حزب گۆڕین و سەرۆک گۆڕین

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-04-27     135

دونیای تازە، دونیای کاراکتەرە قات لەبەرە پۆشتەوپەرداخە رێکوپێکەکان و بیزنس سیاسیە چاوباشقاڵەکانە...دونیای سناپ چات و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و وای فای و وایەرلەس و وایەرلەش ( باریک و کز) و سەنتەرەکانی وەرزش و شێلان و دیلان و بۆتۆکس و فیلەر وخۆبادان و راست کردنەوەی لەشە لارنارێکەکانە...سەردەمی مەسەنجەر و واتس ئەپ وایبەروکۆمیۆنیکەیشن و بچووک بوونەوەی دونیا و مۆل و سەنتەری بازرگانی و کۆمپانیاو ھەڵێنجانی نەوت و دەرەدانی غازی شل و پارەوپوڵ و سەرمایەداری و پرۆژەی ئابوری و ئاڵۆگۆری بازرگانی و کرین و فرۆشتن و بۆرسەو بودجە و دوا مۆدێلی چینایەتی کۆمەڵایەتی دروستکراوو بەرھەمی خەبات و تێکۆشانە. جیهانی گرفتی چۆنیەتی کوردبوون و گەورە بوونی جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان و قڵیشانی پڕلەمەترسی کەلێنەکانی نێوان مرۆڤەکان و ھەرەسی خۆشەویستی و داڕمانی دڵسۆزی و مرۆڤدۆستیە.

 

لەم دونیایەدا ئەوەی لەهەموو شت زیاتر ناشرینی بە ناشرینیەکان بەخشیوە، ئەو دیاردەیەی وەک پەتایەکی کوشندە رۆحی کۆمەڵگا لە ناوکەوە دەهاڕێ، کارگەکانی حزب سازی و حزب سالاری و بزاڤ و گرووپە سیاسیەکان و دوا داهێنانی نەریتی  ناشرینی پەت پەتێن و سەنگەر گۆڕینە سیاسیەکان و هەلپەرەستی بڕێکی زۆر لەو کاراکتەرە سیاسیانەیە، جار ناجارێک بە گوێرەی کاڵ بوونەوەی قورسایی سیاسی و داکشانی بەرژەوەندیەکانیان، حزبێک دەگۆڕن و سەرۆکێکی تر  هەڵدەبژێرن و بە شان و باڵیدا هەڵدەڵێن و رۆژانە دونیای سۆشیال مێدیا و مایکی تەلەفزیۆنەکان بۆ ماستاوکردن و پان کردنەوە بەکار دەهێنن. 

 

دیاردەی سەنگەر گۆڕین و حزب گۆڕین و سەرۆک گۆڕین لەم چەند ساڵەی دواییدا پەردەی شەرم و حەیای هەڵدڕیوەو کاراکتەرە لەرزۆکەکانی بڕێکی زۆر لە کایەی سیاسی چۆن  گۆڕینی  جلوبەرگ و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانیان بەلاوە ئاساییە، هەرواش  بۆ مسۆگەر کردنی پێگەو رێگەو شوێنگەو لێکەوتەو بەرکەوتەو دەسکەوتی مادی و مەعنەویەوە، ئاڵوگۆڕ بە ئایدیاو حزب و سەرۆکەکانەوە دەکەن و هەر جارەو زوڕنا بۆ لایەنێکی سیاسی لێدەدەن و دەبن بە سەماکەری بەردەرگای سەرۆک و حزبێکەوە. 

 

دونیای سەنگەر گۆڕین و پەت پەتێنی سیاسی دونیایەکی تەواو ئاڵۆزکاوە. بکەرانی ناو ئەم دونیایە هەڵگری هیچ کام لە پرەنسیپەکانی مۆڕاڵ و  ئەخلاقی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە نین. هەوڵەکانی ئەم توێژە بۆ دروست کردنی دونیایەکی جوانترو سەقامگیرتر و هەماهەنگتر نیە. 

ئەوەی لە دونیای خەیاڵی ئەم توێژە ئامادەیی هەیە، مسۆگەر کردنی پارووی چەورو رەوج دانە بە بەرژەوەندیەکانیان. ئەمان بە دوای شوناسێکی تازەو مەفهومی سیاسی تازەوە نین. ئەسلەن ئەوەی بەلایانەوە بەهای توورێکی قووڕاوی نیە،  شوناس و مۆڕاڵە. ئەم توێژە سیاسیە بە پێی دۆخی سیاسی و دونیای بەرژەوەندیەکانیانەوە مامەڵەی سیاسەت دەکەن و  ئاڕاستە سیاسیەکان هەڵدەبژێرن و دەکەونە مەدح و پیاهەڵدان بە سەرۆک و سەرکردەکانەوە. 

 

ئەم دیاردەیە لەم چەند ساڵەی دوایی زۆر بە ئاشکرا لە ناو پارتی بووە بە حەقیقەتی نەریتێکی سیاسی جێگیر و نەگۆڕەوە.

 

کۆمەڵێک بکەرو کاراکتەری تۆڕهەڵدراوی ناو حزبەکانی تر، هەر کە زانیان گڵۆڵەی بەختی مانەوە لە پۆستی گەورەیان لە ناو حزب خەریکە دەکەوێتە لێژیەوە، سەنگەری کۆن جێ دەهێڵن و دێنە ناو پارتیەوە و لە شەوورۆژێکدا گۆڕانکاریەکی رادیکاڵی بەسەر بیروبۆچوونەکانیاندا دێت و هێما بۆ گەورەیی و ماڵە گەورەی پارتی دەکەن. 

