“باجارێ بەینی خۆمان بێت”

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-10-01   

کەم نین ئەو زات و  کاک و کاکەو  جەناب و ئەحباب و بکەرانەی لە ناخی کۆمەڵگا و رووداوەکاندا هەڵدەتۆقێن و بە “ کون فیکون” ێکی سیحراوی و بێ قاوەگرتنەوەو نووشتەو دوعاو خێرو سەدەقەو قوربانی کردنی جوانەگاوە، دەبن بە “ شت”. 

 

“ شت”  ئەشێت لە زهنیەت و تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگادا هەڵگری شوناسێکی تازەبێت بۆ سەرجەمی ئەو زاتانەی خەون بە “ شت” بوونەوە دەبینن. هەم ئەشێت سەربە دەستەبژێر و گرووپێکی دیاری کراوی سیاسی دەست رۆیشتوو یا بکەرێکی کۆمەڵایەتی، ئیداری یا سەربە دونیای روناکبیری بێت. 

 

مەبەست لە “ شت” لێرەدا،  هێمایەکە بۆ دەسەڵاتسازی و دونیای دەسەڵات و هێزو دەست رۆیشتووییەوە. زیاتر تیکشک خستنەسەر  دونیای ئەو هێزودەسەڵاتەیە، بڕێکی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگا هەوڵی بۆ ئەدەن و لە خەیاڵدانی خۆیاندا خەونی پێوە ئەبینن و پلانی بۆ دائەنێن و  بەشێکیان ئامادەی  گشت دەست ماچ کردن و مامەحەمەیی و  نووسینەوەی شانامەو درامای پیاهەڵدانن. ئەم شت بوونە هەر “ شت” بوونێکی رووت و بێ مانا نیە، بەڵکو هەڵگری دونیایەک بەرژەوەندی و ئیمتیازاتە و ئامرازێکە بۆ مسۆگەرکردنی ژیان و گوزەرانێکی باش و پڕ دەسکەوتی مادی و مەعنەویەوە. 

 

لە دونیایەکی لەمجۆرەدا هیچ “ شتێک” لە شوێنی خۆیدا نیە. تاک و بکەری نەشیاو،  دوای تێپەڕاندنی قۆناغ و پرۆسەکانی پڕ لە هەڵکشان و داکشانی مامەحەمەیی و پیاهەڵدان و “ پان کردنەوەی” یەکی بە قێزو بێ سنوور و ناشرین و نامەعریفی و ئاست نزم و زمان بازاڕی، لە چاوتروکانێکدا دەخزێنە شوێنە “ شیاوەکان” و شوێن بە بکەرانی “ شیاو” لەق دەکەن. لێرەوە کەسانی نەشیاوو ئاست نزم دەخرێنە شوێنی شیاوەکانەوە. 

 

لێرە بەدواوە  پرۆسەیەکی خاوی ئاڕاستەکراوی پاشاگەردانی  چڕی شاراوە، خێراتر و بە تەوژمتر لە جاران رووەو وێران کردنی شیاوو نەشیاوو دەست پێدەکات و گشت کەرەستە و ئامرازو تیۆرو زانست و مەعریفەکان لە کونجێک و پەراوێزێکی لاتەریکی کۆمەڵگادا، کەنار دەکەون و لە پەلوپۆ دەخرێن و بێ دەنگی هەڵدەبژێرن. 

 

خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە هەر بۆ وێناکردنی ئەم دۆخە ئەسەفبارەیە، زیاتر کۆمەڵگا دواکەوتووەکان پێی ئاشنان و گیرۆدەی لێکەوتە خراپەکانین:

 

مامۆستایەک خوشکی فەڕاشی قوتابخانەیەکی خواست و  زەماوەندی لەگەڵ کرد. دواتر وەک رۆتینێک مامۆستاکە بەهۆی سەرقاڵ بوونەکانیەوە داوای لە  ژنبراکەی دەکرد لە جیاتی ئەو، جارناجارێک لە پۆلەکان وانە بڵێتەوەو بۆشاییەکەی ئامادە نەبوونی مامۆستاکە پڕ کاتەوە. تا وای لێهات فەڕاشی ژنبرا بوو بە مامۆستا. 

دوای ساڵانێک جەنابی مامۆستا بە هۆی دۆستایەتی و هاوڕێتی و گەعدەی شەوانەو چرت و فرتی ئەم سەر ئەوسەتی دونیاوە لەگەڵ سەرووی خۆی، بە قودرەتی قادر کرا بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە. فەڕاشی ژنبراش کرا بە بەڕێوەبەری قوتابخانە. 

 

زۆری نەبرد جەنابی مامۆستا یا باشتر بڵێم زاوا زێڕینە لە هەڵکشان و وەرچەرخانێکی سەرسووڕهێنەردا کرا بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگا و ژنبراکەشی کرا بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە. 

 

هێشتا چەند مانگێک بەسەر ئەم وەرچەرخانە مێژووییەدا تێپەڕیبوو، لە پڕ بە فەرمانێکی خاوەن شکۆیەکی دەسەڵاتدارەوە ، مامۆستا کرا بە وەزیری پەروەردەو فەڕاشی ژنبراشیان کرد بە بەڕێوەبەری گشتیەوە. 

 

زۆری نەبرد وەزیری پەروەردە ( مامۆستا) فەرمانێکی ئیداری دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بروانامەی سەرجەم  کاربەدەستانی باڵاو بەڕێوەبەر و مامۆستا و کارمەند و فەرمانبەرانی پەروەردەوە. 

 

ژنبرای فەڕاش ( بەڕێوەبەری گشتی ئێستا) کە بەمەی زانی، شڵەژا و یەکسەر پەیوەندی بە وەزیرەوە ( مامۆستای زاوا)وەو کرد و بە گژیداچوو و بە  تووڕەییەوە لێی پرسی: 

 

“ داوەشێی ئەمە چ  فەرمانێکە تۆ دەرت کردووە؟ تۆ نازانی من خاوەنی هیچ بڕوانانەیەکی زانستی و زانکۆ و ئەکادێمی نیم و تەنیا شەشم تەواو کردەوەو ئەگەر ئەم فەرمانە جێ بەجێ بکرێت، تیائەچم و تەواو ماڵ وێران دەبم؟” 

 

وەزیریش لە وەڵامدا وتی:

“ کەرە…مەترسە، خەمت نەبێ من تۆم کردووە بە سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوەکە…بەس با جارێ بەینی خۆمان بێت”…!!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×