داگیرکاری و ستەمگەری

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-10-16   

داگیرکاری بۆ گەلانی داگیر کراو هەمیشە فاکتەرێکی پاڵنەرە بۆ کۆڵنەدان و خۆڕادەست نەکردن ودرێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و شکۆی نەتەوەیی و سەربەستیدا.

رۆحیەتی بەرەنگار بوونەوەو سەرکز نەکردن لای گەلی داگیرکراو، هەڵگری خواستێکی بەرحەقی ملنەدان ودرێژەدانە بە خۆراگری دهەمبەر هێزە داگیرکار و ستەمگەر و هەژمون و تەوژمەکانیانەوە.

سرووشت و خولیای هێزی داگیرکار خۆپڕچەک کردنە بە ماس مێدیا و دەست بەسەراگرتنی پانتای دونیای راگەیاندن و دەست خستنی مۆدێڕنترین و پێشکەوتووترین چەکی کۆمەڵکوژ و جبەخانە و بۆمباو وێرانکارترین مێتۆدو ستراتیژیەکانی کاولکاری و کوشتن و بڕینەوە.

هێزی داگیرکار هەڵگری پارادایمێکی تووندو زمانێکی زبرو رۆحیەتی خۆبەزلزانین و لە خۆبایی بوونە. لە پاڵ ئەمەشدا فەزاو ژینگەی فکر لای هێزی داگیرکار، فەزایەکی بەرتەسک وتاک رەهەندی و تەنراوە بە دەمارگیری نەژادی و شۆفینیزمی قەومی و ملهوڕیەوە.

هێزی داگیرکار لەم فەزا بەرتەسکەدا تەنیا خۆی وبونیادی دەسەڵاتی خۆی باڵادەست دەبینێ و پێشی وایە دونیا بریتیە لەم ژینگەو فەزا ئەبستراکت و تاک رەهەندیەی ئەوو ئایدیۆلۆژیای ئەو دروستیان کردووە.

 بەلای ئەم جۆرە هێزەوە نەتەوەکانیتر هاوشانی ئەو نین و بەرهەمی پاشاگەردانی و زادەی دواکەوتوویین و شایانی ئەوە نین خۆیان حوکمی خۆیان بکەن و سەربەخۆ بن.

هێزەداگیرکارەکان بۆ رەوایی بەخشین بە داگیرکاری و بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانیان دەست بە رابردووەو دەگرن و دوێنێ بەرهەم دەهێننەوە. ئەم هێزانە بۆ شەرعیەتدان بە داگیرکاری و کردنی بە ئەمری واقیع پەنا دەبەنە بەر رابردوو و مێژووەوە. ئەمان مێژووی سیاسی دوێنێ  بە چاو خەڵکی دادەنەوەو فرۆشتنەوەی ئێستا وەک دەسکەوتێکی گەورەی ناسیۆنالیزم و نەژادگەرایی، بە دەسکەوت بە گەلانیان دەفرۆشنەوە.

بەلای " ماڵکوم ئیکس" ی چالاکوانی بە ڕەگەز ئەمریکی مافەکانی مرۆڤ، ئەگەر وریا نەبین مێدیا دەتوانێت وامان لێبکات ڕق لە ستەملێکراو هەڵگرین و سۆزو خۆشەویستیمان بەلای ستەمکارەوە بێت.  

هێزە داگیرکارەکان بەردەوام لە هەوڵی داهێنانی تازەو ناوازەدان بۆ زەلیل کردن و ملکەچ کردن ولە قاڵبدان و دواجار وتوانەوەی گەلی داگیرکراو لەناو بۆتەی فەرهەنگ و دابونەریت ودیدگا دونیای خۆیانەوە. هێزە داگیرکارەکان زیاتر لە پێکهاتەیەک دەچن داشۆراو لە عەقڵ ومەنتیق و زمانی گفتوگۆوە.  دایەلۆگ بەلای ئەم هێزانەوە ئامرازێکە بۆ کات کوشتن و لە خشتەبردنی ڕای گشتی و چەواشەکاری و نائومێدکردن و بەلاڕێدا بردنی حەقیقەت و پیلانگێڕیەوە.

