میاوە میاو

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2025-12-04     455

دوێنێ بەهەوڵ و کۆش و تێکوشین و لێکوشینی هەموو ئەندامانی ڕەسەنی ناو حەرەمی دارستان بە تایبەت توێژە نەحەساوەکەی کەڵتەکۆن،  دەستوورێکی شازو دانسقە و مێژوویی لە لایەن دەستەبژێرانی لەری لەوەڕگای بە پیت و بەرەکەتی دەوڵەمەندی دارستان نووسرایەوەو ئاهێک بە بەر چینی کەم لەوەڕو بێ لەوەڕو لەری گەڕو بێ دەرەتانی لەوەڕگای پیرۆزدا هاتەوەو گورگ و مەڕو ڕێوی و کەرو وشتەرە مەل، پێکەوە نیو خولەک بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی…ببورن بۆ رێزگرتن لە شکۆی دارستان خۆیان خستە سەر تەنیشتەوە. 

 

ئەوەی جێگەی سەرەنجدان بوو، چەند ئەندامێکی دەرچووی کۆلێژی مامەحەمەیی و پیاهەڵدان لە نووسینەوەی دەستوورەکەدا دەرکران و تەنانەت هۆڵی کۆبوەنەوەکانیش بەم حەیاتکاوانە رەوا نەبینراو بە داوای لێبوردنەوە……شاپتڕێن کران. 

 

لە بڕگەیەکی دەستوورە ئەستوورەکەدا هاتووە: 

موڵکو ماڵی نێو دارستان  هی هەمووانە و هەمووانیش مافی بەکار هێنانیان هەیە بە بێ جیاوازی. مەبەست لە هەمووان ( هەمووانە) و تکایە تەفسیرو ڕاڤەی هەڵەی بۆ مەکەن. 

 

ئەو هارمۆنیا و بێدەنگیەی لە ناو جەنگەڵدایە لە ناو شاردا نایدۆزینەوە تکایە جەنگەڵوانە بەڕێزەکان بە هاشوهۆش و چەقەنەلێدان و خۆبادان و سەربادان و سەرلەقاندن و کوڵاندنی سۆشیال مێدیای دارستان لەباری مەبەن و لەجوانی مەخەن و ناشرینی مەکەن.

 

ستەمی داگیرکاری و زۆرداری و ستەمکاری و ستەمگەری و تێهەڵدان و شەڕە قۆچ و شاخ شاخێن و لووشکەلێدان و قەپ گرتن و سنووربەزاندن، سراوەتەوەو هەموو هاوجەنگەڵی  هاوببیروهاوپیشەو هاو هەناسە و هاوپلەو دژبەرو دژ مەڕەکان، بە قودرەتی قادر و نزاوپاڕانەوەو دوعای چینوتوێژە کەم لەوەڕەکان، مافی ژیانێکی شایستەو پڕشکۆی پڕ لە رزق و رۆزی و تێری و پڕی و پڕ کەرامەتیان، بە پێی یاساو رێسای جەنگەڵستان بۆ پارێزراوو مسۆگەر کراوە.

 

ئەسڵەن پێویستیمان بە دامەزراوەکردنی دارستان و  دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمان و دادگاو (گای بێ داد) و سیستەمی داد و وانەی دارا دۆلاری دی یا دوو داری دی و بێدادی و ئۆپۆزیسیۆن و پۆپۆلیست و دینارلیست و دۆلارلیست و هەلپەرەست و بەرهەڵستکار و یارونەیار و دارونەدار و رازی کردنی هەمووان لەسەر حیسابی ئەوان  و کۆبوونەوەو کۆربوونەوەو دانیشتن و بە پێ وەستان و چاوپێکەوتن و دەست پێکەوتن و چاوبەستنی دوو قۆڵی و شەش قۆڵی و سازان و نەسازان و گرێدانی هاوپەیمانی و مۆرکردنی یاداشت و پاداشت و لێکتێگەیشتن نامەو  و بەڵگەنامەی ستراتیژی و هێسترەبیژی و پاکێجی چاکسازی و لێژنە یەک لە دوایەکەکانی چاکسازی و چەکسازی و درۆن سازی و دۆلار سازی و چارەسەرکردنی گەندەڵی و میاوەمیاوی شەوانە نیە.  پاشەکەوتی لەوەڕو لەوەڕگاو ئالیکی پێویست بۆ وەرزی زستان و سەرماوسۆڵەو سەهۆڵبەندان،  چیتر ناخرێتە لیستی هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵە ئاسمانی و رێسمانی و سەپاندنی سیستەمی  فیفتی فیفتی و فۆرتی سیکستی  و ناینتی و هەتەدەوە نیە و نابێ. 

