سەران و حوکمڕانانه ئێستای ئەرووپا، هەرچی بەڵێن و پەیمانی زارەکی و یاساو پەیاننامەو جاڕنامەی دوای دوو جەنگی ماڵوێرانکەری جیهانی هەیە، لە ماناو ناوەرۆک بەتاڵیان کردوونەتەوە و لە دونیایەک دەژین، نامۆیە بەهەموو جوانیەکانی سێ دەیەی رابردووەوە.
دۆخی سەقامگیر و گەشەو پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئەوروپا زادەی ئەو هەلومەرجە سیاسی، ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیە بوو، دوای کۆتایی هاتنی دووەم جەنگی جیهانی و بە کوشت دانی زیاتر لە هەفتا ملیۆن کەس و وێرانکردنی نیوەی زیاتری ئەورووپا، هاتە ئاراوە.
سەرانی ئەوسای ئەوروپا بە قەناعەتی تەواوەوە بەردی بناغەی ئەو پێشکەوتنەیان دانا، دواتر بوو بە هطوێنی پێشکەەتن و بڕینی قۆناغی جەنگ و هێمای ئاوەدانی و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئەوروپاوە.
ئاڕاستەی ئەم پێشکەوتنە و رۆحی گەشەی خێراو داینامیکیەتی ئەم خێراییە لەو یاساو رێککەوتن و پەیماننامەو هەناسەی دیموکراسی و پێداگری لەسەر ئاشتیەوە سەرچاوەی گرت، سیاسی و بیرمەندان و بلیمەتەکانی ئەم بەشەی جیهان شێلگیرانە بەردەوام بوون لەسەری و زۆرترین هەوڵیان بۆ داو مێژوویەکی پڕشنگداریان نووسیەوە.
دامەزراندنی ناتۆ وەک پەیمانێکی سەربازی و بەرگری و دواتر دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا، دوو لەو دامەزراوە گەورانەی ساڵانی دوای دووەم جەنگی جیهانی و بەرهەمی کارو کۆشش و هەوڵی بێوچانی بیرمەندە سیاسیە واقیعبینەکان بوون.
دوای رووخانی دیواری بەرلینی جیاکەرەوی دوو ئایدیۆلۆژیاو دوو جیهانبینی، ئەورووپای رۆژئاوا بوو بە هەڵگری شوناس و ئایدیایەکی جوانی چەسپاندنی پێکەوەژیان و سەرخستنی سەرلەبەری ئەو چەمک و دیدگاو شوناسەی، لە دایکبوونی ئەورووپای گەورەی لێکەوتەوە.
پاشەکشەی کەمپی سۆشیالیزم و کرچ و کاڵ بوونەوەو نشوستی سەرجەمی ئەو ئایدیاو پرەنسیپانەی ئەم ئایدیۆلۆژیایەی لەسەر بوونیادنرابوو، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ رۆژئاوا رەخساند گەشە بە یەکێتی ئەوروپاو پەیمانی ناتۆو پەلهاویشتنی بۆ ئەوبەر سنوورە کلاسیکیەکەی سەردەمی جەنگی ساردا بدات و گەورەتر بێت.
کوژاندنەوەی ئاگری جەنگی خوێناوی بالکان و دادگایی کردنی سەرجەم ئەو بکەرو سیاسی و سەرکردە دەمارگیرە تائیفیانەی رۆڵی گەوەرەیان لە جەنگەکەدا هەبوو، ئێستاشی لەگەڵدابێ بە یەکێک لە دەسکەوت و خاڵە ئەرێنیەکانی ناتۆو ئەوروپاو ئەمریکا وێنادەکرێ. لەدایک بوونی هەردوو دەوڵەتی بۆسنیا و کۆسۆڤۆ دوو دەرهاوێشتەو بەرەنجامی هەوڵەکانی سەرانی ناتۆو ئەوروپاو ئەمریکای ئەوسا بوو.
