لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی دیموکراسی پۆست مۆدێرنەدا، بەرەی بەرهەڵستکاران هەڵگری ئایدیاو ئایدیۆلۆژیاو دونیابینی و بەرنامەی سیاسی و بیری رەخنەی بونیادنەری تایبەت بە دونیابینی و روانگە سیاسیەکانی خۆیانن.
بەرهەڵستکاری یەکسانە بە رەخنەی بونیادنەرو دیراسەکراوو خستنەرووی دیدگاو روئیا سیاسیەکان بە زمانێکی جوان و ئەدەبیاتێکی نەرمەوە. یەکسانە بە ئامادەبوونی رۆحیەتی کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و وازهێنان لە بەرژەوەندی تەسکی تایبەتی و لوتبەرزی و بێ باکی و حیساب نەکردن بۆ دۆخی سایکۆلۆژیای کۆمەڵگاو بە کەم سەیر کردنی یەکتریەوە.
بەرهەڵستکاران بە سود وەرگرتن لە کەشی دیموکراسی و ئازادی ئاخاوتن و ئەو کەرەسە مەعنەوی و مێدیایی و دیموکراسیانەی لە ژێر سایەی دیموکراسی خراوەتە بەردەستیانەوە، کار دەکەن و چالاکی دەنوێنن و وەک بەرە یا حزب و هاوپەیمانی یا بەرەی بەرهەڵستکارانی خاوەن روئیاو خەون و شوناسەوە، لە لایەن پارتە حوکمرانەکانەوە مامەڵە دەکرێن.
لەمجۆرە کەشە دیموکراسیەدا ئۆپۆزیسیۆن یا بەرهەڵستکاران بە زمانێکی نەرم و شارستانی و دوور لە چەواشەکاری مێدیایی و هەوڵی ناوزڕاندن، سوکایەتی کردن وبەلارێدابردن و هێرش کردن بۆ مێژوو و رابردووی کەسایەتی و کاراکتەرە سیاسیەکانی دەوڵەت دەدوێن و بەشداری چالاکانەیان لە رەوت و پرۆسەی سیاسی و بەرەپێشەوەبردنی جڤاک و چارەسەری کێشەکان و ئاراستەکردنی رووداوەکاندا هەیە.
هەژمونگەرایی لەسەر شەقام و هەوڵدانی بۆ باڵادەستی مێدیایی، لە سیستەمە دیموکراسیەکاندا، چ لە لایەن بەرەی بەرهەڵستکاران یا حزبە حوکمرانەکانەوە حاڵەتێکی ئاسایی و یاسایی و سرووشتیە. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەو ئەرکوبەرپرسیارەی ئەکەوێتە سەر شانی دەسەڵاتدارانەو، زۆر گەورەترو هەستیارترە لەو بەرپرسیارەتیەی دەکەوێتە سەر شانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە.
پارتەکانی سەربەم دوو بەرەیە لە ژێر هەر بارودۆخێکدابن، پەنا بۆ پێکداهەڵشاخێن و مل شکاندن و سوکایەتی پێکردن بە یەکتریەوە نابەن و هەر کامیان ئاراستەی کاری خۆی دەزانێ و رەوتی کاروچالاکیەکان بە رێچکەی خۆیدا دەڕوات و هیچ کامیان لە یاساورێسا باوەکانی سروشتی کارکردن و عورفی سیاسی و رێکارو باوەرە یاساییەکان لانادەن و بەدوای دروست کردنی گێژەنگ و قەیران و گەڕەلاوژێ و هاشوهوشی راگەیاندن و ئاڵۆزکردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵاتیەوە نین.
بەڵام هەروەک تێبینی دەکرێ، ئەم پرەنسیپ و فەزای کارکردنە لە هەرێمی کوردستان رێک پێچەوانەیە.
