زیهنی داخراو

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-10-17   

زیهنی مرۆڤ لە منداڵدانی کۆمەڵگادا لە دایک دەبێ و هەر لە رووبەری کۆمەڵگا و لانکەی رووداوەکاندا، لە دەرەنجامی پرۆسەکانی ناویەوە فۆڕم دەگرێ و گەشە دەکاو پەرە ئەسێنێ و پەروەردە دەکرێ. 

 

کۆمەڵگا بە گشت باشی و خراپیەکانیەوە، بە هەموو بکەرو پرۆسەکانی ناویەوە، بە دیوە جوان و ناشرینەکانیەوە، بە ئەمرۆو دوێنێیەوە، بە پەروەردە، سیاسەت، ئابوری و کارلێک و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە،  فۆڕم دەگرێ و لە قاڵب دەگرێ و  دەبێ بە هەڵگری شوناسی تاکەوە. 

 

زیهنی مرۆڤ لەو رۆژەی پێ دەنێتە سەر پانتای ئەم دونیایەوە،  لە چەشنی قەوانێکی خاو، کاغەزێکی سپی یا سی دیەکی تازەو دەست لێنەدراو، هەموو جووڵەو کارلێک و پرۆسەکانی رووبەری کۆمەڵگا لە قووڵایی خۆیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تۆماردەکات. 

 

پەروەردەی خێزان، پەروەردەی کۆمەڵگا و سەرلەبەری رووداوەکانی ناوی، مێدیا و سۆشیال مێدیا، کایەی سیاسی و گوتارە سیاسیەکان، جووڵەو گوتاریسەرۆک و سەرکردە و حزبە سیاسیەکان، ماهیەتی کولتور و عەقڵی کۆمەڵگا، ململانێکانی نێوان جەمسەرەکانی پانتای کۆمەڵگا، خوێندن و خوێندنەوە، دەورێکی یەجگار گەورەیان لە دروست کردنی زیهنی مرۆڤدا هەیە و ڕاستەوخۆ لە بونیادنانی کۆڵەگەو پایەکانیدا ڕۆڵ دەگێڕن. 

 

زیهن ئەو سەرمایە یا پێدراوە سروشتیەیە،  ئەشێ هەڵگری ئەو دونیابینی و شوناس و بیروباوەڕانە بێت، مرۆڤی لەسەر پەروەردە کراوە، ڕاهێنراوە و بە دونیایەک زانیاری و بەهاو نابەهاو عەقڵانیەت و ناعەقڵانیەت، دەمارگیری و کرانەوە و لۆژیک پڕ چەک کراوە. 

 

زیهن ئەو سەرمایە بارگاوی کراوەیە بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ لێبڕاوانە  لەگەڵ سەرلەبەری بکەرو رووداوو پرۆسەکانی پانتای کۆمەڵگادا لە پەیوەندی و کارلێکی بەردەوامدا، دەکەوێتە ژێر کاریگەری تەوژمی هێزو پەیام و گوتارەکانەوەو ئاڕاستە دەگرێ. 

 

زیهن ئەشێ هەڵگری ئەو پێناس و روانگە مێژوویی و شوناسە بێت لە چەشنی مۆرک و ئایکۆن و هێزێکی مەعنەوی، لە پانتای جموجۆڵی کۆمەڵگادا،   نوێنەرایەتی تاک و دونیابینی و کەسێتیەکەی ئەو یا توێژێکی دیاری سیاسی، ئایینی یا  کۆمەڵایەتی بکات. 

 

زیهن بە هەردوو فۆڕمە دەمارگیرو کراوەکەیەوە پێناسی ئەو کۆمەڵگایەدەکات، لە هەناویدا دروست بووەو  فۆڕمی گرتووەو بۆن و بەرامەو مەعنەویەت، یا بەدکاری و خراپەکاری و ئاکاری خراپی لێ وەرگرتووە. 