سەرانی ئەوسای ئەوروپا بە پاراستنی کورد لە چنگ سەدام و بەعس و دامەزراندنی هێڵی دژەفڕین بە درێژایی پانتای سنوری هەرێمی کوردستان، سەلماندیان بە تەنگ مرۆڤایەتیەوە وەن و جددی بوون بە هەوڵەکانیانەوە دیار بوو .
لەپاڵ ئەمەشدا ئەرووپی و ئەمریکیەکان هەوڵێکی بێوچان و زۆریان دا لە پێناو چەسپاندنی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی و بەگەڕ خستنی گفتوگۆکان بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم پرسە ناوچەییەو چەسپاندنی پێکەوەژیان و سەربەخۆیی و شکۆی نەتەوەییەوە.
بەداخەوە ئەو توێژەسیاسیەی حاڵی حازر حوکمڕانی ئەوروپابە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی دەکەن، زەوی تا ئاسمان جیاوازیان لەگەڵ نەوە حوکمڕانەکەی پێش خۆیاندا هەیە. هەروەک تێبینی دەکرێ ئەو سیاسیانەی ئێستا لە هەرەمی دەسەڵات و حوکمڕانی ئەوروپادان، هەڵگری بیری پۆپۆلیزم و دژە ئایدیۆلۆژیاو تەسکبینن. ئەو دیدگاو روانگەیەکی ئەمان هەڵیانگرتووە، ئایدیایەکی پۆپیستی و بگرە فاشیسین ( بۆ نمونە لە هەنگاریاو ئیتاڵیاو تا ئاستێکی زۆریش ئەمریکا).
دونیای مرۆڤایەتی و چەمکە دیموکراسیەکان و مافی مرۆڤ و یاساورێسا نێودەوڵەتیەکان، سای سەری ئەم نوخبەیەی ئێستا حوکمڕانی ئەوروپا دەکەن، لە پاشەکشەیەکی فرە رەهەند و گەورەو تراژێدیادایە.
ئەم دەستەبژێرە حوکمڕانەی ئێستای ئەوروپا هەڵگری ئایدیا و روانگەی تەسکبین و خۆبەزلزانن و رۆحی فاشیزمێکی سپی پێستن و سڵ لە یاری کردن بە عەقڵی ڕای گشتی هاوڵاتیانیان و یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکانەوە ناکەن.
. لەمەش زیاتر لە رێگەی پەرەدان بە فۆبیای پوتین و روسیا وەک چەکێکی سایکۆلۆژی و کەرەستەیەکی هەرزانی لە خشتەبردنی ڕای گشتیەوە، هەوڵی مانەوەی ئەبەدی و حوکمڕانی هەتاهەتاییان کردووە بە ستراتیژ و باوەڕێکی سیاسی نەگۆڕو پێدراوێکی ئاسمانیەوە.
ئەم دەستەبژێرەی ئێستا حوکمی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بۆ مسۆگەر کردنی کورسی دەسەڵات و درێژەدان بە حوکمڕانیەوە، هانی گەلانیان ئەدەن پشتگیری لە دیدگا و پرۆژە رەگەزپەرەستی و فاشیستیە شاراوەکانیان بکەن. هەڵبەت هەمووشی لە ژێر دەمامکی دیموکراسی و دونیایەک دروشمی باق و بریقی دیموکراسی و فشەی مافی مرۆڤ و ئازادیدا.
ئەمان جاران لە رێگەی ئیسلامۆفۆبیاو ترساندنی ئەوروپیەکان بە ئیسلام و هەژمون و تەوژمی موسوڵمانانەوە ئەم هەوڵەیان بە چڕیەوە ئەنجام ئەداو ئاڕاستەیەکی زۆر ترسناکیان گرتبووە بەر. بەڵام دوای جەنگی ئۆکرانیا، بە ترساندنی گەلانیان لە دێوەزمەی پوتین و روسیە، جێگۆرکێیان بە چەمکەکان کردووەو بەردەوامن لەسەر دروست کردنی دوژمنە وەهمیە درۆیینەکان و درێژەدان بە حوکمڕانیە نادیموکراسیەکەیان و جێ بەجضی کردنی سەرجەم پلان و پیلانە شاراوەکانیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە تەسکەکانیان.
