دوێنێ شەو بۆ نیو کاتژمێر بووم بە وەزیر بەڵام…

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-11-30     553

شیەکەرەوەو زانایانی تەفسیری خەون پێیان وایە مرۆڤ لەسەر هەر خەیاڵێک سەربخاتە سەر سەرینەوە، رێک خەون بەوەوە دەبینێ. بەڵام من پێرێ شەو دڵنیام بەرلەوەی سەر بخەمە سەر سەرین و مالئاوایی لە رۆژێکی پڕ جەنجاڵ و هەواڵ و رووداوەکانی کەناڵە کوردیەکانەوە بکەم، هیچ فکرو خەیاڵ و ئارەزوویەکی دوورەدەست و خەیاڵ پڵاوی بێ بنەما و درۆیین لە مێشکما نەبوو. 

دوای تێپەڕینی زیاتر لە  ساڵێک بەسەر دەنگۆی لە دایک بوونی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشمەکێشە سیاسیەکان، ماوەیەک بوو خەیاڵمی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. بەڵام پێرێ شەو لە رووداوێکی دەگمەن و ناوازەدا، بێ ئەوەی بیرم لای کابینە وحکومەت و بەرکەوتە و لێکەوتە و بەش بەشێنی دابەشکردنی کورسی وپۆست و پلە و پایەوە بێ، خەونێکی سەیرم بینی و بۆ نیو کاتژمێر منی خستە دۆخێکی نامۆ و پڕ لە ترسەوە.

لە خەونمدا بینیم بە قودرەتی قادر و دوعای بەردەوامی ( دایک)،  لە پڕ لە هەواڵێکی بەپەلە و موژدەیەکی شادیهێنەری بروسک ئاسادا، عەرزی بەندەیان کرد، هەڵۆی بەختت لە شەقەی باڵی داوەو لەسەر شانی لای راستت نیشتۆتەوەو تا دەمێک ساڵ هەرلەوێ، وەک لەک لەکی بەهاران،  هێلانەش دەکات و وەچە دەخاتەوەو تۆ دەبی بە وەزیر. بەڵام عەرزیان نەکردم چ وەزیرێک و چ وەزارەتێکی پڕ شکۆ چاوەڕوانمە و کەی دەبێ دەست بەکار بم.

زۆر فشارم بۆ خۆم هێناو بیرم کردەوە....بەڵام بیرو هزر وهۆشم لای خۆم نەبوو...ئەسلەن کات و زەمەن و فەزاو مەکان بە لامەوە گرینگ نەبوو...بیرم لە شکۆی بوون بە  وەزیر دەکردەوە،  لە شکۆی پاسەوان و دەرگەوان و مەسینەهەڵگرو خاولی بەدەست و پێڵاو جووت کەرەو پان کەرەوەی سوک و رتلی ئوتۆمبێلە گوللە نەبڕە گرانبەهاکان و جڕت و فرتی ئەمسەرو ئەوسەری دونیاو دامەزراندنی براو خوشک و خزم و کەسوکارو ئامۆزاو خاڵۆزاو هاوڕێ و دۆست و ئەحبابی کۆن و نوێ دەکردەوە.

