“خوشک ....”

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-08-26     1709

سەرەتا داوای لێبوردن لە خوێنەرانی بەڕێز و ئازیز دەکەم ئەم وتارەم بە دەستەواژەیەکی بریندارکەر ورووژێنەر و ناشرینی ئەخلاقیەوە دەست پێ کردووە. ئەم دەستەواژە ناشرینەم لە یەکێک لە ڤیدیۆکلیپەکانی لالەزار کەوتە بەرچاو، کاتێک چەکدارێکی لالەزاریان بە رووتی و بە دەست بەستراوی لەسەر ئەرز درێژکردووەو یەکێک لە هێزە چەکدارەکان بە پێلاقە ئەدا لە سەری و وەک سووکایەتیەک بە خوشک حیز ناوی ئەهێنێ. 

 

برێکی زۆر لەو رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی لە پانتای ژیانی گشتی کۆمەڵگای کوردستان جارناجارێک، لێرەو لەوێ بە هەر هۆکارێکەوە روو ئەدەن، وێنای ئەو دونیا ئاڵۆزە داخراوە لە فکرکەوتووە ناشرینەی کوردن، سەرلەبەری بکەرو دیزاینەرانی رۆڵێکی گەورەیان لە دروست کردنیدا هەیە و هیچ تاکێک بۆی نیە خۆی لە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی بەرامبەر بەم دونیا ناشرینە بدزێتەوەو پاساوی پرووپووچی بۆ بهێنێتەوە. 

 

هەژاری فکرو دیدگاو بۆچوونی تایبەتی ئەخلاقی، لەقالبدراویی فکر و گەڕان بە دوای شوناسێکی لەخودچوو، لێبڕاوانە و لە ژێر میکانیزمێکی کۆنترۆڵ کراوی عەقڵانی تاک و گرووپە لەیەک چووەکان، لە فۆڕمێکی دیاریکراو لە ناو یەک بۆتەی سیاسی یا کۆمەڵایەتی کۆ دەکاتەوەو  بە ئامانجێکی هاوبەشیشەوە گرێیان ئەدات.  

 

ئەشێ پێکهاتەکان لە فۆڕمی گرووپ و دەستە یا قەرەباڵغی چەکداری و میلیشیا بە “ رواڵەت” هەڵگری یەک ئامانجی نیشتیمانی یا مەعریفی و دینی و کۆمەڵایەتی بن و لە هەمان کاتیشدا خۆیان بە نوێنەری سەرجەم توێژەکانی ناو کۆمەڵگا و یاساو دەستوورەوە وێنا بکەن و  درووشمی گەورەو باق و بریقی نیشتیمانیش هەڵگرن.  

 

واتا گرووپ و دەستەو چینو توێژەکانی ناو یەک چوارچێوە ئەوانەن هەمیشە  کۆمەڵە بەهاو روئیاو ئامانجێکی هاوبەش هانی داون ببن بە بەشێک لەو گرووپە. گرووپ لێرەدا هەڵگری یەک دونیابینی و یەک  ئامانجە و لە فۆڕمی یەکەیەکی کۆمەڵایەتی، سەربازی و چەکداری، ئایینی یا سیاسی هەوڵی بەدەست هێنانی جۆرێک لە باڵادەستی و هەژمونگەرایی کۆمەڵگا دەکات و لە زۆربەی رووداوەکاندا خۆی بە نوێنەری کۆمەڵگاو ئەخلاقی گشتیەوە پێناسە دەکات. 

گرووپ بەردەوام و لێبڕاوانە لە هەوڵی پێناسەکردنەوەی “ بەرژەوەندیە گشتیەکان” و گرێدانی بە “ بەرژەوەندیەکانی گرووپ” سڵ لە هیچ ناکاتەوە. بیرکردنەوەی جیا لە دەرەوی بیرکردنەوەی گرووپ، یەکسانە بە خیانەت و ناپاکیەوەو ئەشێت بە هەموو ئامرازو میکانیزمەکانی بەردەست،  رووبەرووی ببنەوەو تا سنووری لە ناو بردن دەست لە هیچ کردەیەک نەپارێزی.  گرووپ لێرەوە شوناسی پارێزێرەی بەرژەوەندیە گشتیەکان و ئارامی و سەقامگیری و بەرەوپێشەوە بردنی ژیانی گشتی وەردەگرێ و خۆی بە نوێنەری کۆمەڵگا وێنا دەکات. 

 

لێرەوە بەرە بەرە شوناس و بەرژەوەندی و ئامانجەکانی گرووپ گەورەتر لە بەرژەوەندیەکانی نیشتیمان وێنا دەکرێن. تەنانەت نیشتیمان و نەتەوە ئەوەندە بچوک دەکرێنەوە، شتێک نامێنێ بە ناوی بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە. گوتاری گرووپ یەکسانە بە نیشتیمان و لە دەرەوەی ئەم گوتارە رادیکاڵیە، هەموو گوتارێک پوچەڵ و دژە نیشتیمان و نەتەوەیە. 