 

لە ناو  حەرەمی دارستاندا رێگە بە هیچ ئاکارو کردارێکی حەرامزادەیی و گەوادی نادرێت و گەوادە کاسەلێسەکان لە چەشنی مام رێوی بە تووندترین شێوە رووبەرووی یاساو دەستوور و تێهەڵدان دەبنەوەو کلکیان ئەقرتێندرێ

هیچ زاتێک و ئاژەڵێکی بەئەمەک و بەرپرسیارو خاوەن هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەری ناو جەنگەڵ، بە دەمامکەوە دەرناکەوێ و رووناکاتە مفتەخۆری و دوو ڕوو و سەد روو داپۆشراو نیە. سەرباری ئەمەش هاورێ و دۆست ، لە ئێڵ و تەبار، لە یارو نەیار و دوژمندارو پلەدار جیا کراونەتەوەو چیتر رێگە بە گێرەشێوێنی و دارستان شێوێنی و شاخ هەڵدڕین و نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی و چەقەنەلێدان و فشقیات لە رووبەری  دەست لێنەدراوی حەرەمی دارستان بە هیچ کەس و دەست و قاچی لایەنێکی دەرەکی و ناوەکی  نادرێت. 

 

لە نێو دارستاندا پێویستیمان بە ئایدیاو مێدیاو بیرۆکەو ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی و ململانێ و کێ برکێ  و هەڵبژاردن و  هەڵاوێردکردنی بەربژێر و کاندید کردن و سەفقەی ژێر بەتانی سەفسەتەی ژێرمێزو بان مێز وشکاندنی مل و فەقەرات و ئێسقانی یەکتر و بێ رێزی کردن بە بابوباپیرانی ناو دارستان نیە. لە پاڵ ئەمەشدا خۆپەرەستی و خودئەوینی و لەکەدارکردنی مێژوو و رابردوو و ئێستاو داهاتوو و بەهاو کەسایەتی سەرۆک و سەرکردەکانی سەربە ڕەچەڵەکی شێری فەرماندەی پانتای دارستان  بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نیەو مۆڵەتی کەم پەین و زۆر پەین بۆ ناشرین کردنی قودسیەتی جەنگەڵ و پێشێل کردنی یاساورێساکانی ناو دارستان بە هیچ لایەنێک نادرێت. 

 

کەشو هەوای سەقامگیری دارستان تا بڵێی دڵخوازو سازگارو بێ غوبارەو جۆرێک لە دڵنەوایی و رۆحنەوایی و ئاسوودەیی رۆحی و جەستەیی و هەستەوەری و دەروونیمان پێ دەبەخشێ و گەرەکە هەموو چین و توێژو رەگەزەکانی ناو دارستان  بە دڵ و بە گیان بیپارێزن و بەهەردوو دەستیانەوە تووند تووند بیگرن و بەری نەدەن. 

