زمان و رۆحی شەڕانگێزی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-06-11   

رووبەرە کۆمەڵایەتی و کولتوری و سیاسیەکەی کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤەکانی ئێمە،  پڕیەتی لەو کاراکتەرو بکەرانەی لە دەرەوەی گشت بەهایەکی کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە لە فۆڕمگرتنێکی بێ وێنەدا سەرقاڵی پەروەردەکردنی رۆحی شەڕانگێزی و پێکداهەڵشاخێن و ململانێ و هۆنینەوەی ناشرینترین دەستەواژەکانی رووبەروو بوونەوە ناکۆتاکانن. 

 

زمانی نووسین و ئاخاوتن لە رووبەرێکی لەم شێوەدا، رووبەرێکی پڕلە کەند و کۆسپ و دڕکاویە. زمان لێرە شوناسە. شوناسی ئەو عەقڵیەتەی حوکم بە کۆمەڵگا دەکات و وێنای ئاستی روناکبیری و پەروەردەی خێزانی تاکەکانیەتی. 

 

زمان لێرەدا هەڵگری هیچ کام لە رەگەزە پێکهێنەرەکانی وەسفی جوانی و هونەرو خۆشەویستی و برایەتی و هاونیشتیمانی بوون و هاوچارەنووس بوون نیە. زمان لەم رووبەرەدا تابڵێی ڕقاویەو وشەبە وشەی هەڵگری باری سایکۆلۆجیای تاکەکان و ئەو پەروەردە سەقەتەیە، کۆمەڵگایەک لە دۆخی بێ هۆشیدا لەسەری پەروەردە دەکرێت، بێ ئەوەی چرکەساتێک هەست بە تراژێدیای رۆچوونە ئەخلاقیەکەی بکات. 

 

کۆمەڵگا لە دۆخێکی لەمجۆرەی تراژێدیادا،  وەک گشتێکی پڕلە فشاری ناوەکی جەمسەرو هێزە ڕکابەرە ناوەکیەکانەوە، بەدەست زمانی ڕقاوی و ئەدەبێکی هێرشبەرو وێرانکەری جوانیەکان و دانانی هێمای سەتان پرسیار و حەپەسان لەسەر گشت بەهاو پیرۆزیەکەوە گیری خواردووە. 

 

ئەم زمانە زبرە بەوە دەناسرێتەوە خاوەنی هیچ رۆحێکی جوان و نەرم و نیان و دەربڕینێکی ئەدەبیانەی رێک و هەماهەنگ نیە. ئەدەبی نووسین لە پانتای نووسین و  رووبەرە کولتوریەکەیدا ناتوانێ لە دەرەوەی باوەڕە سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانەوە داهێنان بکات. لەم رووبەرە کولتوریەدا، سیاسەت و بۆچووونە سیاسیەکان نمایشی ئەو دۆخە خەفەتبارەی کۆمەڵگا دەکەن، تاکەکانی لە سەنگەرگرتنێکی بێوێنەی حزبسالاریدا، سەرقاڵی بن کۆڵ کردن و وێران کردنی هەموو جوانی و مرۆڤدۆستیەکن. 

لەم پانتایەدا زمان هیچ شاکارێکی ئەدەبی جوان و دانسقە ناتوانێ بنووسێتەوەو لە هێزو توانست کەوتووە.  زمانی بەکارهاتوو یا ئامرازێکە بۆ هێرش بردن و سووکایەتی کردن یا کەرەستەیەکی باشە بۆ  پیاهەڵدان و بەشان و باڵ هەڵدان و پیشەی شایەری. 

 

لێرەدا زمانی بەکارهاتوو  لە رووبەری مێدیاو سۆشیال مێدیادا رۆڵێکی زۆر خراپی دابەشکاری پێ سپێردراوە. زمان و ئەدەبی نووسین لێرەدا وێنای ئەو دابەشکاریە خەفەتبارەی کۆمەڵگا دەکات،  تاکەکانی تا سەر لێواڕی هەڵدێران و کارەساتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بردووە. 

هزرو بیرو مەعریفەی سیاسی و فەلسەفی لەم پانتایەدا،  ئالودەی پروپاگندەی وێرانکەری ئەو دامەزراوە مێدیایی و بکەرو لایەن و هێزە ناوەکیانەی کۆمەڵگایە، بێ ئاگا یا ئاگادار لە پێشهات و پاشهات و دەرەنجامە خراپەکانی کردارەکانیان، سەرلەبەری ژیانیان لە جوانی و هارمۆنیا خستووە. 

فشارە ناوەکیەکانی ناخی کۆمەڵگا پەیوەست بە ژیان و  دابین کردنی گوزەرانێکی شایستە و مسۆگەرکراوی ئاییندە، لە پاڵ گۆڕانکاریە سیاسیە هەرێمایەتیەکان و ململانێی زلهێزەکان لەسەر دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی وزەو مل شکاندنی ڕکابەرەکان و ئەگەری جەنگ و پێکدادانەکان، هێندەی تر کۆمەڵگاو تاکەکانی دووچاری دڵەراوکێ و نیگەرانی و خەفەت و ترس لە داهاتوو کردووەتەوە. 

 

زمانی نووسین و قسەکردن و دەربڕین لەم رووبەرە کولتوری و سیاسەدا، هێماو کەرەستەیەکی هەرزان بەهاو چەکێکی بەردەستی هەموو ئەوانەیە،  بەردەوامن لەسەر  پەروەردەکردنی رۆحی شەڕانگێزی و دروستکردنی  کۆمەڵگایەکی پڕلە دابەشکاری و ترس و تاکێکی پەڕگیرو و جڤاکێکی پەراوێزکەوتوو و پڕلە دڕدۆنگی و ئاڵنگاری و ئاییندەیەکی لێڵ و نادیارەوە. 

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×