کەلاکی تۆپیو

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2026-02-01     399

ئەوەی لە ئێستای دۆخی کورد بە گشتی و بەشەکەی رۆژئاوا بە تایبەتی روو ئەدا، درێژکراوەی ئەو دراما تراژێدیایەیە، نزیکەی سەت ساڵە مرۆڤی کورد، هەم بینەریەتی و هەمیش وەک قوربانی ژمارە یەک، نەوە دوای نەوە، بەدەستیەوە گیری خواردووەو هیچ ئاسۆیەکی دەربازبوونی لێوە دیار نیە. 

 

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆڕم و تێکەڵەیەکی زۆر ترسناکە لە رەگەز، ئایین، نەتەوەو تیرەو تایفە و کۆمەڵە خێڵێک، هەر کامیان لە سۆنگەی بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی خۆی و فووتێکردنی قەوارە نەتەوەییەکەی و فکرە داخراوەکەیەوە هەوڵی سەرخستنی دونیابینی و ئایدیۆلۆجیای خۆی دەدات. لە دۆخێکی چەقبەستووی ئاڵۆزی لەم شێوەیەدا هەرکام لەو نەتەوانە، ئاڕاستەی مێژوو بەو جۆرە دەگۆڕێت، لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی بێتەوەو هاوتەریبیان بێت. لێکەوتە تراژێدیاکانیش دەرەنجامی گۆڕینی ئەو ئاڕاستە مێژووییەن، بۆ گەلێکی بەشمەینەتی وەک کورد، لە هەموو قۆناغەکاندا بەشی شێری لە کاولکاری و تراژێدیا بەرکەوتووە. 

 

(کەلاکی تۆپیوی فاشیزم)

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی لێکەوتە خراپەکانی ئەو فاشیزمەیە لە خۆرئاوا لەدایک بوو و ئێستا بە فۆڕمێکی ترو لە هەلومەرجێکی بابەتی و زاتی نوێوە دیسان لە خاڵێکی وەرچەرخانی تازەو لە لایەن کۆمەڵە بکەرو کاراکتەرێکی نابەرپرس و تەوژم و ئاڕاستەی سیاسی و ئایینیەوە لە دایک دەبێتەوە.  

 

پێکهاتەی رۆژهەڵاتی ناوین لە رووی نەتەوەو تیرەو خێڵ و ئاڕاستەی سیاسیە و ئایینیەوە، پێکهاتەیەکی زۆر ئاڵۆزە. 

 ئەم پێکهاتەو هەڵکەوتە جوگرافی و سیاسی و نەتەوەییە داخراوە وای کردووە، جۆرەکانی فاشیزم هەر جارەو لە چەقی خاڵێکی وەرچەرخانی سەربازی و ریفۆڕمێکی سیاسیدا دووبارەو چەند بارە لە دایک ببنەوەوەو بۆ ماوەیەکی زەمەنی  زۆر، هەژمونی خۆیان بەسەر بونیادی دەوڵەت و یاساو ئاشتی و پێکەوەژیان و حوکمڕانیدا بسەپێنن و جگە لە ستەمکاری و نادادیەکی سیستەماتیک، هیچ دەسکەوتێکیان بۆ مرۆڤایەتی نەبێت. 

 

لە جوگراگیایەکی لەم شێوەیەدا قسەکردن لە پێکەوە ژیان و برایەتی و خوشکایەتی و کرچ و کاڵ کردنەوەی فاشیزم و جۆرەکانی، هەوڵێکی بێ ئەنجام و پروکێن و نائومێدکەرە. سەرجەمی ئەو پێدراوو دەسکەوتانەی بریار بوو گۆڕانکاریبرادیکاڵی بەسەر بونیادە کلاسیکی و مەعریفە سیاسیە ماوەبەسەرچووەکانەوە بێنن، لە دەرەوەی ئیرادەی گشتیەوە لەکار کەوتوون و بە پێی بەرژەوەندی و هەلومەرجەوە پێناسە دەکرێن. 