 

رێنماییە ئیداریەکان و یاساکانی جەنگەڵ ئاشکراو دیارن و لە دوو توێی دیباجەو نامیلکەیەکی قەوارە بچووک لای  جەنابی مام رێوی دەست دەکەون و بە شەوێک و کون فەیەکونێکی سیحراوی و گوماناویەوە،  راسپاردەو ئامۆژگاری و قەرارو بریارەکان گۆرانکاریان بەسەردانایەت. زیاد لەمەش مەزاجی ئەهلی سیاسەت و هێڵی سووری سیاسەتخوار و سیاسەتباز و سیاسەتکار و ئەملاوئەولای سیاسەت و خوارەوەی سیاسەت و رەعیەت و  عەوام و حەشامات و ئەم و ئەوی پان کەرەوەی بێ حەیاو حەیاشکاوو حەیاتکاو و حەیانەماو حەیازڕاو ، ڕۆڵی تێدا نابینن.

 

دەستوورێکی نەنووسراوی مەعنەوی سەروو هەموو کەس، سەروەر و تاجی سەرو سەردارەو بە کرداری بکەری نەکڕدراو،  هەموو بوونەوەروخۆش لەوەڕە خۆشباوەڕو بێ لەوەڕەکان،  ڕەچاوی دەکەن و رێزو حورمەتی لێ دەگرن و  بە موویەک چیە، لێی لانادەن و جێ بەجێی دەکەن و دوای لە فیلتەردانێکی خەست و وردو چڕوپڕەوە، رێگەیان پێ نادرێ بۆ بەرژەوەندی شەخسی و فیکەی حەرامزادەیی و شاردنەوەی ئالیک  بیخەنە خزمەت خۆیانەوە. 

 

یاساکانی دارستان بە یەکسانی بەسەر هەموواندا جێ بەجێ دەکرێن و هیچ کەس و لایەنێک و بێ لایەنێک و سەربەخۆیەکی سەربە + خۆ، بەهۆی رەچەڵەکی خزم خزمێنەو رەنگی پێست و چاوو برۆو جۆری خوێن و  بەژن و باڵاو پێشینەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و پاشخانی هۆز و پێگەی ئابوری و سیاسی و دەست رۆیشتووییەوە ڕەپێش ناخرێت و لە کون فەیەکونێک و چاوتروکانێکدا نابرێتە کەشکەلانی فەلەکەوەو لەسەر کەوڵی ئاژەڵە بێنەواو بێدەسەڵاتەکاندا سەرناکەوێ.

 

لە جەنگەڵستاندا هیچ بەنی ئاژەڵێکی دژە بەنی ئادەم،  لە پڕێکا نابێ بە کوڕێکی رەزاقورس و هیچ ئەندامێکی جەنگڵستان و دەرچووی کۆلێژی مامەحەمەیی،  بە هۆی هونەرو بەهرەی خورسکی بێ شەرمی مامەحەمەیی و زمان لوسی و پانکردنەوەوە، ناکرێ بە کەڵەگا. 

هەموو کەڵەگاکانی دەرچووی کۆلیژی مامەحەمەیی، بێ سێودوو  دەخرێنە پەراوێزەوەو دەردەکرێن.  

 

هونەرو کەرتی پیشەسازی مامەحەمەیی لە نێو دارستان بەکەڵکی ژیانی جەنگەڵ نشینان نایەت و پەتاو ڤایرۆسیەکەشی لە هەڵمەتێکی سەراتەسەری و چڕ وپڕی وەزارەتی تەندروستی،  بە فەرمانی خاوەن شکۆ جەنابی شێری شێزادە لە خانەدانی پیاوەماقوڵەکانی ناو دارستان و هەوڵ و گوشین و تێکۆشان و تێکوشینی و تێ هینی مامە رێوی فێڵباز،  دەمێک ساڵە ریشە کێش کراوە و  لە پێناو چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی گۆشتی و بەرژەوەندی کوژیەوە،  جەنگەڵستانی لێ پاک کراوەتەوە. 

 

لەنێو دارستاندا هیچ بوونەوەرێک بۆ هێشتنەوەی دۆخی زۆری و بۆری و تێری و پڕی و پۆشتەیی خۆی و ئەملاو ئەولای و پەرەپێدان بە سنووری دەسەڵات و قەڵەمرۆیی خۆیەوە، پەلاماری ئەولاوئەملا نادات و سنووری خۆی دەزانێ. 

