لە سیستەمی دیموکراسیدا هیچ کەس بێ تاوان نیە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-07-26   

ژان بۆدریلارد، فەیلەسوفی فەرەنسی پێی وایە لە سیستەمی دیموکراسیدا،  هیچ هاوڵاتیەک بێ تاوان نیە: “ In a democracy، no one is innocent”. 

بەم بۆچوونەی،  ژان بۆدریلارد هێما بۆ حەقیقەتێکی سادە دەکات. ئەو پێی وایە لە هەموو سیستەمە دیموکراسیەکاندا، هاوڵاتیان بەرپرسیارن بەرامبەر بەو حکومەتەی حوکمیان دەکات. 

 

ئەم بەرپرسیارەتیە ئەرکێکە هاوڵاتی چ لە حاڵەتی بەشداری کردن یا بەشداری نەکردنی ڕاستەوخۆ  لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا، دەکەوێتە سەرشانی و ناتوانێ خۆی لێ بەری بکات. چونکە لەهەردوو حاڵەتەکەدا هەر بریارێک لە لایەن حکومەتی هەڵبژێردراوەو دەربچێ یا هەر سیاسەتێک پێڕەو بکرێت، ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و ئاڕاستەی و  تاک و هەنگاوەکانی کۆمەڵگاوە هەیە.

 

ئەم پێی وایە لە سیستە دیموکراسیە مۆدێڕنەکاندا، هاوڵاتی هەموو روئیایەکی سیاسی لێ سەندراوەتەوەو کراوە بە تاکێکی گوێڕایەڵی روئیا سیاسیەکانی حوکمڕان و بێ ئەوەی هەستی پێ بکات، ملکەجی دونیابینیەکانی دەستەبژێری حوکمڕانە. بەم پێیە  دەستەبژێری حوکمڕان بە سوود وەرگرتن لە هەڵبژاردن و سیستەمی بە پیرۆزکراوی دیموکراسیەوە لە بری کۆمەڵگا بیر دەکاتەوەو سیاسەت دادەڕێژێ و حوکمی کۆمەڵگا دەکات و هەر لادانێکی هاوڵاتیش بە لە یاسادەرچوو وێنا دەکات و هەر بە یاساش رووبەرووی دەبێتەوەو دەستەمۆی کۆمەڵگا دەکات.

 

لێرەوە تاک لە بری بکەرێکی چالاک و مەدەنی و خاوەن فکر، گشت تواناو هێزی بڕیاردانی لێ دەسەندرێت و لە چەشنی رۆبۆتێکی بۆ رۆح و گیان و بێ ماف و بێ خەون، ناچار بە گوێڕایەڵی ئەو سیستەمە دەکات، خۆی دەنگی بۆ داوەو هەڵیبژاردووە. 

 

تاک لەمجۆرە سیستەمەدا لە وێنای بەکاربەرێکی رووتەوە، ناچارە لەگەڵ رەوتی رووداوەکان بڕوات و واز لە خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی بهێنێ و  کڕنۆش بۆ دیموکراسی، وەک پێدراوێکی پیرۆز و حوکمڕانان وەک جیێشینانی خواوەندەوە بەرێت و بە موو لە بریارو یاساکانی لانەدات و دیموکراسی و دەستەبژێری حوکمڕان بە پیرۆز بزانێ. 

 

لە وێنای ئەرەستودا مرۆڤ لە چەشنی ئاژەڵێکی سیاسیدا هەمیشە خەون بە بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرو یەکسانەوە دەبینێ و هەوڵ بۆ بەرپاکردنی دادپەروەریەوە ئەدات. بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداری مۆدێڕن و دیموکراسیدا، مرۆڤ ئاڕاستەیەکی تری هەڵبژاردووە و گۆڕاوە بۆ بکەرێکی  بەکاربەرو بێدەنگ و بێ  فکرو لە رەخنەکەوتووەوە. لە دۆخێکی لەمجۆرەدا رەخنەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی پرتەوبۆڵە بۆڵی چایەخانەو رووبەرەکانی سۆشیال مێدیادا پەنگ دەخۆنەوەو سنووری فکرو کردار نابڕن و وەک بڵقی سەرئاو دەپووکێنەوە. 