 

دابەشکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لکاندنی زۆرەملێی کورد بە نەتەوەکانی تر و کێشانی سنوور لە نێوان ئەو نەتەوە سەردەستانەی لە بری پێکەوە ژیان و پێکەوە هەل کردن و ڕێزگرتن لە سادەترین مافەکانی ئینسان، تەنیا سەرقاڵی یەکتر شکاندن و بچوک کردنەوەی یەکتر و پێشێل کردنی بنەماکانی یەکسانی و پاراستنی مافی گشتین، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی براوە بێ موڕاڵەکانی یەکەم جەنگی جیهانی بوو. بڕێکی زۆر لەو هێزە باڵادەستانە بێ ماف کردن و بێ ژیان کردنی نەتەوە ژێر دەستەکان بە کردەیەکی ئەخلاقی و ئاکارێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارەتی تێگەیشتوون. ئەمی سیاسی و ئەوی فەرماندەی سەربازی و سەرزلی میلیشیاو چەتە، شکاندنی شکۆو کەرامەتی مرۆڤەکان بە ئەرکی ژمارە یەکی خۆی دەزانێت و  بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیەوە سڵ لە هیچ ناکاتەوە.  

لە دۆخێکی لەمجۆرەدا دەرکەوتنی کاراکتەرێکی  وەک تۆم باراک لە رووبەرێکی هەستیاری  ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی تەوژمەکانی رادیکاڵی نەژادی و ئاڕاستە دژ بەیەکە ئایینیەکان، جێگەی لەسەر وەستانە بەڵام جێگەی سەرسوڕمان نیە. 

 

( باراک نوێنەری تەوژمی نوێیە) 

تۆم باراک نوێنەرایەتی فاشیزمی سپی پێستی ناو هەناوی کاپیتالیزمی سەردەمی جەنگی سارد و ریبراڵیزمی نوێی بەرژەوەندگەرا دەکات. ئەم تەوژمە فکریە ئیش لەسەر بێ بەهاکردنی بەها گەردوونیەکانی مافی مرۆڤ و  شکاندنی نەتەوەیەکگرتووەکان و کرچ و کاڵ کردنەوەی چەمکی “ مرۆڤدۆستی” و سەرجەمی پەیماننامە و دیباجەکانی مافی مرۆڤ و مافی گەلان، بە ئەرکی ژمارە یەکی خۆی دەزانێت. 

 

تۆم باراک هەڵگری پێناسەی ئەو  فاشیزمە سپی پێستە ڕاسترەوە نیۆلیبرالیزمەی خۆرئاوایە هەر لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترامپ بەسەرۆکی ئەمریکا، خۆریان دەرکەوت و گەشەیان کرد و زۆر بە وردی رەگوریشەیان لە نێو دونیای فکرو ڕامان و دونیابینیەکانی بڕێکی گەورەی کۆمەڵگای خۆپارێزی ئەمریکی داکوتا.  

 

فاشیزمی بەرژەوەندگەرای تۆم باراک و هاوبیرەکانی نەک هەر مەترسین لەسەر ئێستای ئاشتی جیهانی، بەڵکو هەڕەشەیەکی جدیشن لەسەر مرۆڤایەتی و مافی گەلان و ئەو پرەنسیپە دیموکراسیانەی سەتان بیرمەند لە سەدەکانی رابردوو، بێوچان لە پێناوی سەرخستنیان هەوڵی چەسپاندیان دا و رێگەیەکی پڕلە ململانێی خوێناوی ( شەڕی ناوەخۆی ئەمریکاو یەکەم و دووەم جەنگی جیهانی)کەندو دۆڵ و دڕکاویان بڕی. 