 

هیچ بوونەوەرێکی چوارپێ دووچاری دڕدۆنگی نەبووە و بە شڵەژان و دڵەراوکێ و دڵەکزەو سەرگێژەو ماعیدەی ترشاوەوە رۆژ ناکاتەوە. زیاد لەمەش کەم خەوو هەراسان و هیلاک و نیگەران نیە و دوای عەسران بە ئاسودەییەوە لە ژێر سێبەری دارودرەختە چڕوپڕەکاندا پاڵ دەکەوێ سەرەخەو دەشکێنێ و خەوو خۆراکی پارێزراوە. 

 

لە نێو جەنگەڵدا بوونەوەرەکان بە گوێرەی پێداویستی رۆژانەیان( شتەکان) بەکار دەهێنن و زێدەرۆیی لە بەکارهێنانیاندا ناکەن و چاویان لە مسۆگەر کردنی ئاییندەیە بۆ نەوەی داهاتووش. کار بە پڕەنسیپی هی خۆم بۆ خۆم و هی تۆش دەخۆمەوە ناکەن. ئەگەر ئەم زێدە رۆییەشیان کرد، جەنابی فەرماندە شێر، بە بێ جیاوازی لێیان قەبوڵ ناکات و ئەیانخاتە بەر غەزەب و توورەیی و نەفرەت و دەرکردن و تێهەڵدان و قەپ لێدانی بە ئازاری خۆیەوە.

 

لە نیشتیمانی دارستاندا هیچ بوونەوەرێک لە پێناوی مانەوەی خۆیدا جەنگەڵەکە وێران و کەشوهەواکە ژەهراوی و ژینگەو ئاوو هەواکە پیس و پۆخەڵ و ئەوانی تر بێ لانە و کاشانە و  دەربەدەر ناکات.

 

فەزای ناوەوەی دارستان، فەزایەکی سرووشتی و ئاسایی و یاسایی و دەست لێنەدراوەو دۆنمە زەویەکان و دارو درەختە سەرکەشە ناوقەد ئەستوور باڵا بەرزەکان و گژوگیاوگوڵ و گوڵزاری هەمەچەشن و سەوزەی ناو جەنگەڵ و قەدپاڵی چیاکان، موڵکی هەمووانەو تاپۆی هیچ کەس و گرووپە ئاژەڵ و ڕانەمەڕو مێگەل و  و دەستە و تاقم و کۆمەڵێکی دیاری کراوەوە نیە لۆگۆ و ماک و ئاڵای تایبەتی هیچ کەس و گرووپ و دەستەیەکی مشەخۆری پێوەوە نیە.

 

دەوروو بەری دارستان سیم و پەرژین نەکراوەو بە دیواری کۆنکرێتی و شوورەی چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵاوە دەور نەدراوە.

ئاوو هەوای نێو جەنگەڵ پاک و خاوێن و ساف و بێ تۆز و غوبارە لە مادە ژەهراویەکان و مرۆڤە ژەهربیر و تاریک بیرو هزرمردووە تێکدەرەکانەوە.

 

لەهەمووی خۆشتر  ئەهالی  موحتەرەمی دارستان پێویستیان بە کارەبای دەروجیران و هاوسێ و دراوسێ و نیشتیمانی و موەلیدەو خێرو سەدەقەی ئەموو ئەوو ئامپێر و کارەبای ڕاکێشراوی قاچاق و سعاتی دەسکاری کراوی کارەباوە نیە. 

کەس بۆی نیە  بە هەواو هەوەسو و خواست و ئارەزوو و دیدگاو روانگەی تایبەتی خۆیەوە کڕین و فرۆشتن و مامەڵەی نایاسایی و خیانەتی گەورە بە جەنگەڵ و پێکهاتە و دانیشتوان و هاوجەنگەڵیەکانەوە بکات و ئاسایشی ژیان  وگوزەرانیان لێ تێکبدات و  یاری بە دارستان و سنووری جوغرافیەکەیەوە بکات و ئاسایشی نیشتیمانی دارستان بخاتە مەترسیەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×