 

زیهنی دەمارگیر ئەو زیهنەیە لە  فەزایەکی ئەبستراکت و دونیایەکی بەرتەسک و ناعەقڵانی و دژە ریفۆڕم و کرانەوەو پێشکەوتن و داخراودا لە دایک دەبێت و بەردەوام لە ژێر هەژمون و فشاری هێزو بکەرەکانی فشارو خۆسەپێن و دەرمارگیرو خاوەن نفوزو سەرمایەو مێدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە،  پەلامار ئەدڕێ و دەخرێتە ناو مەنگەنەوە.

 

ئەم زیهنەی لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا پێدەگات، لەگەڵ کرانەوەی عەقڵانی و بەرفراوان کردنی ئاسۆی بینین و گەورە بیرکردنەوەو گفتوگۆو قەبوڵ کردنی جیاوازیەکان دونیایەک کێشەی هەیە. زیهنێکی لەمجۆرە لەگەڵ بیروبۆچوون و باوەڕە جیاوازەکان و  دونیایەکی جیاوازترو جوانترو یەکانگیرتردا،  گەورەترین کێشەی هەیەو بەردەوام لە ململانێیەکی کوشندە و پروکێندایەو شکست و نشوست و پاشەکشە قەبوڵ ناکات و پێی هەزم ناکرێت. 

 

زیهنی دەمارگیر بەرهەمی کۆمەڵگاو نۆرم و شوناس و  کایەی سیاسی و پەروەردەی  خێزانی و سیستەمێکی داخراو و ئەو کۆمەڵگایەیە،  تیایدا لە دایک دەبێت، پێدەگات و گەشە ئەسێنێ و ژەڵکەڵەی بە پیرۆزبوون لە کەلەی ئەداو دەکەوێتە ململانێیەکی تووند،  لەگەڵ جیاوازیەکاندا. 

 

زیهنی دەمارگیر بەرهەمی ئەو کۆمەڵگایەیە تاکەکانی لەسەر سیستەمێکی  بێماری چەقبەستوو و  داخراوی عەقڵانیدا راهاتوون. ئەم زیهنە بەهۆی تایبەتمەندی چەقبەستوویی کۆمەڵگا لە رووی گەشەی فکرو عەقڵ و خۆپارێزیەوە، گشت هێزو توانای گەشە سەندن و گۆڕانکاری لێ سەندراوەتەوە. مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە لە رووی فکرەوە سەربە جەمسەرێکی هەژمونگەران و تاکرەهەندن و جگە کە یەک ئاڕاستەی فکری( سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و رێکخراوەیی)، هەموو ئاڕاستەکانی تر ڕەت دەکەنەوەو بە تووندترین شێوە رووبەرووی دەوەستنەوە. 

 

تاک و بکەرانی ناو کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیە،  بەردەوام  لە هەوڵی  دروست کردن و داتاشینی دوژمن و نەیارە هەمیشەیی و وەهمیەکاندان. پرۆسەی ژیان، بێ پچڕان بە ناو داڵانێکی تەنگەبەرو تاریک و  تەسکدا گوزەر دەکات و بەردەوام دەکەوێتە بەر هێرشەوە. ئامادەیی ئەم خواستەی باڵابوون و هەڵکشان، ئامادەییەکی بەهێزە و زۆر ئەستەم ( گەر مەحاڵ نەبێت) گۆڕانکاری بەسەر ماهیەتی دادێت و بە هیچ شێوەیەک مل نادات. 

 

زیهنی داخراوو کڵۆمدراو بۆ بەردەوامی بەخشین بە هەلومەرجە چەقبەستووەکان، ئاڵۆزی و گرژیەکان و مسۆگەرکردنی دونیایەکی تایبەت بە خۆی و مانەوە لەسەر ئاڕاستەو نەزم و رێگاو دۆخێکی دروستکراودا گشت بۆچوونە جیاوازەکان دەخاتە خانەی نەیار بوون و یەکسانیان دەکات بە دێوەزمەو دێوو درەنجە ترسناکەکانەوە و دژیان  ئەوەستێتەوەو پێی وایە تەنیا رێگاو مێتۆدی بەرگرتن لە پوکانەوە،  بەردەوامیدانە بە ململانێکان و سەرکەوتن بەسەر جەمسەرەکانی تری کۆمەڵگادا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×