بیرم لای بەنزینی بەلاش و ئیمتیازاتی بوون بە وەزیر بوو...بیرم لای ئەو ( جڕتانە) بوو دەبوایە بۆ هەژاران و خانە نشینان لێی بدەم، کاتێک داوای یارمەتیان لێ دەکردم....بیرم لای گرێبەستە خەیاڵیەکان و خەیاڵ پڵاوە چەورەکان و تێکەولێکە و بینەو بەردەو پڕ کەو فڕکەو قڕکە بوو....شاگەشگەی کڕینی قات و ریباتی ئیتاڵی و بۆن وبەرامەی فەرەنسی و سێلفی حەشامات و جەماوەری داماوو کۆڵنەدەرو پانکەرەوەی دەورووبەرو فەزای مەجازی فەیس بوک و رووبەری  تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو....بیرم لای کڕینی کاتژمێری سویسری پەنجادەفتەری بۆ خۆم و خێزان و ئەو هوتێلە پێنج ئەستێرەییە بوو، پارساڵ لە یەکێک لە لە پایتەختەکانی وڵاتێکی ئەورووپی بینیبووم...بیرم لای درووست کردنی چەند قومارخانەو سەنتەری مەساج و شێلان بوو....بیرم لای ویسکی سکۆتلاندی و جگەرەی چرۆی کوبی و زاخاوی مێشک و دڵ و دەروون بوو....بیرم لای ئۆکرانیا و دوورگە دڵڕفێنەکانی تورکیا و ئەو ڤیلا گرانبەهایە بوو جاری پێشتر لەوێ و لە دوبەی بینیبووم....بیرم لای گرێبەستە خەیاڵیەکان بوو.....بیرم لای هەموو شتە ( باشە) کان بوو....بیرم لای بیرە بوو....خولاسە سەرتان نەیەشێنم.......لەو خەیاڵ پڵاوانەدا بووم، هەر ئەوەندە بینیم پیرە پیاوێکی بە سام و هەیبەت و نورانی لە دوورەوە بەرەو رووم هات....تۆزێک ترس و لەرز دایگرتم...تارماییەکە تا دەهات نزیکتر دەبووەوەو منیش نوتقم گیرابوو و هێزی ڕاکردنم لێ بڕابوو..دڵە کوتەم گرتبوو و خەریک بوو لە هۆش خۆم بچم.

من دەموچاوو سیمای ئەوم لێوە دیارنەبوو...بەڵام نوری دەموچاوی مەدهۆشی بینینی خۆی کردم...وای خوایە ئەم پیرە پیاوە چەند بە هەیبەت بوو......پیرە پیاوێکی کەڵەگەت و چوارشانەو بە سام ... لەترسانا نوتقم گیرا...هەناسەم سوار بوو....ئەژنۆم شکا..قورگم وشک و رەنگم زەرد هەڵگەڕا.

ئەو بە نەرمە دەنگێکی زۆر بە سۆزەوە بانگی کردم...وتی مەترسە...ئارام بگرە...منم باوکی کۆچ کردووت.

من نەهاتووم باسی چەمکی کوردایەتی و قوتابخانە فکریەکانی سۆسیالیزم و لیبراڵیزم و  هزری شۆفینیزم و پۆپۆلیزم و دیموکراسیت بۆ بکەم....من نەهاتووم مێژووی مرۆڤایەتی و باجی کوردبوونی سەدەکانی رابردوو و دیرۆکی کوردیاتی و خەبات و بەرخودان و تێکۆشانت بۆ شەن و کەو کەم....من هاتووم هەروەک جاران ئامۆژگاریت بکەم. 

دەنگەکە هی باوکی کۆچ کردووم بوو...ناسیمەوە...ئاخر من ئاشنابووم بەم دەنگە.... ئەو پیاوەی لە پێناو نیشتیمان و کوردستان و ئازادیدا نەک خۆی و بنەماڵە، بەڵکو منداڵ و عەشیرەت و هەموو ژیانی خۆیشی کردە قۆچی قوربانی چەمکی کوردبوونەوە....

ئەو بەردەوام بوو و وتی منم ئەو پێشمەرگە سادەیەی سەردەمانێکی زۆر دوور دوور و هەر لە دواساتەکانی کۆتایی پەنجاکان سەری خۆم هەڵگرت و رووم کردە چیا سەرکەشەکەی سەفین و لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگە جەربەزە چاونەترسەکانی ئەوکات، بە دەستێک تفەنگ و بەدەستێک نانە رەقە، رووبەرووی ستەمی داگیرکاری و رژێمی داپڵۆسێنەر بووینەوە و رووەو زولم وەستاینەوە، بێ ئەوەی چاومان لە دینارێک دەسکەوتی مادی و کورسی و پۆست و پلەی شکۆدارەوە بێ.

