کۆماری دیموکراتیکی قەیران 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-08-04     278

کۆماری دیموکراتیکی قەیران شوێنێکە یا لە پێناسەیەکی باشتردا، ناشوێنێکە لە گۆشەیەکی خەیاڵدانی ئەو مرۆڤانەی بە هیوای هاتن یا دروست کردن یا بەرهەمهێنانی ئاییندەیەکی رۆشن و بێ کێشەن و هەر بەو خەیاڵەشەوە سەردەنێنەوە. 

 

کۆماری دیموکراتیکی قەیران،  هەڵگری هەموو ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتە خراپ و جوانیە کۆست کەوتووانەیە، قەیرانی پێ دەناسرێتەوە. وێنای ئەو شوێنەیە گشت کایەکانی ژیان لە قەیرانی شوناسێکی قووڵدان. لە شوناسی بزربووی نیشتیمانی، نەتەوەیی، کولتوری و سیاسیەوە بیگرە تا دەگات بە شوناسی خێزان و تاک و کۆمەڵگا. 

 

لەم ناشوێنەدا دەمشڕی و دەم بەهەراشی و داهێنانی پیسترین تەکنیکی جنێودان و سووکایەتی کردن و هۆنینەوەی قێزەوەنترین جنێو،  هونەرو ئازایەتی و مایەی دەستخۆشی و پیاهەڵدانە. 

 

لێرە سەرلەبەری رایەڵەکانی  ژیان لە پەیوەندیدا بە دونیای دەرەوە، پچڕاون. تەنیا پەنجەرەیەک ئەشێ لەم دۆخەی کۆمەڵگادا، مرۆڤەکان بە جیهانی دەرەوە ببەستێتەوە، نە فکرەو نە بیرۆکە، نە کولتورەو لە تێگەیشتن لە ماهیەتی ژیان و سیاسەت و ئابوری، نە دیدگا ئەکادێمیەکان و نە روانگە زانستیەکان. بەڵکو ئەوە  پانتای سۆشیال مێدیای کۆماری قەیرانە، بەهەموو بکەرو هێزو ناشرینی و وێرانەییەکانیەوە، ئێرە بە رایەڵەکانی جیهانی دەرەوە ئەبەستێتەوە و ئەیهەوێ لەو بچێت و لە سەرگەردانی و گومرا بوونێکی ناکۆتاو تراژێدیاو مەرگەساتدا،  دەتلێتەوەو جینگڵ ئەدات. 

 

لێرە پەیوەندیەکان لە سەربنەمای بەرژەوەندیە کەسی و ئابوریەکان، بۆ مانەوەن. مامەڵەکان، پەیوەندیەکان، نزیکبوونەوەکان و هاوڕابوونەکان لەسەر بنەمای سەوداو بازرگانی و قازانج و دەست مایەکانەوە بونیاد دەنرێن و مامەڵەیان دەکرێ و تا دواپلەکانی ناشرینی بە ناخی زەویدا ڕۆچوونە. 

 

لە کۆماری قەیراندا، سیاسەت و کایەی سیاسی لە مانا سرووشتیەکەی و ئایدیۆلۆژیا لە مەفهوم و ئابوری لە ناواخن، و مرۆڤەکان لە بیرۆکەو روناکبیری لە رۆشنگەری و مێدیا لە پەیام و ئەمانەتداری و بەرپرسیارەتیە پیشەییەکان داماڵدراون. پانتای کاری مێدیایی هێمای ئەو کاروانسەرا بێ دەروودەروازەو ئەسپە لغاوپچڕاوەیە، دونیای پارەو پوڵ و بەرژەوەندی و مسۆگەرکردنی ئێستاو ئاییندە هەڵیئەسووڕێنێ و کۆمەڵگا لە بونیادەوە هەڵئەکێنێ و هێمای پرسیار و گومان دەخاتە سەر هەموو پێدراویەکانی ناویەوە. 

 

لەکۆماری قەیراندا،  کێ زیاتر بقیژێنێ و پڕ بە قوڕگی هاوار بکات، بیسەری زیاترە، کێ زیاتر لە هونەری درۆسازی و درۆسالاری و چەواشەکاریدا شارەزایی هەبێ، گوێگری زیاترە، کێش لە مامەحەمەیی و بەشان و باڵدا هەڵگوتن و نووسینەوەی شانامە درۆیین و هەڵخەڵەتێنەرەکانی رووبەری سۆشیال مێدیادا، دەست رەنگینتر و زمان پاراوترو بێ حەیاتر و روودارتر بێ، رەواجی زیاترو پڕهەودار تر و خۆشەویسترو ناسرواترە. 

 

لە کۆماری قەیراندا، پێوەرەکانی مرۆڤ بوون رۆژ دوای رۆژ گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و ئاڕاستەیەکی شۆکهێنەر دەگرنە بەر. لەم ناشوێنەدا هەمووان سیاسین، شرۆڤەکارن، چالاکوانن، زوڕناژەن و رۆژنامەنووس و بلیمەت و  تاکی بێ ڕکابەرو دانسقەو شازو نایابن. 

لێرە بزاڤێک، شتێک و جووڵانەوەیەکی فکری نەماوە بە ناوی رۆشنبیری. جوانترین دەق و کتێب و وتارو نووسین، هیچ کەس بەلایدا ناچێ و کتێبخانەکان بێ نازترین و کەنارکەوتووترین دامەزراوەی کولتوری و  پەراوێزخراوترین ناوەندی کۆمەڵگان. 

 

خەڵکی ئەوەندە بێ تاقەت و شەکەت و ماندوون، حەوسەڵەی  خوێندنەوەی دوو دێڕی جوانیان نیە. هەرچی دراماو هونەرو هونەرمەند و شانۆ و شانۆگەریە، لە درامای کورتی کایەی ژیانی  تەژی کێشەی مرۆڤەکاندا قەتیس ماوەو لە جووڵە کەوتووە. 

 

لەکۆماری قەیراندا پێناسەکردنەوەی نیشتیمان و گەڵاڵەکردنی شوناسی نەتەوەیی،  گیرۆدەی تەنگژەیەکی گەورەن و کەوتوونەتە  قەیرانێکی فرە رەهەندو بێ چارەسەریەوە.   

 

لێرە حیکایەتەکان گەیشتوونەتە بن بەست، بەسەرهاتەکان سەت بارەن، چیرۆکەکان هەزار بارەن و مرۆڤەکان لە بێ ژیانیدا بەدوای ژیانەوەن. لێرە هەوڵی زیندوو هێشتنەوەی رابردوو و نۆژەن کردنەوەی مێژووی مەرگەسات و نەهامەتیەکان، بە نەزۆکی لەدایک دەبن و هەموو جوانیەکەی جاران، بە ئەنقەست لە جوانی دەخرێن و شەپۆلێکی وێرانکەرو بێ بەزەیی و بەهێزو باڵادەستی شاراوەی ناوەکی فرەجەمسەر، ئەهریمەن ئاسا پەیتاپەیتا کۆمەڵگاو مرۆڤەکان  لە مرۆڤبوون دەخات و بەرەو ئاییندەو ئاسۆیەکی نادیاری پڕلە کێشەو تەنگوچەڵەمەی زیاترو پرۆکێنەوە ئاڕاستە دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×