شارو شەقام لەقسە کەوتوون

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-10-01   

شار و شەقام پۆشاکێکی تریان پۆشیوە. لەپاڵ  هەر هەنگاوێکدا،   دەیان وێنەو پۆستەری رەنگاڵە بە فۆڕم و سیمای جیاوە سەرەنجت بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. پۆستەرەکان هیچ  رۆح و جووڵەیەکیان نیە، بەڵام بوونەتە کەرەستەیەک بۆ تۆخ کردنەوەی ململانێکان و هەر کامەیان هەڵگری دەیان پەیام چیرۆک و حیکایەتی ناوەکین و وێنەی  کۆمەڵێک لە کاندیدکراوانی حزبەکان دەخەنە نمایشەوە. 

 

شاروشەقام لەم دیمەنەدا چیتر ئەو  فەزاو شوێنەنین بکەرانی کۆمەڵگا و لایەنە سیاسیەکان تیایدا بەیەک بگەن و ڕاستەوخۆ کۆمەڵگا و یەکتر بدوێنن و گوێ لە داەاکاری و ڕازونیازو خواستی یەکترەوە بگرن. 

 

پەیامی ئەمجارەی پۆستەرەکان  بۆ بە بازاڕکردنی ئەو شتەیە هەڵگرانی پۆستەر و وێنەکان لە ناخی خۆیاندا هەڵیانگرتوون.  زمانی جەستەی وێنەو پۆستەرەکان زمانێکی نەنووسراوو نەدرکاوە کەوا لە چوارچێوەی تێکهەڵکێش کردنی چەندین رەنگ  لۆگۆو و پەیام و نووسینێکی کەمەوە  خۆیان نمایش دەکەن. 

 

فۆڕم و چوارچێوەو قەوارەی وێنەکان بە پێی  هەڵگرانی وێنەکان و ئەو بەرەیەی ئەمان نوێنەرایەتی دەکەن، تەواو جیاوازە. وێنەکان نمایشی کەسانێک دەکەن  تامەزرۆی دەرچوونن لەو کەرنەڤاڵ و پرۆسە تەژی گرژی و ئاڵۆزی و نمایشەی ناوی نراوە “ هەڵبژاردن”.

 

کاندید کراوەکان یا کاندیدەکان دەیانهەوێ لە رێگەی ئەم خودنمایشیەوە بانگەشەی دروست کردنی دونیایەکی جوانتر لەوەی ئێستا بکەن. دونیایەک تیایدا دادپەروەری و هێمنی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە تروپکی بەرنامە و ستراتیژیە سیاسیەکاندا چەکەرە بکات و ئامانجەکان بپێکێ و نیشتیمان بەرەو قۆناغی گەشە سەندن و پێشکەوتن و یەکسانیەوە بەرێت. 

 

فەزای شار و شەقام بە وێنەی دەیان و سەتان کاندیدی حزب و بزووتنەوەو لایەنە سیاسیەکان داپۆشراوە. رووبەری کۆمەڵگا و کەلەبەرو داڵانەکانی کۆمەڵگا لە شاروگەڕەک و ئاوەدانیەکانەوە بگرە تا دەگات بە ناوماڵ و  ژوورەکانی نووستن و گەڕەک و حەوشەی ماڵەکانەوە، بووە بە شوێنگەی مقۆمقۆو مشتومڕو قسەوباس و گفتوگۆی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیەکانەور. 

 

باسوخواسی هەڵبژاردن و  ئەگەری دەرچوون و دەرنەچوون و رێژەو ژمارەی کورسیەکان،  هەژمونی خەستی خۆی بەسەر سەرلەبەری پانتای کۆمەڵگاو بابەتەکانی پەیوەست بە دوارۆژی وڵاتدا سەپاندووە. 

 

وێنەی بکەران و بەربژێرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان، دیمەنی شار و شەقامی تەنیوەتەوەو شاروشەقامی لە قسەو باس خستووە.  وێنەی ژمارەی لە رادەبەدەری  بەربژێرانی لایەنە سیاسیەکان شوناسێکی تری بە شاروشەقام بەخشیوە. برێکی زۆری ئەم شوناسە پەیوەندی بەو پەیام و بەڵێنانەوە هەیە بەربژێران لە رێی تێکست و رەنگ و بزەی سەر لێو یا مچ و موڕی و ناوچەوانێکی گرژو بوغزاوی و فۆڕمی وێنەو پۆستەرەکانەوە بۆکۆمەڵگای دەگوازنەوە.   

 

ئەم دیمەنە، دیمەنێکە هەم ترسناکە و هەمیش یەکسانە بە دروست کردنی دونیایەکی پڕ لە وەهم و خەیاڵپڵاوی دوورەدەستەوە.  پۆستەرەکان لە هەندێ فۆڕمیاندا حیکایەتی ئەو دابەشکاری و فرە دونیابینیەمان بۆ وێنادەکەن، کۆمەڵگای لە پەلوپۆو جوانی خستووەو دۆخێکی تەواو ماندووکەرو پڕ لە پاڵەپەستۆو نائومێدکەری بۆ تاک و کۆمەڵگا دروست کردووە. 

 

رووبەری شەقامەکان جگە لە ژمارەی بێ شوماری ئوتۆمبێلەکان و جمەی هاتوچۆ بە شێوەیەکی خەست کەتووەتە ژێر فشارو باڵادەستی پۆستەرەکانەوە.  لایەنە سیاسیەکان لە رێگەی ئەم وێنەو پۆستەرانەوە هەوڵی ئاخاوتن و دوان و قسەکردنی کۆمەڵگا دەدەن. 

 

شار و پانتای شەقام و کوچەو کۆڵان و گۆڕەپانەکان چیتر  ئەو شوێنە نیە تیایدا ئەندامانی کۆمەڵ پێک بگەن. بەڵکو لە وردبوونەوەو سەرەنجدانێکی خێرادا بووەتە شوێنگەی ململانێی کۆمەڵێک پۆستەری بێ رۆح و گیان و فرە رەهەندی سیاسی و ئایکۆنی ئەو ناکۆکی و دابەشکاریانەی لە فەزای سیاسیدا بە زەقی  ئاماژەکانی دەرکەوتوون. 

 

هەر ئەم پۆستەرە بێ رۆح و گیانانە لە رووی هونەریەوە نەک هەر شارو شەقامیان لە جوانی خستووە، بەڵکو وایکردووە شاروشەقام ببن بە گۆڕەپان و بازاڕێکی قەرەباڵغی  بۆرسەو قازانج و زیان و کڕین و فرۆشتندا. دۆزینەوەی کڕیار یا دەنگدەر بۆ ئەم پۆستەرانە لە چەشنی ئامانج و نیەتێکی ناوەکی ناوی نراوە بانگەشەی هەڵبژاردن و چۆنیەتی مامەڵەکردنی بکەرانی دونیای سیاسەتیش  لە تەک ئەم دۆخەدا، تا دێت  قورسایی و نیگەرانی و ترسەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرەو هەڵکشان دەبات و ئاسۆیەکی لێڵ دەخاتە بەردەم پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و خودی مەغزای هەڵبژاردن و ململانێی شارستانیەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×