هەژمونی خێڵ و رۆڵی دیوەخان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-07-12     446

هەندێ رووداوی بچووکی کایەی سیاسی و رووبەری کۆمەڵایەتی لە فۆڕمێکی کتوپڕو زۆر سەیردا،  وێنای کۆمەڵگایەک دەکەن، تا سەر ئێسقان  لە پاشاگەردانیەکی کوشندەو سەرگەردانی و دۆخێکی نەخۆش و وێرانکەردایە. 

 

هەندێ رووداوی بچووک لێرەو لەوێ لە پانتای کۆمەڵگای کوردی روو ئەدەن، وەک حەقیقەتێکی تاڵ و بەڵگەیەکی سەلمێنەرو حاشا هەڵنەگر،  هێمای زیندوون بۆ کۆمەڵگایەکی فۆڕم گرتوو لە دەرەوەی باوەڕە نیشتیمانی و نەتەوەیی و دەوڵەتداریەکانەوە. 

 

ئەگەر رووداوەکەی قەزای خەبات وەک نمونە وەربگرین ئەشێ بێژین ئەوەی ئەمدواییە لە قەزای خەبات روویدا،  نموونەیەکی بچووک و بەرچاوی حەقیقەتی شوناسی کۆمەڵگای کوردیەو بۆی هەیە لە داهاتوودا لە شوێنگەو کاتوساتی جیا و بە فۆڕم و بکەر و رەهەندی ترەوە روو بداتەوە. 

 

لە کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیەدا ئەوەی حوکم دەکاو لە سەرووی گشت یاساو رێساکانە، خێڵ  و گەورەی خێڵ و ئەو باوەڕە خێڵەکیانەن،  لە چەشنی دەقی پیرۆز کراوو باڵا،  هەژمونیان بەسەر هەموو دامەزراوەیەکی کۆمەڵگای مەدەنیەوە هەیە. سەرۆکی خێڵ هەڵگری دەستوورێکی نەنووسراوو پاکێجی هەموو ئەو شتانەیە هێزودەسەڵاتی پێ دەبەخشن. 

ئەو رەنگرێژی ئێستاو داهاتووی خێڵ و ئامانج و پێناسەکەی دەکا. دادگاو دادوەرو دامودەزگا دادوەریەکان، هێزو دامەزراوە ئەمنیەکان و پۆلیس و ئاسایش لە دەرەوەی دونیای خێڵ و دیوەخانن و تا ئەو ئاستە ڕێزلێگیراون، سنووری خێل و پیرۆزیەکانی نەبەزێنن و دەست درێژی نەکەنە سەر بوون و ماهیەتی خێڵەوە. 

 

خێڵ لێرەدا لەیەک کاتدا هەم  ئومێدبەخش و ژیان بەخش و بەهابەخش و شکۆدارە،هەم ئەشێت ئەندامی خێڵ و دیوەخان بێ ژیان و بێ نرخ بکات.  زیاد لەمەش ئەشێت ببێ بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەشەی خودی دیوەخان و لە قاڵبدانی کۆمەڵگای خێڵ ورێگریکردن لە هێنانە کایەی یەکسانی و دادپەروەری لە ناو یەکەی خێڵ بە گشتی. 

 

لە روانگەو گۆشەنیگایەکی مێژوویی و کولتوریدا،  بنەمای فکری خێڵ لەسەر مەبنای گەورەیی و سەردەستەکردنی خێڵ و باڵاکردنی سەرلەبەری پێکهێنەرو پێدراوەکانی ناوەکیەکەیەتی و لە دەرەوەی ئەم تێگەیشتنە هەموو تێگەیشتنێک پوچەڵ و دژبەرو ناپاکە و دواجار  ئەپووکێتەوە.  

 

ئەشێ سنووربەزاندنی قەڵەمرەوی خێڵ لە لایەن خێڵ یا خێڵەکانی تر، جەنگ و پێکدادان و شەڕی دەستەویەخەیەکی گەورەی لێ بکەوێتەوەو بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت. 

لەم کۆمەڵگایانەدا خێڵ و خزم و عەشیرەت و پەیوەندیە خوێنی و خزمایەتیەکان هەژمونیان بەسەر هەموو دامەزراوە یاسایی و دەستووریەکانەوە هەیە. خێڵ لەم کۆمەڵگایانەدا هەڵگری شوناس و دونیابینی و کولتورو دابونەریتی تایبەت بە خۆیەتی و پاشەکشە کردن یا پێشێل کاری رووبەرووی سزای تووندی خێڵ دەبێتەوە. 

 

لێرەدا عورفی دانپیانراو، یاسای بەرکار و دامەزراوە فەرمیەکان کەوتوونەتە پەراوێزی دیوەخان و رووداوەکانی دەرەوە تا ئەو کاتەی هەڕەشە نەبن بەسەر خێڵەوە، دەبێ زۆر ئاسایی وەبگیرێن. 

کۆمەڵگای خێڵ لە رووکەشدا کۆمەڵگایەکی مەدەنی و بە دامەزراوەیی کراوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا شتێکی ترە. 