پارتیش بە دڵێکی فراوان و سۆزێکی باوکانەوە باوەشی گەرمیان بۆ دەکاتەوەو لە کون فەیەکونێکدا لە سەر کەوڵ و حیسابی کادیرانی  بێدەنگ و داناوو دڵسۆزەوە هەموو شتێکیان پێ دەبەخشێ و هەموو پۆست و ئیمکاناتێکیان بە حازری و لەسەر سنیەکی زێڕین دەخاتە بەر دەمیانەوەو پۆست نامێنێ پێیانەوە تاقی نەکاتەوە. 

 

ئەم جەماعەتە ریاکارە خۆبەڕاستزانە هیچ لە بارادانەبووەی  سەر بە دونیای سەنگەر گۆڕین و پەت پەتێنە سیاسیەکانی ئێستای رووبەری سیاسەت و رۆژنامەگەری و مێدیا لە کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی بەدوای پارووی چەورو پۆست و پایەی ناو پارتین، بۆ ئەوە نەهاتوون  لە رێی سیاسەتەوە کاری باش بکەن. 

ئەمان وا وێنای خۆیان دەکەن لە پارتی و بارزانی پارتی ترو لە خێزانی شەهیدان و پێشمەرگەو کادیرانی ئەیلول و گوڵان شایستەتر و لە سوڵتان موزەفەر دڵسۆزترن بۆ هەولێرو زۆنی زەردەوە.  تەنانەت رێگە بەخۆیان ئەدەن کوردایەتی و پارتایەتیش بە کادیرو جەماوەری ڕەشورووتی پارتیەوە بفرۆشنەوەو لە بۆنە نیشتیمانیەکاندا سنگ دەرپەڕێنن و بکەونە نمایشێکی ساختەی خەڵەتێنەرەوە. 

 

ئەمان، بۆ ئەوە سەنگەریان نەگۆڕیوە بەهاو شوناسێکی نوێ بە حزب ببەخشن  و مانا بۆ چەمکی سیاسەت بگێڕنەوەو تێگەیشتنێکی گشتیی نوێ بۆ کۆی دامەزراوەی حزب بەرهەم بهێنن یا لە باشترین دۆخیاندا پێناس و شوناسێکی نوێ بۆ چەمکی “ کوردبوون” گەڵاڵە بکەن. 

 

ئەگەر جەماوەری پارتی ساڵێ جارێک سەردانی مەزاری رەحمەتی بارزانی بکەن، ئەمان هەموو رۆژانی هەینی بە خاوو خێزانەوە لەوێن و فرمێسکی سۆزو وەفاو کروزانە بۆ مەزاری نەمران هەڵدەڕێژن و دەس لەسەر سنگ ئامادەن سێ کاتژمێر بە پێوە بوەستن. 

 

دونیای سیاسەت  وێنای دونیای پرەنسیپ و کارامەیی و توانستە سیاسی و دیپلۆماسیەکانە. حزب دامەزراوەیەکی سیاسی، رێکخراوەیی، کولتوری و کۆمەڵایەتی و قوتابخانەی پێگەیاندنی تاکی هۆشیارو چاو کراوەو کارامەیە. حزب و ئایدیاو ئایدیۆلۆژیا شوناسێکە مرۆڤ ئارەزوومەندانە هەڵیاندەبژێرێ و پێویستە برواو متمانەی تەواوی بە کۆی ئەو پێداوو تایبەتمەندیانە بێت، حزب هەڵگریەتی. 

 

ئەشێ حزب هێمای کۆمەڵێک جوانی زاتی یا ناشرینی بێت. ئەشێ هەڵگری سەرجەمی ئەو ئایدیاو دیدگا و تایبەتمەندیانە بێت، لە چەشنی کەرەستەیەکی مەعریفی ئایدیۆلۆژی و ئامرازێک بۆ ئیدارەکردنی کۆمەڵگاو پێشخستن و گواستنەوەی جڤاک لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، رۆڵی کارا لە دروست کردنی دونیایەکی جوانتریا خرابتردا بگێڕێ.

لێ یەکێک لەو شتانەی لە چەشنی فاکتەرێکی وێرانکەرەوە ئەشێ  ئەم دونیایە لە جوانی و شکۆو هارمۆنیاو هێزەوە  بخات و دووچاری نشوست و شکست و داکشانی سیاسی و کرچ و کاڵ بوونەوەی متمانەو  تەنک کردنەوەی بنکە جەماوەریەکەی و تەشەنە سەندنی بۆڵەبۆڵە سیاسیەکان و تووڕەیی کەوادیری دڵسۆزیەوە بکات،  دیاردەی سەنگەر گۆڕین و ترافیکی بکەرانی بێ باوەڕو هەلپەرەست و داماڵدراو لە دونیابینی سیاسیەکانی ناو ئەم دونیا ئاڵۆزو پڕلە جەنجاڵ و مشتومڕەیە. 

دونیایەک،  رەنگە حەقیقەتی کاراکتەرە سەنگەر گۆڕو بەرژەوەندگۆڕو گوڵەبەرۆژئاساکان و هەلپەرەستەکان،  بە هۆی دەمامکی سەر روخسار و پارادۆکسی کەسێتیان، تا ماوەیەکی زۆر بۆ عەوام بە شاراوەیی و نامەلموسی بمێنێتەوەو دۆخەکە هیچ گۆڕانکاریەکی  ئەرێنی بەسەردا نەیەت و وەک خۆی بەدەست لێنەدراوی بمێنێتەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×