وێناکردنی داگیرکاری  لە مەعریفە و بەلای داگیرکارانەوە، وێنای جیهانێکە، باڵادەستی و حوکمڕانی و پێگەی باڵا هەر شایەنی خۆیانەو ئەو گەل وهۆزو نەتەوانەی دەکەونە دەرەوەی دیدگا و دونیابینی ئەوانەوە، شایەنی باڵادەستی و شکۆو سەروەری نین و ناچار و مەحکومن بە ملکەچی و توانەوە لە ناو دونیای ئەواندا.

تەوژمە داگیرکارەکان هێزگەلێک نین تەنیا بە داگیرکردنی خاک وجوغرافیاوە ددڵیان ئاوبخواتەوە و ئۆقرە بگرن و سنوورێکی ئەخلاقی بۆ زێدەڕۆییەکانیان دابنێن. هیچ هێزێکی داگیرکار نیە هەڵگری خواست و مەیلی کاولکاری و زەبروزەنگ و ژێردەستەکردنی گەلانی تری نەبێت.  

ئەم هێزانە بەگشتی لە ناخیاندا سیخناخن بە هەستێکی ڕقاوی و خواستی لەبایەخ خستن وناشرین کردن گەلانی ژێردەستیانەوە.  ئەم هێزانە بەردەوام هەوڵی دەستەمۆکردن و لەماف خستنی گەلانیتر و ئەوانیتر لە ناخیاندا پەنگ دەخواتەوەوهیچ سنوورو بەربەستێکی ئەخلاقی و عورف و نەریتێکی ئینسانی و ئاسمانی بەلایەنەوە بایەخی نیە.

ئەوەی بەلای ئەم هێزو تەوژمانەوە گرینگە تەنیا خۆی لە داگیرکردنی خاک وجوغرافیا و گۆڕینی دیمۆگرافیادا نادۆزێتەوە. بەڵکو دەست بەسەراگرتنی رۆح و گۆڕینی ئینتیماو فکرو شوناس و توانەوەی گەلی ژێردەستەکراو لە ناو چوارچێوەیەکی تەژی دەمارگیری و رۆحیەتی بوغزاوی و بەرتەسکی  رووبەری جیهانبینی ئەوان، خواستێکی گشتی هێزە داگیرکارەکانە.  ئەم خواستە لە چەشنی تەوژمێکی بەهێزی شکاندن و لە قاڵبدانی گەلی داگیرکراو لە دۆخی چەکەرەکردندایە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە بە پیرۆزکراوو ئەهریمەنیەکانیەوە هەمیشە ئامادەیی هەیە.

هەوڵدانی تەوژمی داگیرکار سەپاندنی تەسکبینی و تاکرەوی و تاک بریاریە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ترس وتۆقاندن و زەبرو زەنگ و خستنەکاری مەکینەیەکی گەورەی راگەیاندن و چەواشەکاریەوە.

ئەو فاکتەر وهێزەی گەرەکە لای داگیرکراو بە زیندوویی بمێنێتەوە و لە گشت دۆخێکدا ئامادەیی هەبێ، ئەو توانا شاراوەو دینامیکیەتی بەرخودان و بەگژاداچوونەوەی ستەمی داگیرکاری و ئەو ناحەقیەیە بەرامبەری دەکرێ.

ئامادەیی ئەم دینامیکیەتە  هێزو زامن و سەرمایەیەکی دەوڵەومەند و مەعنەوی و لەبن نەهاتووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزی شوومی داگیرکار و بەزاندنی بکەرە ناوەکیە ستەمکارەکانی ناو سەرلەبەری سیستەمەکە و کۆتایی هێنان بە ژیانی ژێردەستەییەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×