هەڵبژاردن هەلێکە بۆ بژارکردنی هەڵەکان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-10-30   

دیموکراسی و گشت پرەنسیپگەلی پەیوەست بەم چەمکە، لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی خۆرسکی کۆمەڵایەتی یا شۆڕش و گۆڕانکاری جەبریەوە ناهێنە و بەرهەڤکردن و ئەفراندن. یا لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششی بێوچان و بەردەوامی نوخبە و چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا، لەوانە ڕۆناکبیران، نووسەران، قوتابیان یا فەیلەسوفەکانەوە لە دایک نابێت و ئاراستە ناکرێت. 

 

بەڵکو فۆرم گرتنی ئەم چەمک و شێوازە لە حوکمڕانیە، دەرەنجامی هەوڵی هەموو کۆمەڵگەیە، بە حوکمڕان و هاووڵاتیانەوە و پڕۆسەیەکە هەمووان لە گەڵاڵەکردن و پتەوکردن و پاراستن و بەرەوپێشەوەبردنیدا بەشدارن.

 

یەکێک لە مەرجە هەرە گرینگ و بایەخدارەکانی ئەم فۆڕم گرتن و گەشە کردنە،بریتیە لە بوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هزری لای تاکەکانی کۆمەڵگا. بەو پێیەی مەرجی گەشە و پاراستنی دیموکراسی و پڕەنسیپەکانی،  زیاتر پەیوەستە بە جۆرو بنەما فکریەکانی ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا نشونوما دەکات و ئەو زەمینە هزریەی پێویستە بۆ پاراستنی و مانەوەی بە بە هێزیەوە.   

 

یەکێکی تر لەو مەرجانەی پەیوەستە بە گەشەی دیموکراسی و نکۆڵی لێوە ناکرێت، کەشو هەواو فەزاو ئەو کۆنتێکستەیە، ئایدیای دیموکراسی تێیدا گفتوگۆ و مامەڵە دەکرێت و بۆچۆنە جیاوازەکان دەخرێنە بەر گەنگەشەو نەشتەرگەری و تاوتوێ کردنەوە.

 

پەیوەست بەو کۆمەڵگایانەی ساڵانێک بەهۆی شەڕو ئاشوب و دۆخی سیاسی سەخت و ناهەموارەوە گیرۆدەی دەیان کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنین، گەشە کردنی هزری دیموکراسی لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا، تا ڕادەیەکی بەرچاو کردەیەکی ئەستەم و ماندووکەرە. 

 

نەبوونی متمانە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و نزم بوونی ئاستی هۆشیاری یاسایی و سیاسی بە گشتی و ئەو نوخبەیەی دوای ڕزگاری نیشتیمانی و ئازادیەوە بە هۆیەک لە هۆیەکانی بابەتی و جەبریەوە خۆیان بە شایستەی بێ ڕکابەری گرتنە دەستی دەسەڵات لەقەڵەم دەدەن و هەموو ئامرازێکی یاسایی و دەستوری و تەنانەت ئابوریش بۆ هێشتنەوەی خۆیان لە هەرەمی دەسەڵات بەکار دەهێنن، وادەکات دۆخێک بێتە کایەوە، دیموکراسی زۆر بە خاوی گەشە بکات و لە زۆر قۆناغێشدا دووچاری پاشاگەردانی بێت و گرێ و گۆلی  تێ بکەوێت.

 

لەبەرامبەر ئەمانیشدا کۆمەڵێک ڕەنگە پەنا بۆ هەموو مێتۆد و شێوازێکی نادیموکراسی و نا عەقڵانی و نالۆژیکیەوە بەرن و بیانەوێ بە هەر نرخێکەوە بێت، بەڕەکەی حوکمڕانی لە ژێر پێی دەسەڵاتدارانەوە دەربێنن و بکەونە ململانێیەکی تووند و پڕ لە پشێویەوە و هێندەی تر کۆمەڵگە دووچاری ئاڵۆزی و گرژی و کێشەی ئەبەدیەوە بکەن.

 

ململانێی دیموکراسی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاند بۆ دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، لە دەور تەوەرێکی زۆر گرینگ و ژیاریدا ئە خولێتەوە.  هەرچەندە نکۆڵی لەوەش ناکرێت تێکڕای پارت و لایەنە سیاسیەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات سوود لە گشت ئامرازەکانی پروپاگندە و ڕاگەیاندنی نووسراوو بینراوو بیستراوەوە وەردەگرن و بە درێژایی چوارساڵی دەسەڵاتدارێتیانەوە هەوڵی ڕەخساندنی ئەو بارودۆخە ئابوریە، کۆمەڵایەتیە خزمەتگوزاریە ئەدەن، لە کاتی بانگەشەکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، بانگەشەیان بۆ کردوون.