کۆمەڵگا لە دۆخێکی وادا وەک گشتێک بەردەوام لە لایەن هێزە ناوەکیەکانی سەر بە جەمسەرەکانی هێزوپارەو خێڵ و خزمایەتی لە ژێر فشارێکی گەورەدایە. خێڵ دیوەخانی هەیە، هێزو چەکدارو سەرچاوەی دارایی هەیە. هەڵبەت نەک دیوەخانێک تیایدا باسی مەعریفەو روناکبیری و پێشکەوتن و ناسیۆنالیزم بکرێت. بەڵکو دیوەخانەکان لە چەشنی  کۆمەڵە حکومەتێکی بچوکی ناو دامەزراوە گەورەکەی حکومەت، خاوەنی یاساورێساو عورف و دەستوورو باوەڕە جێگرەکانی سەر بە دونیای خۆیانن. 

ئەم دونیایە زۆر جیاوازە لە دونیای دەرەوەی دیوەخان و ئەندامانی دتوەخان لە چەشنی کۆمەڵە ژەنەراڵێکی بێ ئەستێرەو گیانفیدا، پێکهاتە سەرەکیەکەی دیوەخان پێک دەهێنن و لەسەروو یاسا و رێسا مەدەنی و دەستووریەکانەوەن. 

 

لای ئەندامانی دیوەخان، ئایدیۆلۆژیا، ناسیۆنالیزم، نەژاد و حزب و سەرلەبەری دامەزراوەکانی سەر بەدەوڵەت دەکەونە دەرەوەی دونیای بەرتەسکی دیوەخانی خێڵەوە. چەمکی دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و گفتوگۆ، بێ نرخترین مەفاهیمی ناو دونیای خێڵ و دیوەخانن. کۆمەڵگای خێڵەکی  کۆمەڵگایەکی کۆنسەرڤاتیڤە و بە ئەستەم  دەکەوێتە بەردەم شەپۆلی گۆڕانکاریەکانەوەو تا بۆی بکرێ رووبەرووی پرۆسەیەکی لەمجۆرە دەبێتەوە.    

 

ئەندامانی دیوەخان بروای تەواویان بە شکۆی دیوەخان و پاراستنیەوە هەیە و ئامادەن تا دوا دڵۆپەی خوێن بەرگری لێ بکەن. سەرۆکی دیوەخان دەسەڵاتی تەواوی بۆ لەماف خستن و لە ژیان خستن و بە پێچەوانەشەوە،  لە لایەن بکەرو ئایکۆن و ئەندامانی دیوەخانەوە پێدراوە. دیوەخان خاوەنی بودجەو پرۆژەو دەسەڵاتێکی ئابوری و  قەڵەمرەوی خۆیەتی و لە رووی دارایی و سەربازیەوە سەربە حکومەتی مەدەنی و دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە نیە و تا ئاستێکی باڵا سەربەخۆیە. 

 

 دەوڵەت و حکومەت لێرەدا لە روانگەی یاسای دیوەخانەوە، کۆمەڵە دامەزراوەیەکن،  ناچارن ملکەجی دامەزراوەی دیوەخان بن و دژایەتی نەکەن و  هەوڵی بەزاندنی سنوورو قەلەمرەوی دەسەڵاتی خێڵ و سەرۆکی دیوەخان و کۆی گشتی ئەو شتانەی پەیوەستن بە دیوەخانەوە نەدەن. 

 

لە کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیەدا شوناسی سەردەستە ، شوناسی خێڵەو ئەوە سەرۆکی خێڵە شوناس و پێناسەکان و بەرژەوەندیە خێڵەکیەکان دەخاتە سەرووی گشت بەهایەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و  نۆڕم و تێگەیشتن و یاساورێسایەکی مەدەنی و دەوڵەتداریەوە. دەوڵەت لێرەدا ناچارە ملکەجی دیوەخان بێت و لەدەرەوەی ئەم تێگەیشتنە تەسکە هەموو جۆرە تێگەیشتنێک پووچەڵ و زیانبەخش و مەیرسیە. 

 

لەو کۆمەڵگایانەی هەڵگری ئەم تایبەتمەندیانەن، قسەکردن لە دروست کردنی کۆمەڵگای مەدەنی و پێشخستن و پێشکەوتن و بە دامەزراوەیی کردن و مەعریفەو روناکبیری، گوللە نانە بە تاریکیەوە و کوتانی ئاسنی ساردو هەوڵدانێکی بێهودەیە. 

لە دۆخێکه ئەمجۆرەدا کۆمەڵگا لە لایەن بکەرەکانی هێزە ناوەکیە شاراوەکانەوە بەردەوام پەلامار ئەدرێ و بونیادی مەعریفی و فەلسەفی و بەهاو نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکەی لەژێر گۆڕانکاریەکی خراب و هەڵتەکان و ئاڕاستەیەکی ناجۆردایەو  ئەشێت لە دوورمەودادا هەڵتەکێ. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و گۆڕانکاری نەکردن لە عەقڵەکان، بۆی هەیە کۆمەڵگا لە ناو پاشاگەردانیەکی کوشندەو وێرانکەردا  بهێڵێتەوەو  بەردەوام بۆ دواوە بگەڕێتەوە.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×