کورەکەم بڕواناکەم تۆی کورە پێشمەرگە بکەن بە وەزیر....واز لە خەیاڵ پڵاو بێنە....ئەم شتە کردەیەکی ناکردەیی و خەیاڵ پڵاوێکی بەتاڵە....ئاخر لەکوێی قاموس و فەرهەنگی کوردایەتی بووە کوڕە پێشمەرگەیەکی هەژار و رابردوو پاک و خاوەن بڕوانامەی زانکۆو  و بەئەخلاق ئەم ئەرکەی پێ بسپێردرێت....گەر کردیشیان با لەسەر بنەمای وزەو تواناو شیان و شایستەیی و  بەهرەمەندیتەوە بێ.... نەک مەحسوبیەت و ئەو پۆستەی پێت بەخشراوە تاقیکردنەوەی خوای گەورەیە و بۆ خزمەتی نیشتیمانە، نەک خۆت و تێرکردنی هەواو هەوەس و ئارەزووە لە بن نەهاتوووەکانتەوە...!

کوڕم نەکەی خۆت لێ بگۆڕێ...نەکەی لەخۆت بایی بی...نەکەی بە لاتەنیشت و سەری پەنجە و نیوە دەست بەرزکردنەوە وەڵامی سڵاوو رێزی خەڵکی بدەیتەوە...ئەم پۆستە:

-بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقی، ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییە.

- ئەرکێکە خراوەتە سەر شانت و گەرەکە بە دڵسۆزی و پاکی بیبەی بەڕێوە.

- ئەم پلەیە لێت دەخوازێ لە کار کردن وڕاپەڕاندنی ئەرکەکانت ئەوپەڕی هیمەت بنوێنی و ڕاڕای نەکەی لە بریارداندا.

- خۆت لە ئەرکەکان بە بڕۆو بیانۆی جۆراوجۆر نەدزیەوە.

- خۆت لە پشت دیواری ڤێلاو مەزرەعە ( کێڵگە)کانی کەیف و سەفاو رابواردنەوە لە خەڵکی مەشارەوە.

- لە خۆبایی بوون نەکەی بە پڕەنسیپی کار کردنت و فیز بە هاونیشتیمانیانت مەفرۆشەوە.

- ڕێزی کەسانی دەورووبەرت بگرە و دڵسۆزیان بە.

- گوێ لە داواکاری خەڵکی بگرە.

- سینگت بۆ رەخنە و گلەیی و گازندەی خەڵکی کراوە بێ.

- وامەزانە ئەم پۆستە ئەبەدیە و تۆ قەت نامری.

- دەسپاکی بکە بە پەیرەی کارەکانت و پرۆگرامی ئەنجامدانی ئەرکەکانتەوە.

- بوێرو راستگۆ بە.

- وریای گفت و بەڵێن و پەیمان و ئاخاوتنەکانت بە.

- وریا بە بڕواو متمانەت بە خەڵکی نەدۆڕێنی.

- وانەکەی خەڵکی بەهۆی هەڵسوکەوتی چەوت و خراپەکانتەوە، گومان بخەنە سەر کەسایەتی و رابردووی منیشەوە.

- نەکەی وا هەڵسوکەوت بکەی خەڵکی رقیان لە من و مێژووشمان بێتەوە، توخوا مێژووی خەباتی سیاسیم لەکەدارو ناشرین نەکەی.

- نەکەی بەهۆی هەڵسوکەوت و ئاکارە ناشرینکانتەوە خەڵکی قێز لە ئێمە و حزب و چەمکەکانی کوردایەتی و کوردبوونیش بکەنەوە.

- وریا بە حزب ئامراز نیە بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات و خۆدەوڵەمەند کردن، بەڵکو حزب و پۆستی حکومی ئامرازێکە بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان.

- تکات لێ دەکەم نەخۆت و نە من و نە حزبیش بە ئاکارە چەوتەکانتەوە ناشرین مەکە. من نەمکرد تۆش مەیکە.

- کاتێک خەڵکی داوای خزمەت و لالێ کردنەوەی کێشەو چارەسەرکردنی گرفتەکانتەوە لێدەکەن، بە قسەی باق و بریقەدار و گفتی بێ بنەماو سەرگەرم کردن، درۆیان لەگەڵ مەکە. دڵنیابە بەیەک درۆ، هێمای پرسیار ئەخەیتە سەر کۆی گشتی کەسایەتی خۆت و منیشەوە.

