رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو شوێنەیە تیایدا هەموو بەهایەکی ئینسانی بە پێی زەمەن و هەلومەرج و بەرژەوەندی و بۆچوون و مەزاجی کەسەکان، لە چاوتروکانێکدا گۆڕانکاریان بەسەردادێت و لە لایەن ئەهریمەنە گۆڕهەڵکەنەکانی جەنگەوە زیندەبەچاڵ دەکرێن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو شوێنگەیەیە بەردەوام لە بری دەنگی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوە هەلکردن و خۆشویستی و خۆشویستن، گوێت لە دەنگی دەهۆڵ و تەپڵی جەنگ و مالوێرانی و سڕینەوەو هەڕەشەی لەناو بردن و هێرش بردن و پەلاماردانە.
رۆژهەڵاتی ناوین چەقی هەموو ئەو رووداوانەیە، لە خراپترین فۆڕمیاندا جگە لە شپرزەیی و نیگەرانی و دڵەراوکێ و راکردن و کاولکاری، سیاسەت و ئابوری و سەرچاوەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرگیز نەخراونەتە خزمەت چاکەو بەرژەوەندی گشتیەوە.
زمانی گفتوگۆ لێرەدا زمان و ئەدەبی جەنگ و تۆڵەو پەلاماردانە.
لەم شوێنەدا سەرلەبەری جەمسەرە زەبەلاحە تێرنەخۆرە حازر خۆرەکانی هێزو ئابوری و پارەوپوڵ، بەردەوام لە جەنگ و ململانێدان و باجی ئەم ململانێیانەش تەنیا و تەنیا خەڵکێکی کەنارکەوتووی پەراوێزخراوی کۆمەڵگای بێماف و بەشمەینەت و داماو دەیداو دەکرێ بە سووتەمەنیەکی هەرزان و سووک وبێ نرخ و تا خواری خوارەوە بێ بەها دەکرێت.
رۆژهەڵاتی ناوین ئەو بەشە لە دونیایە، لەوەتەی بیری ناسیۆنالیزم قوتابخانە فکریەکان لە دایک بوونە، هەرگیز ئاسوودەیی و ئۆقرەیی و سەقامگیری سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەم شوێنگەیە، گێژەنگ و جوگرافیایەکی ئاڵۆزی چەقی پێکدادانی ئەو مرۆڤانەیە، هەر کامیان لە وێنا کردنی ژیان و ئاییندە، هەڵگری هیچ بیرۆکەو فکرو ئایدیاو پرۆژەو جوانیەک و روئیایەکی جوان و مرۆڤگەراو خواپەسەندانە نین.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەڕاست و چەقی خەونە گەورەکانە. بەڵام نەک خەون بینین بە پێکەوەژیان و قەبوڵ کردنی یەکترو هەوڵدان بۆ دروست کردنی دونیایەکی جوانتر و پڕ لە ئاسودەیی و کامەرانیەوە بۆ هەمووان.
رۆژهەڵاتی ناوین ئەو شوێنەیە کاتێک ئەخەوی، خەڵکانێکی تر هەن لە بری تۆ خەونت بۆ دەبینن و ئێستاو داهاتووت بۆ رەنگرێژ و چارەنووست بۆ دەنووسنەوە. ئەو ژوورەیە هەر کاتێ خەوت لێکەوت کابوسێک لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە وەک بەڵاو شەبەح تارمایی و دێوەزمەیەکی ترسناک خۆی ئەکا بە ژوورەوەو ئاڕاستەی هەنگاوکانی ئێستاو داهاتووت دەگۆڕێ و ئەتخاتە دۆخی هیچ نەکردن و دەست بە خۆ بەردانەوەو داماویەکی درێژخایەنەوە.
ئەم کابوسە بەوە دەناسرێتەوە هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی نەرێنی و ترسناکە. تۆڵە کردنەوە و خوێن، ئاگرو ئاسن، زەبروزەنگ و ترس و تۆقاندن و دیکتاتۆریەت، برسێتی و هەژاری و بێ دەرەتانی، وێرانی و مەرگ.
تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر رۆبچێتە ناو کاولکاری و ئاگروخوێنەوە، قاقای پێکەنینی زلهێزەکان زیاتر و بەرزتر دەبن و تا کەشکەڵانی فەلەک مەودا دەبڕن.
تا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوورتردەکەویتەوە، دەنگی قاقای پێکەنینی رۆبۆتەکانی مەرگ و ئابوری بە جوانی ئەبیستی و گورگ و مەڕ لێک جیا دەکەیتەوە.
زۆر هەڵەیە، گەمژەیی و کوربینی سیاسیە پێت وابێ لێکەوتەکانی جەنگ خۆشی و کامەرانیە. نەفامی سیاسیە لە چاوەڕوانی تەقینی یەکەم بۆمباو یەکەم فیشەکدا، بەدەم خواردنەوەی قاوەیەکی تاڵەوە لەمسەر دونیا چاوەڕێی تێکچڕژان و نانەوەی کارەسات و تراژێدیایەکی تردا چرکەساتەکان بژمێری و بیرت لای چینینەوەی دەسکەوت و هەڵگرتنەوەی بەرژەوەندیە تاکە کەسیەکان بێت و بە خوێنی بە ناحەق رژاوی مرۆڤە بێ تاوانەکانەوە، دەستنوێژ بگری و گشتی بکەی بە قوربانی پێکێکەوە.