دارەکان بە پێوە دەمرن

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-09-15   

لەگەڵ گرمەو زرمەی ھەورە تریشقەی بەھاران و خشەی گەڵا رێزانی پاییزی ژیان و هاشەهاشی دەنگی پێی ئاوو خوڕەی روبارو ئاوی کانیاوەکان و قوڕەقوڕی زگی برسی ھەژاران و ھاژەی باوو نوزەنوزی باوو بۆران و زریان  و ترپەی دڵی بێماراندا، کەرنەڤاڵی وڕێنەکانی پێش نووستن دێنە گۆ و پێم دەڵێن: 

 

“چیتر مەنووسە، زەمەنی کاراکتەرە بێ کردارە جووت سایدەکان و  سەردەمی هاشوهوش و گەڕەلاوژێی مێشک کون کەرەی بکەرە بێ دیدگاکان و داوەشانی مرۆڤایەتیە لە سەرجەمی ئەو خەسڵەتانەی مرۆڤی پێ دەناسرایەوە”. 

 

دوێنێ شەو رەشەبای دڵرەق و یاخی بەو پەری بێ بەزەییەوە خۆی کرد  بە حەرەمی دارستانەکەی زێدی نیشتیمانەوە.

 

رەشەبای یاخی و تێکشکێنەر نەیھێشت بەیانی  زەردەپەر بدات و  ئاسودەیی روو لە حەرەمی دارستان و هەرێمی خەونە بەدینەهاتووەکان بکات و ھەرچی گوڵ و گوڵزار و خونچەی نەپشکووتوو و جوانی و  دارودرەختی پیروبەئەزمون ھەبوو، لەرەگوریشەوە هەڵیکێشانن و خاکەکەشی بە سوتماک کرد و کردی بە وێرانەی نمایشی جوانیە لە جوان کەوتووەکانەوە. 

 

ئێستا ژمارەی درەختە جوانەکان  بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و لەوپەری نائومێدیدا چاوەرێی ئاوابوونی خۆری تەمەن و وەرزی گەڵارێزان و هەڵوەرینی خەونەکان و تێکنانی بنەوبارەگان بۆ جیهانی ئەبەدیەوە.

 

لەم زەمەنەدا هەرچەندە هەوڵەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە خود و ئەوانیترو پەڕینەوە بۆ دونیایەکی جوانتر چڕتر دەکەیتەوە، زیاتر و خێراتر پەلکێشی  پانتای ئەو سەرزەمینانە دەکرێی،  زریان و گێژەلوکەکانی کایەی ژیان خێراتر لە هەموو جارێک جوانیەکانی ژیان لەگەڵ تەوژمی وێرانکەری خۆیان دەبەن.  

 

رەنگە دوورکەوتنەوە لە خودێکی سەرگەردان لە ئێستاماندا تەنیا دەرچەو دەرگای چوونە دەرەوە بێت لەو دونیایەی خود لەو پەڕی نائومێدیدا،  بەدەور خویدا دروستی کردووە. رەنگە ئەمە دواهەوڵێکی بێوچان و ناوبڕێکی کورت خایەن بێت بۆ دروست کردنی دونیایەکی جیاوازتر و رەنگاڵەترو فرە رەهەندی جوانترەوە. 

رەنگە ئەم هەوڵە ئاسۆیەکیتر لەبەردەم هەنگاوو خولیاکانی مرۆڤی گەریدەی رووبەری خەیاڵ بکاتەوە. ئەم هەوڵە یەکسانە بە تێپەڕاندنی سەرجەمی ئەو هزروبیرە ناجۆرانەی وەک پەتاو دێوەزمەو تارماییە ترسناکەکان، بە ئەنقەست دونیایەکی درۆیینەی بۆمان بەرهەم هێناوەو بەتاڵە لەهەر چی ماناو ناوەرۆک و مەفهومێکەوەو خاڵیە لە هەموو جوانیەکی ناوەکی و تایبەتمەندیەکی نەگۆڕەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×