 

تۆم باراک نوێنەری ئەو ئاڕاستە نوێیەیە، سیستەم و بونیادی فکری دونیای سیاسەتی ئێستای  ئەمریکای لەسەر بونیاد نراوەو رۆژبەرۆژیش بەرەو گەشەسەندنی خێرا هەنگاو دەنێت و لەهەموو پرەنسیپێکی مۆڕاڵی سیاسی ،  داماڵدراوە. ژێر خانی سایکۆلۆژیای ئەم تەوژمە لەسەر بنەمای سزا سەپاندن، ملکەج کردن و خۆڕادەست کردن بونیاد نراوە. 

 

ئەم ئاڕاستەیە هەوڵ ئەدات سەرجەم دامەزراوە سیاسی، کولتوری، هونەری، ئەکادێمی و سەربازیەکان بخاتە خزمەت سەرخستنی خەون و دیدگاکەیەوە و بیری پێچەوانە بە دوژمنکار و نەیارو دژە دیموکراسی ( بە گوێرەی تێگەیشتنی ئەو) وێنادەکات. 

 

ئەم تەوژمە لە هەوڵی پێناسەکردنەوەی سیاسەت، بەرژەوەندی، قازانج، هاوسەنگی، هاوپەیمانی و  مافی گەلانی خۆرهەڵات، تەنیا پابەندە بەو پرەنسیپ و تێگەیشتنە کلاسیکیەی، سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دادەرێژێتەوەو لە روانگەیەکی بەرتەسک و فاشیزمێکی دەمامکداری بەرژەوەندگەرادا، هەوڵی پێناسەکردنەوەی سەرجەمی چەمک و پرەنسیپیە ئەخلاقیەکانی دونیای سیاسەت و ئابوری دەدات و هاوکێشە سیاسیەکان سەرلەنوێ بە فۆڕم و ناوەرۆک و ئامانجی ترەوە دادەڕێژێتەوە. 

 

فاشیزم بە گشتی و فاشیزمی سپی پێست بە تایبەتی هەڵگری خودئەوینیەکی کوشندەیە. بیرۆکەی فرەڕایی و پلۆرالیزم بەلای ئەم تا ئەو شوێنە مایەی قەبوڵ کردنە، تخونی بەرژەوەندیەکانی نەکەوێت و هەوڵی گۆڕانکاریکردن لە بونیادی دامەزراوەو پاشخانە فکریەکەی نەدات. بڕێکی بەرچاو لەم تێڕوانینە ئامادەیی ئەوەی تیایە بە تووندترین و خوێناویترین شێوە رووبەرووی نەیارەکانی ببێتەوەو ئامادەی گشت خۆبەخشین و قوربانیدانێک و نانەوەی جەنگ و ئاشوب و کاولکاریە. 

 

ئەم جۆرە فاشیزمە واقع ڕەت ناکاتەوە بەڵام رێگە بەخۆی دەدات واقعێک هەڵبژێرێت ( Selective Reality)لەگەڵ دونیابینی و ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانیدا بێتەوەو ئەو رووبەرە بۆ چالاکیەکانی هەڵدەبژێرێ، سەرجەمی پێداویستیەکانی تێیدا ئامادە بێت و رووبەرووی نەبێتەوەو مل بۆ داواکاریەکانی بدات. 

دۆخی سیاسەتی جیهانی و واقعە جیۆسیاسیەکان دوای دووەم جەنگی جیهانی لە چەندین قۆناغی جیادا توانی کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکاری و ئیستیعمار بهێنێت. لێ دوای ئەم قۆناغە چین و ئەمریکا و رووسیە بە گرتنە بەری سیاسەتێکی نوێ و لە سەر بنەمای واقعی جیۆسیاسی جیهان سەلماندیان ئەمان بە پێی قەبارەی بەرژەوەندیەکانیان و هێزەوە مامەڵە لەگەڵ جیهان دەکەن و درووشمەکانی مافی گەلان و ئازادی و دیموکراسی و سەربەخۆیی و سەروەری، جگە لە چەند درووشمێکی ناوەرۆک بەتاڵ و لاستیکی و کرچ و کاڵی چەواشەکارانە، هیچیتر نین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×