لە جیهانێکدا دەژین هەندێ هێزی ئەهریمەنی، هەندێ سیستەم و بکەرو کاراکتەر و قوتابخانە و ئەو ئایدیۆلۆژیاو مەعریفەو فەلسەفەی لە پشت ئەم هێزانەوەن، رێگا بە خۆیان ئەدەن ئەوانیدی بخەنە ناو قەفەسی تۆمەتبارکردن و تاوانباریەوەو دادگاییان بکەن و لە چاوترووکانێکدا بە سزای خۆیانی بگەیەنن. بۆ ئەم بە سزاگەیاندنەش پشت بکەنە سەرلەبەری یاساو رێساو عورفە نێودەوڵەتیەکان و تۆزقاڵێک رێزیان بۆیان نەبێت و وەک یاریە لاستیکیەکان یاریان پێ بکەن.
ئامادەیی ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە لە هەستێکی خۆبەزلزانین و لەخۆبایی بوونەوە سەرچاوە دەگرێ و هێزە ئەهریمەنیەکەی پێ دەناسرێتەوە. ئەم هێزە هەڵگری شوناسێکی دەمارگیرو خۆبەهەموو شت زان و خۆبەزلزان و بێ باکە بە مرۆڤایەتی. بیرکردنەوە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە فکریە فەلسەفیە، بەلای هەڵگرانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، دەچێتە خانەی خیانەتی گەورە بە رەگەزو شوناس و مێژوو و شکۆی نەتەوەی سەردەستەوە.
شکۆی نەتەوە لای ئەم هێزە لە روانگەیەکی مێژوویی و ئایینیەوە دوو دیوی هەیە. دیوێکیان پێدراوێکی بەپیرۆزکراوو ئەویتریان دروستکراوو هەژمونگەرایە.
پێدراو بەو مانایای لە ئەزەلەوە بە پێی دەقە ئاسمانیەکانەوە بە پیرۆزکراوەو ئەم تایبەتمەندیە، رۆحێکی خوایی و ئاسمانی و ئایینی و پیرۆزی بەبەرداکراوەو نکۆڵی کردن لێی، تاوان و ناپاکی و خیانەتێکی گەورەی ئەرزی و ئایینی وئاسمانیە بەرامبەر بە خوا.
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە هێمایە بۆ بیرتەسکی و دەمارگیری و رەگەزپەرەستی بێ هاوتای بکەران و هەڵگرانی ئەم ئایدیایە و گوتارە دینی و هەژمونگەرایەکانیەتی.
ئەم بیرکردنەوەو وێناکردنەی جیهان بەسەر دووبەرەی خۆمی ( خێر ) و ئێوەی ( شەڕ )، ئەشێ یەکسان بکرێ بە ئایدیۆلۆژیایەکی بێمار و هەڵگری ماهیەتی رەت کردنەوەی سەرلەبەری ئەو شتانەی لەو ناچن و وەک ئەو بیرناکەنەوەو دیدگای جیاوازیان هەیە. یا رەتکردنەوەو لەناوبردنی هەموو ئەوانەی هەوڵی یەکسانی و دادپەروەری و پێکەوەژیانیان کردۆتە خەمی گشتی و بێوچان بە ئاڕاستەی یەکسانیەوە کار دەکەن و ئاڕاستەیەکی رۆشنیان گرتۆتەبەر.
ئەم ئایدیۆلۆژیایە بە هەموو فۆڕمەکانیەوە، لە رووبەری کۆمەڵگاکاندا شتێکی نامۆیە بە واقعی سەر ئەرز و پەیامە ئاسمانیەکان، نامۆیە بە فاکت و حەقیقەتە مێژووییەکان و نامۆیە بە خودی چەمکی مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتیەوە.