 

لێرەوە ژان بۆدریلارد چیتر سیستەمی دیموکراسی لە قۆناغی سەرمایەداری بە حوکمڕانی هاوڵاتیان بەسەر چارەنووسیانەوە وێنا ناکات. لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا “ The trancparency of evil ( 1990), شەفافیەتی شەیتان، ناوبراو پێی وایە ئامانجی  ئایدیۆلۆژیای سەرەکی دیموکراسی شاردنەوەی ئەم حەقیقەتەیە: سەندنەوەی هێزو شکۆ لە سیاسەت و رێبازی سیاسی. 

ئەو پێی وایە سیستەمە دیموکراسیەکانی رۆژئاوا لە جوانی کەوتوون و رۆحی سیاسەت و فکرو ئایدیایان تیانەماوە. بەلای ئەوەوە ئەم

سیستەمە دیموکراسیانە لە یەک شتدا یەکدەگرنەوە ئەویش نمایشێکی پڕ حەماسی بێ مانای شانۆگەری چەند بژاردەیەک و هەڵبژاردنی جۆری حوکمڕانیە، نەک گێڕانەوەی ماناو مەغزاو ناوەرۆک و هێزو شکۆ، بۆ چەمکی سیاسەت و رێبازە سیاسیەکانی چوارچێوەی چاکەو  پاراستن و گەشەپێدانی بەرژەوەندیە گشتیەکان و خزمەت کردنی کۆمەڵگا. 

 

لە سیستەمە دیموکراسیە مۆدێڕنەکان گەل لە چەشنی گشتێک و پێدراوێکی کۆمەڵگا، لە هەموو فکرو ئایدیایەک خاڵی کراوەو ئەوەی لێرەدا گرینگە، ئەو روئیا پیرۆزەیە چەمکی “ دیموکراسی” و هەڵبژێردراوەکان هەڵگرینی،  نەک تاکی کۆمەڵگا. تاک بەلای ئەم سیستەمەوە کەنارکەوتوویەکی بێ ئیرادەیە، تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەخرێتە سەنتەرەوەو بایەخی پێ ئەدرێ و لە رێگەی ئامرازەکانی راگەیاندنەوە پەلکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان ئەکرێت. بەڵام دواتر خواستەکانی  دەخرێنە خانەی فەرامۆشیەوەو سەرەنجام لە رێگەی فێڵێکی “ دیموکراسیەوە”، دیسان دەخرێتەوە پەرواێزی پرۆسەی سیاسی و رەوتی رووداوو و بریارەکانەوەو دەنگی نابیسترێ. 

 

بەلای بۆدریلاردەوە هێزو توانستی سیاسی حەقیقی لە ئێستادا، کەوتۆتە لای تۆڕی دامەزراوەو کۆمپانیا زەبەلاحە گەورەکانی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و پارەوسەرمایەو سەرمایەداری و قووڵایی تەکنۆلۆژیای بێ رۆح و ساردوسوڕو تۆڕە گەورەکانی مەس مێدیاو  دامەزراوەو دەزگا گەورەکانی خاوەن دەسەڵات و نفوزەکانی راگەیاندن و ماس مێدیا، نەک سیاسیە هەڵبژێردراوەکان و جۆری سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا. 

 

هێزو قورسایی و دەسەڵات و نفوزو کاریگەری  واقعی،  لای ئەم دەزگاو دامەزراوە زەبەلاحانەیەو سیاسە هەڵبژێردراوەکان تەنیا جێ بەجێکارو نوێنەرو فەرمانبەری گوێڕایەڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەم کۆمپانیاو دامەزراوانەن، نەک بەرژەوەندی و چاکەی گشتی و خزمەتی هاوڵاتیان. 

بەم پێیە خزمەت کردنی هاوڵاتی و پاراستنی بەرژەوەندیەکان، بەهیچ شێوەیەک لە ئەولەویەتی سیاسیەکاندا نیە و لە ریزبەندی ئەماندا، هاوڵاتی و کۆمەڵگا پلە دوو و سێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×