 

یەکێک لە دەرهاوێشتە تراژێدیا پەروەردەییەکانی دوای ڕاپەڕین، پێگەیشتن و پەروەردەکردنی نەوەیەکە لەسەر  موقەدەس کردنی یەک گوتاری و یەک دونیابینیدا. نەوەی دوای ڕاپەڕین نەوەیەکە کەمتر بە دوای خوێندنەوەیە و لە سۆشیال مێدیایەکی نابەرپرس و ئاڵۆزەوە هەوڵی بە مەعریفەکردنی کەسێتی و فێربوون و پێناسەکردنی کەسێتی خۆی ئەدات. ئەم نەوەیە لە کۆمەڵگایەکی ئاڵۆزی وەک کوردستان  بە هۆی هەژمونی سیاسەت و کایەی سیاسی حزب و حزبگەرایی و  سیاسەتبازی و ململانێ ناکۆتا سیاسیەکانەوە لە فکر داماڵدراوەو فێر بووە لەکوێ با هەلی کرد لەوێ شەنی خۆی بکات و لەکوێ بەرژەوەندیەکان پارێزرا، ئەوێ بکات بە قیبلەگای خۆیەوە. 

 

یەکێکی تر لە دەرهاوێشتە ئەرێنیە ئەخلاقیەکانی رووبەری ململانێ ناوەکیەکانی کۆمەڵگا، داهێنانی پیسترین و ناشرینترین جنێوو مێتۆدەکانی سوکایەتی کردنە بە یەکتری، چ وەک تاک و چ وەک پێکهاتە حزبی و کۆمەڵایەتی و دینیەکانی ناخی کۆمەڵگا. 

 

درێژبوونەوەو نوێ بوونەوەو هەڵدانەوەی قەتماغەی برینی جەنگ و کارەساتە مێژوویی و سیاسی و حزبیەکانی کۆمەڵگای کوردی، هەر جارەو بە بیانویەک و هۆکارێک و لەلایەن گرووپ و دامەزراوەیەکەوە، زیندووکردنەوەو بە هێز هێشتنەوەی ئەو ژینگە پڕ لە دەمارگیری و تووڕەیی و ڕق و قینەیە، مرۆڤەکانی بەرامبەر یەکتر هەڵیانگرتووەو نەوە دوای نەوە لە باوانیانەوە بۆ نەوەکان  بە بێ هیچ بەرپرسیارەتیەکی پەروەردەییەوە دەگواسترێتەوە. 

 

جنێوفرۆشی لە شەقام و چایخانەکانەوە بۆ رووبەری دیجیتاڵی و سۆشیال مێدیا، هێمایەکی بچوکی ئەو دونیا رادیکاڵ و  پڕلە گێژاوو ناشرینەیە، مرۆڤی کورد تیایدا دەژیت و هەناسە دەدات و  بە بێ هیچ تێفکرین و هەوڵێکی چآکسازی و بەرەوپێشەوە بردنەوە وەچە دەخاتەوە. 

 

یەکێک لە دەرهاوێشتە  ترسناک و قێزەوەنەکانی  ئەم مەکینەی جنێودان و دەمشڕی، پەروەردەکردنی نەوەیەکی ترە لەسەر هەمان عەقڵیەت و پەروەردە و مەعریفەی کۆمەڵایەتی و ئاکارە کۆمەڵایەتیەکانی باوانیان.  بێگومان ئامانجی هەرە لە پێشینەی بەردەوامیدان بەم پرۆسەی جنێوفرۆشیە، شکاندنی کەسێتی بەرامبەرو لە مرۆڤ خستن و کوشتنی مەعنەویەتی.

 

 بەو پێیەی ئەگەر تاکی کورد نەیتوانی ئەوەیتری کورد بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوون و بەرژەوەندی و  دیدگا و ناوچەیی و خێڵەکیەکانەوە لە شەڕی دەستەویەخەدا بکوژێ، لانی کەم لەبەردەم  زومی کامێراو دەنگ و رەنگ تۆمارکردن و رووت کردنەوەو رووبەرێکی مەجازی و دیجیتاڵیدا، بێنرخی بکات و لە کەسێتیەکەی بدات و لە مرۆڤبوونی بخات و لە تەواوی ئەو بەها ئەخلاقیانەی بدات،   گرێدراوی تێرمی “ ناموس” ن و کەسێتیەکەی بشکێنێت. جنێودان بە ناموس،  تاکە ئامانجێک لە پشتیەوە بێت، وێران کردنی کەسێتی و بێ بەهاو بێ نرخ کردنی کەسێتی مرۆڤ و کوشتنیەتی لە رووی دەروونی و ئەخلاقیەوە. 

 

مێژووی ململانێ  چەکداری و سیاسیەکان و  پاراستنی بەرژەوەندیەکان و دەست خستنی باڵادەستی و کۆنترۆڵ لە پانتای ژیانی گشتی و رووبەری جڤاکی سەت پارچەی کوردی، مێژوویەکە سەتان گومان دەخاتە سەر درووشمەکانی خەبات لە پێناوی سەربڵندی و ئازادی و سەربەستی نەنەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوە.

 کورد چ وەک تاک و چ وەک کۆ،  پێویستی بە پاک کردنەوەو سەرلەنوێ بونیادنانەوەی فکرو دروست کردنەوەی شوناسێکی یەکانگیری نەتەوەییە، نەک درێژەدان بە نووسینەوەی مێژوویەکی ناشرین و پڕلە شەرمەزاری و پەڵەی ڕەشی شکست و  یەکتر شکاندن و سڕینەوەو کوشتن و وێرانکاری. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×