هەڵگرانی ئەم گوتارە دینیە هەموو شتی ( باش) بەخۆیان رەوا دەبینن و ئەوانیتر تەنیا لە حاڵەتی سەرکز کردن و ملدان و گوێڕایەڵی بەمان، مافی ژیان کردنیان هەیە و ژیانیان پارێزراوە.
ئەو لێکەوتە نەرێنی و خراپ و مەرگەساتانەی تا کوئێستا ئەم هێزە لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی دروستبوون و گەشەی فکریەکەیدا، دەستی خستوون، کۆمەڵە دەسکەوتێکن، خوێنیان لێ دەچۆڕێ و لەسەر ڕشتن و مژینی خوێن و کاولکاری و ماڵوێرانکردنی خەڵکانی تر و سڕینەوەو پاکتاوکردن و راگواستن و زەلیل کردن و بێ ماف و بێ ژیان کردنی رەگەزی ترەوە بەدەست هاتوون و بەرگێکی یاسایی و ئاسایی و ئاسمانیشیان پێدراوە.
ئەوەی ئەم هێزە دەجووڵێنێ گوتارێکی شۆفینی و رادیکاڵی نەژادی و تووندڕۆیی ئایینیە بەوەی ئەمان هەڵبژێردراوی خوان و گەلانی تر لە سەردەمی دایناسۆرەکانەوە خوڵام و خزمەتکارو بەردەستی و نۆکەری ئەمان بوونە. ئەمان هێما بۆ پیرۆزبوونێکی پوچەڵ و دروستکراوی رەگەزیەوە دەکەن، لە هیچ کام لە ئایین و ئایینزا ئاسمانیەکان و فەلسەفەی مرۆڤایەتی هێمای بۆ نەکراوەو بە تووندی ڕەت کراوەتەوە.
هیچ کاتێک دەسکەوتە گەورە سەربازیەکان، شارستانیە هاوچەرخەکان، پەرەسەندە ئابوریەکان، داهێنانە زانستیە سەرسووڕهێنەرەکان و داهێنانەکانی پیشەسازی و پزشکی و بواری تێکنۆلۆژیاو ئای تی، نابن بە هەڵکشانی شکۆی نەتەوەو خۆهەڵکێشان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەو لە قالبدان و تەسلیم کردنی ئەوانیترو زاڵبوون بەسەر هەموو جیهان و گەلان و بە کۆیلەکردنی مرۆڤایەتیەوە.
ئەوەی لە گشتێکی ئاڵۆزکاوی رووبەری ئەم جیهانە ئاڵۆزو پڕلە ململانێ و گێژەنگەدا شکۆ بە نەتەوەو تاک و مرۆڤ و خاک دەبەخشێت، تایبەتمەندیە مرۆییەکان و رۆحی مرۆڤدۆستی، بەزەیی، ئەخلاق و نەرمونیانی و مێهرەبانی و ویژدان و ئاکاری جوانە، نەک بە دوژمن کردنی هەموو دونیاو هێماکردن بەوەی، من چونکە سەردەمانێک هەڵبژێردراوی خوا بووم، ئێستاکەش بۆم هەیە لە چەشنی هەڵبژێردراوی خواو پیرۆزی خۆم و ئایینەکەم و بە ناوی خواوە لەسەر زەوی، دادگایی هەموو ئەوانە بکەم
( بەخوا بوون و بە پیرۆزکردنی من) رازی نین و ملکەجی باڵادەستی و گەورەیی و ئامۆژگاری و هەژمونی من بەسەر کایەی دونیاو پانتای ژیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نابن و بە هەڕەشەیان دەزانم لەسەر گەورەیی و بوون و باڵادەستی خۆمەوە. هەربۆیەش بۆم هەیە بە بیانوو یا بێ بیانوو بەهەموو میکانێزمێکی بەردەستەوە لە قالبیان بدەم و بیانکەم بە مرۆڤی گۆێڕایەڵ و بێ ماف و بێ ژیان و بێ شوناس و زەلیلەوە.