جەنگی وێرانکەرو خوێناوی غەزەو پشتگیری مادی و مەعنەوی لە جەلادێکی دەمامکاری ( دیموکراسیخوازی) فاشیستی مناڵکوژی وەک ناتانیاهۆی کلکی ترامپی دیاردە، وێنای ئەو دونیا بێ پرەنسیپ و قێزەوەن و لە جوانی کەوتوویەیە، حوکمڕانە پۆپۆلیستە هەلپەرەستە دووڕووەکانی ئەورووپا، لە چەشنی پارادۆکسێکی ئەخلاقی، دەمامکی مرۆڤ بوون و ماکیاج کراوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لەسەر لاداون و لەلایەن بەشێک لە گەلانی ئەوروپیەوە کەتوونەتە بەر رەخنەو نەفرەت و بێزاریەوە.
لەپاڵ ئەم داوەشانە ئەخلاقیەشدا، بێ هەڵوێستی و سەرشۆڕی و داوەشانی تێکڕای سەرانی عەرەب و دونیای ئیسلام بەرلە سەرانی پۆپۆلیستی داماڵدراو لە ئەخلاقی ئەوروپاو ئەمریکا، قووڵایی ئەو رۆچۆنە ئەخلاقی و پووچەڵبوونەوەی سەرجەم ئەو درووشمە درۆیین و گوتارە خەڵەتێنەرەکانی پاراستنی کەڕامەت و مافی مرۆڤ و منداڵ و ئینسانبوونی بۆ هەموو جیهان سەلماند.
لێکەوتە پڕلە تراژێدیاو خەمناک و دڵتەزێنەکانی کۆمەڵکوژیە نامرۆڤانەکەی ژن و منداڵی بێتاوانی غەزە، بەدەر لە هەر ڕاڤەو هەڵسەنگاندن و پێشینەو پێش داوەری و هۆکارێک و روانگەیەکی ناسیۆنالیستیەوە، دەمامکی لەسەر رووی ڕاستەقینەو سیمای درۆیین و خەڵەتێنەری بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و یەکسانی مرۆڤە ئازادەکان هەڵماڵی و جارێکی تر بوو بە پەڵەیەکی نەنگ و پڕ لە شەرمەزاری و سەرشۆڕی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی و بکەران و پاڵپشتیکارو هاوپەیمانانیانەوە.
ئەم جەنگە نایەکسان و نالۆژیکی و خوێناویە، جەنگی کوشتنی کەرامەت و شوناس و بێ ماف کردنی نەتەوەیەکە. ئەم جەنگە شەرعیەتی دەوڵەتێکی فاشیستی ئایینی و رادیکاڵی زایۆنی و نەژادی، پووچەڵ کردەوەو درووشمی پووچەڵی “ مافی مرۆڤ” ی لە هەر ماناو ڕاڤەیەکی ئینسانی بەتاڵ کردەوە. ئەم پرۆسەی کۆمەڵکوژیە، بکەرانی تاوانبار و بەدکاری کۆمەڵکوژکارو دڕندەو نەخشە دارێژەران و پشتیوانانی ئەم پرۆسەیەی، تاپلەکانی خوارەوەی مرۆڤبوون دابەزاند و سەرجەم درووشمی باقوبریقە خەڵەتێنەرەکانی لە ماناو مەفهوم پووچەڵ کردەوە.
مێژوو گشت زوڵم و ستەمی ستەمکاران و کۆمەڵکوژکردنی ئافرەت و مناڵی بێتاوان لە هەر شوێنێکی ئەم گیتیەدا لە چەشنی پەڵەیەکی ڕەشی پڕ لە نەنگی و شەرمەزاری و سەرشۆڕی و بۆگەن تۆمار دەکات. ئەوەی لەم نووسینەوەیەشدا لە هزرو یادەوەری مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە، یادەوەری مێژوویەکی گەنی پڕ لە شەرمەزاری و ڕیسوایی و قێزلێ بوونەوەی ستەمکارانە.