کەسایەتیە جووت سایدەکان و سەرزەمینی سێبەرە خەڵەتێنەرەکان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-07-04   

لە دونیایەکدا دەژین چیتر کۆمەڵگاو پێکهێنەرەکانی رێگەی ئەوەمان پێ نادەن لە کەسێتی خۆمان وەردبینەوەو لەدەروونی خۆمان بروانین و لە روانگەیەکی فرەرەهەند و حەقیقەتزانەوە بە ماهیەتی ڕاستی و دروستی شتەکان بگەین و ئەو دەرەنجامە دەست بخەین زیاتر لە واقیعەوە نزیکەو دوورە لە خەیاڵ پڵاوو دونیای فانتەسی و خەیاڵاویمانەوە. 

 

مرۆڤی ئەم سەردەمە لە ئێستای ئاڵۆزو نائارامیدا بەردەوام بەدوای رۆحەوە سەرگەردانە و ناشیدۆزێتەوە. هەوڵ ئەدات جارێکی تر وێنای دیوە رۆحانیەکانی ئینسان بوون و ئامانجە ئینسانیەکان بۆ ئێستاو داهاتوویەوە بەکۆمەڵێک کەرەستەی مەتریاڵیەوە بکات و بەرچاورونی هەبێ بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی  لە پانتای ئەم دونیا ماتریالی و ئاڵۆزو پڕ لە رووداوو کارەساتە تراژێدیاکانەوە. 

 

کاتی گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بۆ سەردەمی سادەیی، ئاسودەیی و جوانیە خۆرسکەکان، بۆ زەمەنی حەقیقی ئینسان بوون و ئەو هەلومەرجانەی مرۆڤ تیایاندا گەشەی دەکرد و هەرگیز لە حەقیقەت و ماهیەتی ڕاستەقینەی  ئینسان بوونی خۆی و دیوە رۆحانیەکانی دوور نەدەکەوتەوە. 

 

حاڵی مرۆڤی ئەم سەردەمە باش نیە. نە تەندروستیەکی وای هەیە جێژ لە سات بە ساتی ژیان وەرگرێ و نە پارەوسامان ئارامی و ئاسودەیی رۆحی پێ دەبەخشێ. مرۆڤی ئێستا بە کیلۆمەتر لە مرۆڤە سەرەتاییەکانی نیانتەرداڵەوە دوورە. هەم توانیویەتی ژیان و هەلومەرجەکانی پێش بخات هەمیش توانیویەتی  بە ئاوەزو هۆشیاری عەقڵیەوە دونیاو پێکهێنەرەکانی ناویەوە بخاتە خزمەت خۆی و روئیاو ئارەزووەکانیەوەو دەسکەوتی گەورە بچێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەکات  تا دێت لە ماهیەتی مرۆڤ بوون و ئاسودەیی رۆح و دەروون دووردەکەوێتەوەو  لەگەڵ دونیایەک دڕدۆنگی و شڵەژان و دڵەراوکێ و ترسی و نیگەرانی ناوەکی بەردەوامدا دەژیت و لێی دەربازی نابێت. 

 

مرۆڤی ئێستا لەم دونیایەو چوارچێوە بەرتەسکەی بۆ خۆی هۆنیویەتەوە بووە بە سێبەری کەسایەتی خۆیەوە. بەردەوام لە نێوان دوو شرۆڤەو پرسیاری بێ وەڵامدا گیری خواردووەو توانای وێناکردنی شوناسێکی دیاری کراوی تایبەت بە خۆی و ئەو قۆناغەی نیە، تیایدا دەژیت. ئەم مرۆڤە لە نێوان داڵان و بۆشاییەکی  پێناسەنەکراوو شوناس و پارادۆکس و دوو حەقیقەتی  مەجازی و فکری و دژبەیەکدا دێت و دەڕوا:

حەقیقەتی ڕاستەقینەی کەسایەتی خۆی و ئەو کەسایەتیەی لە خەیاڵدانیدا وێنای دەکات و دەخوازێت ئەو بێت.