ئۆباڵی ئەم دۆخە نەشازەش بۆ بەشێکی سەرەکی سروشت و ناواخن و ئامانجی کارکردنی سیاسیەکان و نەشارەزاییان لە شێوازی کارکردن و رەفتارو مامەڵەی سیاسی دەگەڕێتەوە.
بەشەکەی تریشی پەیوەستە بەو مێدیاکارو رووبەری مێدیا زەبەلاحە نائاکادێمی و نابابەتیەی، لە ئەرکە مێدیایی و بەرپرسیارەتیە هەستیارو مێژووییەکانی بەرامبەر کۆمەڵگا دوورکەوتۆتەوەو ئیش لەسەر بنەمای ستراتیژی کارو کاردانەوەو کردارو پەرچەکردارو هەڵچوونەکتوپڕەکانەوە دەکات و بەگشت پێوەرێک، مامەڵەکەی نالۆژیکی و ناعەقڵانی و بازاڕیانەیە.
لە دۆخێکی لەمجۆرەدا ئۆپۆزیسیۆن لەوەتەی لە دایک بووە بە رۆحیەتی تۆڵەسەندنەوە، لەسەر دروست کردنی ناتەبایی، تێکدانی یەکریزی نیشتیمانی و نەتەوەیی و جۆشدانی رۆحیەتی تۆڵەسەندنەوەو ئاڵۆزکردنی بارودۆخی سیاسی و سواربوونی شەپۆلی جەماوەری رەخنەگر و نارازی و دڕدۆنگ و بێزار، سەرمایەگواری کردووەو نەیتوانیوە بۆ بونیادنانی روئیایەکی بونیادنەرانەی مۆدێڕنی بەرهەڵستکارانەوە هەوڵەکانی چڕ کاتەوە.
بەرەنجامی ئەم نەفەسەی کارکردنەش هەموو جار، زیاتر دابەش بوونی کۆمەڵگاو دابەشکاری چینایەتی و هێنانە کایەی فەوزاو ئاڵۆزی زیاتر بووە، نەک چاکەی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بەرجەستەکردن و رەنگدانەوەیان بەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگا و پێشنیاری بونیادنەری چارەسەری گرفتەکانی پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە.
چەند حزبە حوکمڕانەکان لە ئاست کۆمەڵگاو ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ژیان و دابین کردنی گوزەرانی شایستەو خزمەتکردنی کۆمەڵگاوە بەرپرسیاربن، بەرەی ئۆپۆزیزسیۆنیش، گەر زیاتر نەبێ، بەهەمان ئاست بەرپرسیارن. بەرپرسیارن لە هێنانەکایەی دۆخێکی گونجاوو ژینگەیەکی تەندروست بۆ گفتوگۆکردنی سەرلەبەری ئەو پرس و گرفتانەی رووبەرووی کۆمەڵگا بوونەتەوەو پێویستیان بە چارەسەری بە پەلەو درێژخایەنە.
بەداخەوە لە غیابی نەبوونی ژینگەیەکی تەندروستی دانوستان و یەکتر قەبوڵ کردن و ئاشتەوایی سیاسی و وەلانانی زمان و ئەدەبیاتێکی زبری رەخنەگرتن و وازهێنان کە بەشینەوەی تۆمەت و بوختانی بێ بنەما و تەنانەت بە ( بنەماش)، هیچ گفتوگۆیەک دەرەنجامی دڵخۆشکەر نادات بە دەستەوەولێکەوتە نەرێنیەکانی زیاتر دەبن. دەرەنجامی ئەم شێوازە لە گفتوگردنەش، گەورەتر بوونی کەلێنی نێوان بەرهەڵستکاران و لایەنە دەسەڵاتدارەکان و هاونیشتیمانیان و هەڵکشانی گرژی و تەنگژەی نامتمانەیی و داڕمانی ڕێزو تەشەنەکردنی هەلومەرجەکانی ژیان و گوزەران و زۆربوونی کەرەستەکانی سوکایەتی پێکردنە لە رێگەی مەس مێدیاو و پانتای سۆشیال مێدیاوە.