تەمەنی مرۆڤ پرۆسەیەکی تیژڕەوەو بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر، داڵان و بۆشاییەکانی زەمەن دەبڕێت و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت. تەمەنی مرۆڤ وەک گشتێکی پێدراو، وەک تارماییەکی نەبینراو، توانای پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی زەمەنی نیە. بەڵام ئەتوانێ بە ناو جەرگەیدا رەت بێت و هتچ ئاسەوارێک و هێماو نیشانەیەک لەدوای خۆیدا بەجێ نەهێڵێ.
تەمەن، تارماییەکی نەبینراوی هەست پێکراوی ناوەکیە. گرێدراوو وابەستەی دۆخی سایکۆلۆجیای مرۆڤ و ئەو ماوە زەمەنیەیە، مرۆڤ بۆ بەسەربردنی چەند چرکەساتێک و رۆژ و مانگ و ساڵان، بۆ ژیان کردنێکی کورت لەسەر گۆی زەوی پێی بەخشراوە. بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر زیندوێتی مرۆڤ و گیان لەبەربوون و هەناسەدان و جموجۆڵەکانی.
تەمەن و رۆحی مرۆڤ لە ئاويتەبوونێکی مێتافیزیکیدا،لە قووڵاییەکی نەبینراوی ناخی جەستەی مرۆڤدا پێک دەگەن و هەڵگری حەقیقەتی مەلموسی مرۆڤ و ئەو ئاڕاستەیەن، رەنگبێ خودی خۆی رۆڵێکی بچوکی لە فۆڕم گرتن و تایبەتمەندیەکانیدا هەبووبێ . تەمەن، هێمای ئەو ماوەو بڕگە زەمەنیەیە بە مرۆڤ بەخشراوەو خۆی ، هیچ رۆڵێکی لە کورتی و درێژبوونیدا نیە.
تەمەنی مرۆڤ هەمیشە هەڵگری یادەوەریەکانی ئەو قۆناغە جیاوازانەیە، مرۆڤ بەدەر لە خواست و ئیرادەی خۆی، پێیاندا گوزەر دەکات و تێدەپەڕێ و بێ ئاگا و بێ خواستی خۆی و لە کارلێکی رۆژانەیدا، فۆڕم دەگرێ و شوناسی پێ دەبەخشێ.
یاداوەریەکان پاکێجی سەرلەبەری ئەو ئەزمون و چرکەساتانەن مرۆڤ لە ناخی خۆی و قووڵایی هزریدا تۆماریان دەکات و لە چەشنی کۆمەڵە ئەزمونێکی بارگاویکراوی ئانالۆگ و دیجیتالیدا، هەڵیاندەگرێ و دواجار دەبن بە بەشێک لە ئەرشیڤی رابردووی پڕلە هەڵکشان و داکشانی پرۆسەی ژیانیەوە.
یادەوەریەکان وێنای ماڵێک و کۆشکێکی کۆنن، مرۆڤ ئەشێ بۆ بینینی سەردانیان بکات و لە پیاسەیەکی خێرادا بە ناو کونج و کەلەبەرەکانیدا بگەڕێت و بەشێک لە یادەوەریەکانی زیندوو بکاتەوە. بەڵام بیری نەچێ ئەم خانووە کۆنە، ئەم تەلارە هیچ پەیوەندی بەئەمڕۆیەوە نەماوەو چیتر بۆ مانەوەوژیان کردن و ئاوێتەبوون لە ناویدا ناشێت. تەنانەت هەوڵدان بۆ بەرهەم هێنانەوەیشی، هەوڵدانێکی عەقڵانی نیە و خۆهەڵواسین پێیانەوە، یەکسانە بە پاشاگەردانی و چەقین لە رابردوودا.
یادەوەریەکانی ژیانی پڕلە ئێشو ئازار، هەمیشە تێکەڵەیەکی سەیرن لە ئازارو سەختی. مرۆڤ واڕاهاتووە بۆ ڕاکردن لە ئازارەکانیەوە، پەنا بەرێتە بەر سەختیەکانی ژیان. لێرەدا پرۆسەی بە سەختی کردنی ژیان لە تاو ئازارەکان، پرۆسەیەکە هەمیشە لە سەرەتادا وەک ئاڵنگاریەکی گەورە دەردەکەوێ.
ئازارەکانی ژیان وێنای ئەو دۆخە ناڵەبارو ناهەموارو قورسانەن، رەنگە دەیان هۆکارو فاکتەرو بکەری جۆراوجۆر لە ئامادەییاندا رۆڵیان گێرابێ و لە خرابترین حاڵەتدا، بکەونە دەرەوەی دەسەڵات و هێزو مەودای جوڵەو توانست و ئیرادەی مرۆڤەوە.
ئێمەی مرۆڤ لە سەردەمێکدا دەژین، ژیان بەهۆکاری زۆرەوە لەهەموو لایەکەوە لە ژێر فشارێکی نەبینراوو بینراوو پرۆسەیەکی گۆڕانکاری خێراو تەفروتوناکردندا لە جینگڵدایە.
بەشێک لەم فشارانە دەرهاوێشتەی هێزەکانی دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤن. بەشێک لە فشارەکان، حەقیقەتی ئەو دۆخ و هەلومەرج و بکەرانەی کۆمەڵگان، لە دەرەوەی ویست و دونیای ئێمە و خواستەکانمانەوە، سەرقاڵی دروست کردنی دونیایەکی تایبەت بەخۆیانن و بێ گوێدانە کۆ، ئەسپی تیژرەوەی خۆیان تاو ئەدەن و سنگی کۆمەڵگاو زەمەن هەڵئەدڕن.
لە هەلومەرج و بڕگەیەکی زەمەنی لەمشێوەیەدا، مرۆڤەبێ دەرەتانەکان، بۆ خۆدزینەوە لەو ئازارانەی ئەوان هیچ رۆڵێکیان لە بەرهەم هێنانیاندا نیە، پەنا بۆ قەبوڵ کردنی سەختیەکانی ژیان دەبەن و لەم ململانێیەدا تاسەر ئێسقان هەست بە ئازارەکانیان دەکەن و دەتلێنەوە.
هەمیشە بڕێکی زۆر لە ئازارەکانی کایەی ژیان و پانتای کۆمەڵگا، پێدراوو یا دروستکراوی دەرەوەی مەیل و خواستی ئێمەن. سەختیەکانیش ئەو وێستگەیەو بڕگەیەن، ئێمەمانان بۆ خۆدزینەوە لە ئازارەناکۆتاکانەوە، پەنایان بۆ دەبەین و لەئەگەری بەردەوامبوونیشیاندا، خۆمان و ئیرادەمانیان ڕادەست دەکەین و بە ناچاری و لەوپەڕی بێ ئیرادەییدا تەسلیمیان دەبین و لە رووبەری تێکەڵەیەکی (سەختی و ئازارەکان)دا ون دەبین و دەتوێینەوە و دەبین بەهەمان ئەو تارماییەی، بە ناو زەمەندا گوزەر دەکات و تێدەپەڕێ.