 

ئەم پارادۆکسە ناوەندی سەرجەمی ئەو کێشەو گرفتە رۆحانی و ناکۆکی و بینەوبەردانەیە، مرۆڤ لە کایەی ژیاندا لە کارلێکی بەردەوامدایە لەگەڵیان و هێز یا بێهێزیان لێوەردەگرێت و ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەریانەوە. 

 

بەواتایەکی تر ئەم ئیزدیواجیەتە دوو رەهەندیەی کەسێتی مرۆڤ، سەرچاوەی  گشت رەفتارو کردارو مامەڵەکانیەتی لەگەڵ ژیان و رەگەزە پێکهێنەرەکانی، لە گەڵ ئومێدو ئامانج و ئارەزووەکانی و لەگەڵ ئەو دونیایەی خوازیاری وێناکردن و دروست کردن و دەست خستنیەتی. 

 

ژیان و مەرگ، خێرو شەڕ، هیواو خۆڕادەست کردن وەک سێبەرێکی خەست و فووتێکراو. لەگەڵ رەوتی ژیانی مرۆڤ رێ دەکەن و چرکەساتێک لێی جیا نابنەوە و ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر سەرلەبەری کایەی ژیان و هەموو ئەو شتانەی رۆژانە پەیوەندی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان بە سەرجەم دیوە دیارو شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ و جووڵەکانیەوە هەیە. 

 

مرۆڤ بوێریەکەی لە ترس و ڕاستگۆییەکەی لە درۆ و فرتوفێڵ و تەڵەکەبازی و دڵسۆزیەکەی لە  چەمکی خیانەت و پەیمان شکێنی و  ەواشەکاریەوە وەردەگرێ. بە واتایەکی تر هیچ مرۆڤێک نیە هەڵگری تایبەتمەندیە زاتیەکانی دەبل مۆراڵ و دوو کەسایەتیەوە نەبێ، کەچی  گەر پرسیاری ئەمانەی لێ بکرێت، بە دڵنیاییەوە نکۆڵی لێدەکات و زۆر بە تووندیش رەتیشی دەکاتەوە. 

ئەم رەت کردنەوەیە، هەمان ئەو دوو رەهەندیەی کەسێتی مرۆڤەکانەو سەرباری نکۆڵی لێ کردن و رەت کردنەوەشی، لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا دەردەکەوێ و لەگەڵیدا دەژیت و بەشێکی  دانەبڕاوو نکۆڵی لێ نەکراوی شوناسێتی. 

هەر ئەمەشە وایکردووە ئینسانەکانی ئێستا نکۆڵی لەبەشە شاراوەکەی ( سێبەر) ی کەسێتیان بکەن و بە جۆرێکی تر  خۆیان دەربخەن و لە نمایشی ( خود) ێکی ناحەقیقی و ناڕاست و ناهەماهەنگدا، هەمیشە بە دوای ئەوەوە بن چۆن بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن و چۆن فێڵ لە دەورووبەریان بکەن. 

ئەمان هەردەم بیریان لای ئەوەیە چۆن زامنی مانەوەو بەردەوامبوونی خۆیان لە پانتای بەرتەسکی ئەو سەرزەمینە پڕمەترسیە بکەن، ترس لە رووبەرووبوونەوەو بەگژداچوونەوەی ئەوانیتر لەلایەک و سێبەرو بەشە خەڵەتێنەرو تاریک و شاردراوەکەی کەسێتیان لەلایەکی ترەوە، هێمایەکە بۆ ئەو حەقیقەتەی ئەوان هەرگیز خوازیاری دەرکەوتن و ئاشکرابوونی نین و وەک مۆتەکەیەکی وێرانکەر وێنای بۆ دەکەن و خۆیانی لێ دەپارێزن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×