوە.  بەڵام بە زۆری میوانانی بیانی و هۆگرانی مێژوو بۆ ئیلهام وەرگرتن لە ئاسەوار و هەڵکەوتەی جوغرافی و پەی بردن بە نهێنیەکانی ئەم شوێنە و بینینی شوێنەوارە مێژوویەکان و چێژ وەرگرتن لێی، سەردانی دەکەن و هەر جاەەش یەکێکی شارەزا لە مێژوو، کون و کەلەبەرو نهێنیەکانی گردەکەیان پیشان دەدات و بە مێژووی نەنووسراوەی شوێنەکە ئاشنایان دەکات. 

 

لەگردەکە ئاوو کارەبای بیست و چوار کاتژمێری یەکێکە لەو تایبەتمەندیە جوانانەی شوێنەکەی زیاتر سەرەنج راکیش کردووە.  کافەتێریا و چێشتخانە و مۆزەخانەیشی لێ دروست کراوەو هەرکە سەردانی ئەم شوێنە دڵڕفێنەت کرد، هەست بە ئارامی و ئاسودەیی و دڵنەواییەوە دەکەی. 

 

گردەکە سەربە شارەوانی شارەو لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارو ژینگە پارێزیەوە بەرێوە دەبرێت و داهاتێکی واشی بۆ خەزێنەی حکومەت نیە و زیاتر وەک خزمەتگوزاریەکی بەخۆرایی خراوەتە خزمەت هاوڵاتیانەوە تا سەرچاوەیەکی داهات.  

زۆربەی ڕووبەری گردەکە بە گاشەبەردی جۆرواجۆرەوە داپۆشراوە. هەندێکیان بۆرن، نیلین ،ڕەشن، سپین و ژمارەیەکیشیان ڕەنگیان شینێکی کاڵە. 

 

بیناکانی سەر گردەکە بە شێوەیەکی ئەندازەیی  و جوان و مۆدێرن و نایاب و سەرەنج ڕاکیش دروست کراون. دەور تا دەوری گردەکە وەک مەزرەعەی کشتوکاڵی یا کێڵگەی چاندنی سەوزەوات و میوەجات و بەخێو کردنی مەرو ماڵاتی خۆماڵی تێلبەند و سیم کراوە. بەرزیی تێلبەندەکان تەنیا پەنجا سانتیمەترێکە و دیمەنی گردەکەی ناشرین و ترسناک نەکردووە.  بۆ چوونە ژوورەوە چەند دەرگایەکی هەیە، لێ تاقە خاڵی پشکنین و پرسیارو وەڵام و خۆناساندن لەم گردە سادەیە دڵرفێنە نابینی. 

 

ئەم بەرزاییە بۆ هەمووانە....بە خۆراییە...ئاساییە…هێمای یەکسانیە....یاساییە..بێ تارماییە...دەستوریە... سرووشتیە....مێژووییە....هەمیشەییە...و کێشەی موڵکدارێتی و بینەو بەردەی یاسایی و تاپۆو شارەوانی و دامودەزگاکانی سەربە حکومەتی نیە.

 

لە گردەکە مۆزەخانەیەک هەیە تیایدا سەدان کەلوپەلی تایبەت بە ژیانی سەرەتایی مرۆڤی سەردەمانی چاخی بەردینی تیادا نمایش کراوە. چەند ژوورێکی تایبەت کراون بە نمایش کردنی ئێسک و پرۆسکی چوار هەزار ساڵەی ئەو مرۆڤانەی سەردەمانێک وەک پاشا و گەدا و شازادە و ئاغاو دەرەبەگ و بەردەست و جوتیار و پاڵەو مەڕدار و شوان و گاوان، زۆر ئاسایی ژیانیان بەرێ دەکرد و بە شەونخۆنی و رەنج و ماندوو بوونیانەوە ئەمرۆیان بۆ نەوەی ئێستا و ئەم وڵاتە جوانە پڕ لە بەها و هارمۆنیایە بەرهەم هێنا و ئێستاشی لەگەڵدابێ بە باشی ناویان دەهێنرێت و هیچ کەس نەفرەتیان لێ ناکات و شەرمی پێیانەوە نیەو سووکایەتیان پێ ناکات.

 

ئاخر لێرە خەڵکی,  نیشتیمان و خاک و زمان و کەلەپور و دیرۆکی وڵات و باب و باپیرانیان خۆش دەوێ و ویژدان و کەڕامەت و ئینتیمایان بە پارەو سەروەت و سامانی هەموو دونیا ناگۆڕنەوە. 

 

ئەوانەی ئەمرۆیان بە رەنج و ماندووبوون و تێکۆشانی نەبڕاوە و کوێرەوەریەکانیان بۆ ئەم نیشتیمانە و ئەم گەلەوە بونیاد نا، بە چاوی رێزەوە لێیان دەروانرێ نەک بەزەیی پێداهاتنەوە یا پەراوێز خستن و هێشتنەوەیان لە دۆخی بێ چارەیی و ناچاری و ناجۆریدا. 

 

گردەکەی نزیک ماڵەوەمان تەنیا دوو کیلۆمەترێک لێمانەوە دووورە و هاتن و چوون بۆ هەمووانە. ئەم شوێنە هیچ پاشناوێکی تایبەتی و ناوازەی پێ نەلکێندراوەو نەکراوە بە مەزرەعەی تایبەتی گەعدەی شەوانەی کات بەسەربردنی بەرپرسان و هەرچەندە کەوتووەتە پەراوێزی شارەوە، لێ بەشێکی سەرەکیە لە جوانی و ئاوەدانی دیوە رۆژئاواییەکەی شارو دیمەنێکی جوانی بەم بەشە بەخشیوە. 

گردەکە بەشێکە لە شوناسی ئەم بەشەی شارو وەک هێمایەکی جوان دیمەنێکی ناوازەی بە شار بەخشیوە. 

 

 ناوی گردەکە بە زمانی دانیمارکی:

بەرزاییەکانی لیندهۆلم ( Lindholm Heoje)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×