 

لەم وڵاتانەدا ( وڵاتە پێشکەوتووە پێگەیشتووەکان)، گەل بە لایەوە گرینگ نیە کێ وەزیرە، کوری کێیە، چەند خوشک و براو خاڵۆزاو ئامۆزا و خوشکەزای هەیە و چ جل و بەرگێک ئەکاتە بەر خۆی، کوڕە هەژارە یا کورە دەوڵەمەند و ئاغا زادەیە و  خەڵکی چ دەڤەرێکە و سەربە کام خێڵ و عەشیرەت و ناوچەیە و پلەی خوێندەواری چەندە و تەنانەت سەرەک وەزیران چ ساڵێک لە دایک بووەو ئاستی خوێنەواری چەندە.  یا ئەم بەڕێزە سەر بە کام بنەماڵەیە و تا کو ئێستا لەم بنەماڵەیەدا چەند کەس لە حکومەت  و پاکێجی پۆست و پلە و پایە و دەسکەوتە جۆراوجۆرەکانەوە سوودمەند ( مستفید) بوونە.

 

ئەڵبەتە ئەم حاڵەتەی کاندیدکردن لە کوردستاندا هەنووکە بۆتە کلتورو تێگەیشتنێکی چەسپاوی فەرهەنگی و هزری و مێتۆدێک، لەکاتی کاندید کردنی خەڵک بۆ پۆستەکانی پەڕلەمان و حکومەت زۆر بە زەقی پێڕەو دەکرێت. 

 

ئەندام پەڕلەمان و وەزیر هەیە بە هۆی ڕادەی بلیمەتی و ڕاستگۆیی و سەرکەوتنی لە کارەکایەدا بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو، لە چەندین خولی جیا جیادا، پۆست و بەرپرسیارەتی جۆراوجۆری پێ دراوە.

 

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەوەی بەلای هاوڵاتی و دەنگدەرانەوە جێی بایەخ و گرینگی پێدانە، سێ تەوەری سەرەکی و پەیوەندیدارە بە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیانەوە. لەوانە کەرتی پەروەردە، کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریە تەندرووستیەکان و درووست کردنی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ  چینی بێکار یا کەم کردنەوەی رێژەی بێکاری.

 

هەر پارت یا هاوپەیمانێتیەک بتوانێ لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، ڕێکترین، بەرفراوانترین، پڕ متمانەترین و ڕاستگۆترین پرۆگرام پێشکەشی جەماوەر بکات وبتوانێ متمانەی دەنگدەر بە لای پرۆگرامی هەڵبژاردنیدا ڕابکێشێ و هەوڵ بۆ جێ بەجێ کردنی بدات (بە بێ دواکەوتن و لە خشتەبردن و چەواشەکاری و درۆو بەڵێنی بێ کردارەوە)، ئەوا لە هەڵبژاردنەکاندا بەختی مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی لەوانیتر زیاترە.

 

بە واتایەکی تر، دەنگدەر لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە پلەی یەکەم متمانە ئەدات بە بەرنامەی حزبەکان، نەک بە کەسایەتی و پێشینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شان وباڵ وبەژن و قیافە و ڕابردووی کاندیدەکان و ئەو لایەنە سیاسیانەی لە پشت کاندید کردنی کەسایەتیەکانەوەن. 

 

مەبەست و ئامانجی سەرەکی لە هەڵبژاردن، دەست نیشان کردنی ئەو دەستەبژێرەیە بتوانێ بە باشترین شێوەو بە پەری ڕاستگۆییەوە خزمەت بە کۆمەڵگا و نیشتیمان بکات و چارەسەر بۆ کەمو کورتیەکان بدۆزێتەوە و کار بۆ فەراهەم کردنی رەفاهەیەتی گشتی کۆمەڵایەتی بکات، نەک دروێنەوەی دەسکەوتە شەخسیەکان و مسۆگەر کردن و زامن کردنی ئاییندەی خۆی و خێزانی.

 

 بەدەر لەمە هەر پێوەرێکی تر بۆ دەست نیشان کردنی کاندیدەکان لە لایەن حزبەکانەوە، ئامانجی خۆی ناپێکێت و ئەگەری شکستی لە سەرکەوتن زۆر بە هێزترە.  هەر حزبێکیش متمانەی خۆی بە دەنگدەران بدۆڕێنێ و نەتوانێ پردی پەیوەندیەکی بەهێزی متمانەپێکراو لەگەڵ دەنگدەراندا درووست بکات، لە هەڵبژاردنەکاندا سەر ناکەوێ و ئەپوکێتەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×