- لەبیرت بێ هاونیشتیمانیانت لەوە هۆشیارترو بە ئاگاترن، تۆ بتەوێ بە بەڵێنی بێ بنەما و درۆوە، لە خشتەیان بەری.

- کاتێک لەبەردەم مایکی تەلەفزیۆنەکاندا ئەوەستی، خۆت لێ نەبێ بە سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێسمان، یا ئەندامی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانی و حیسابی ورد بۆ لێدوانەکانت بکە. ئێمە هێشتا گەلێکی بن دەست و دابەشکراوین و نەبووین بە دەوڵەت.

- خەڵکی زۆر لەوە هۆشیارترە گاڵتە بە عەقڵیانەوە بکەی و پێیانەوە رابوێری. ئەو خەڵکە داماوە مەکە بە بارمتە بە دەست خۆتەوەو ڕاستیان بۆ بێژە.

- تۆ بۆ خزمەتی گشتی و چارەسەری لەوێ دانراوی نەک بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆت و کەسە نزیکەکانتەوە.

- رێگە نەدەی خەڵکانی بێ کەلک و شایەر و چاوەش و بودەڵەو هیچ و پوچ و راپۆرت نووس و جاسوس و هیچ لەبارادا نەبووی هەلپەرەستی بێ ویژدان، بە پان کردنەوەو مامەحەمەیی لە دەورەتەوە کۆ ببنەوە و بە شانو باڵتەوە هەڵبدەن.

- لە خوا بترسە و بزانە ئەو، چاودێرە بەسەرتەوەو هیچ شتێک لێی شاراوە نیە.

- رێگە بە خەڵکی بودەڵەو هەلپەرەست و بەرژەوەندچی مەدە بۆ بردنە پێشەوەی خۆیان و دەسکەوتە مادیەکان، خۆیانت لێ نزیک بکەنەوە و کە لێش کەوتی و شکستت خوارد، پشتت تێ بکەن.

- رێزی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت وبێنەواو بگرەو بەگوێرەی تواناو دەسەڵاتت یارمەتیان بدە.

- خۆت لە ململانێی ئەم وئەو بپارێزە.

- رێزی هاوسەنگەر و هاورێ و هەڤاڵانی دوور ونزیکی من بگرەو بە قسەوگوفتاری خۆش بیاندوێنە.

- لە حەرام و دزە وگەندەڵی خۆت بپارێزە و بزانە ئەم دونیایە رۆژێک دێت کۆتایی پێ دێت و ئەپێچرێتەوەو حەق و حیساب دەربارەی وردو درشتیەوە لەگەڵت دەکرێ. هەروەک لەگەڵ منی باوکت کردیان.

-کەسانی گەندەڵ و چاوبرسی لەخۆت دوور بخەرەوەو دەرفەتی دزی وگزی و مافیاگەریان پێ مەدە.

- کوری خۆم بیسەلمێنە تۆ کوری پیاوی مەرد و خاوەن هەڵوێست و رابردووپاکی.

ئامۆژگاریەکانی باوکم بەردەوام بوو و منیش زۆر بە وردی گوێم بۆ ئامۆژگاریەکانی هەڵخستبوو و سەرتاپای جەستەم لە ترسان هەڵئەلەرزی.....هەر ئەوەندەم زانی هێلینی کچم  خەبەری کردمەوە و خەون و خەوە شیرینە یۆتۆپیاکەی لێ پچڕاندم و هەپروون بە هەپروونی کرد وبە داخەوە، سەرەڕای تامەزرۆییمەوە، نەیهێشت ببم بە وەزیر. 

" بابە هەستە...درەنگە....ئەوڕۆ بۆ واخەوت گرانە و کەوتوویەتە خەوێکی قوڵەوە.؟.....ئەی نامبەی بۆ قوتابخانە...پاسەکە نیو کاتژمێریتر ئەڕواو بە جێمان دێڵێ و من دیسان تاقەتی بە پێ رۆیشتنم نیە....ئاخر پاسکلەکەشم پەنچەرە و ئیستاپەکانیشی باش ئیش ناکەن.....ئەها بیریشت نەچی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دایکو باوکانە…! 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×