دێوەزمەی شووم 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2026-03-31     445

لەسەردەميکدا دەژین هەرکام لە ئێمە سەرقاڵی  رازاندنەوەو پشکنین و دروست کردنی دونیایەکی تایبەت بە خۆیەتی، هەستی ئارامی و بەختەوەری و ئاسودەیی پێ ببەخشێ و بتوانێ لانی کەمی داهاتوو بۆ خۆی و نەوەکانی مسۆگەر بکات.  ئامادەیی فکرو پلانی  فەراهەم کردنی ئەم دونیاش لە خەیاڵدانی مرۆڤەکان، وای لە مرۆڤەکان کردووە، لە پێناو دەستخستنی زۆرترو زیاترو بەرفراوانتردا، بێ باک بن بەرامبەر بە هاورەگەزو هاوزوبان و مرۆڤەکانی ترەوە. 

 

دۆخی سەهۆڵبەندانی عەقڵ و تێفکرین و تێڕامان بەستەنەوەی عەقڵگەرایی، لە گشت کونج و کەلەبەرەکانی رووبەری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان رەنگی داوەتەوە. بەشێکمان ئامادەگی ئەوەمان تیایە بۆ هەڵتەکاندنی بونیادی کۆمەڵگا و سەرجەمی بەها سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەسکەوتە مێژووییەکان، پەنا بۆ بێگانە بەرین و لە دونیایەکی بەرزەخ ئاسادا چاوەڕوانی داڕمان و داتەپین و دەرەنجامەکانی وێرانی نیشتیمانێک بین، هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی و دەردەسەری 

لە پێناویدا بەخشراوە. 

 

ئێمە لێبڕاوانە سەرقاڵی هۆنینەوەو رازاندنەوەی دونیایەکی بەرتەسک و لە قاڵبدرا وو زادەی خەیاڵمانین. دونیای سەوداوبازرگانی، دونیای ئایین و ئایینپەروەری، دونیای بیزنس و پارە، دونیای سیاسەت، دونیای ئەدەب ونووسین و رۆژنامەگەری ، دونیای بەرژەوەندی و کەوتنە دوای خەون و خەیاڵ و ئاواتە بێ سنوورو لە بن نەهاتووەکان. 

 

ئەو دونیایەی واقع و ڕاستەقینەی تیایدا دەژین چیتر نەئەو بەشێکە لە ئێمەو  نە ئێمەش بەشێکین لە ئەو. 

ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە بەو هەموو تواناو عەقڵ و بیری داهێنەرانەی هەمانە لە نهێنیە شاراوەکانی ئەم دونیا فرە رەهەندە سیحراویە جەنجاڵە تێبگەین و ئەو بە بەشێک لەخۆمان بزانین و خۆشمان بە بەشێک لەو. هێشتا نەمانتوانیوە هۆکارە بابەتی و زاتیەکانی دۆخی ئێستاو رابردوومان بە شێوەیەکی زانستی وا ڕاڤەبکەین، لە ئێستاماندا بمانگوازێتەوە بۆ داهاتوویەکی باشترو دڵنیاترو ئومێدبەخشترەوە. 

 

ئەو دونیایەی ئێمە پێی وابەستەو گرێ دراوین،  چیتر ئەو دونیایەی دەرەوەی خەیاڵی ئێمە نیە. دونیایەکە هەر ڕۆژەو بە جۆرێک دەردەکەوێ و بە رەنگێک خۆی وێنا دەکات و  لە گۆڕانکاری خێراو سەرسووڕهێنەری بێ وێنەدایە. 

مرۆڤ گیرۆدەو دیلی ئاوات و خەون و خەیاڵە بێ سنوورەکان  و بەندکراوو دەستەمۆکراوی پلان و ئارەزووەکانی ناو دونیا دەسکردە مێتافیزیکیەکەی  زادەی  تێفکرین و خەونە رەنگاڵەکانی خۆیەتی. 

 

جیهانی واقع بەمە دەناسرێتەوە: تادێ خۆشەویستیەکان کرچ و کاڵ و پەیوەندیە جڤاکیەکان لەرزۆک و  بێ ماناو عەشقەکان لە چوارچێوەیەکی سنوورداری بێ رۆح و خاڵی لە هەست و نەستی ئینسانی و سۆزداری، قەتیس دەمێنن و لە جوڵە و چاڵاکی و نوێبوونەوەو گەشەی سرووشتی دەکەون. 

 

دابڕان لە دوێنێ لە پێناو ئێستاداو قوربانی کردنی داهاتوو بۆ ئەمڕۆ، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەک بخاتە ناو کایەی ژیانمانەوە، بێ ئەوەی ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ دۆخێکی ئاسودەتر،  ئاڕاستەی ژیانمانی گۆڕیوەو بە هۆیەوە دەیان هێزی هەژمونگەرا دەورەمانی داوە. 

هەر ئەم واقعەی لە چەقی پرۆسەی نۆژەن بوونەوەدا چەقی بەستووەو لە جوڵە وەستاوەو لە نێو خۆی و هزرو تێڕامانە بەرتەسکەکانیدا پەنگ ئەخواتەوە،  ئێمەی خستۆتە دەرەوەی گشت هاوکێشەیەکی ئەو فەزایەی لە ئەزەلەوە  زۆر بۆی تێکۆشاین و قوربانیەکی زۆریشمان بە ژیان بۆی دا. 

بەڵام دواجار کەوتینە دۆخێکەوە هیچ شتێک لەخۆی و ماهیەت و شوناس و رەنگ و روخساری جارانی ناچێ و هیچ لەبارەی ئاڕاستەی گەشە و جووڵەکەیەوە نازانین و دەستی قەدەر و یاری چارەنوس تا ئێرەی هێناوین و ئاسۆی ئاییندەمان لێڵەو کەوتووینەتە بەردەم چارەنووسێکی تری  نادیارو ترسناکەوە. 

ئەم جەنگەی ئێستاش بەرۆکی ناوچەکەو ماڵ و ژیان و نیشتیمان و چارەنووسمانی گرتووە، درێژەی پێکدادانی بەرژەوەندیەکان و بارگرژیەکانی دوێنێ و یەکێکە لەو پێدراوە مێژووییانەی ساڵانێکە وەک مۆتەکە و دێوەزمەیەکی شووم، سەرلەبەری ژیان و شوناس و ماهیەتی بوونمانی خستووەتە ژێر کاریگەری و ڕەشەبای وێرانکاری و تراژێدیاو دڵەراوکێ نەبڕاوەکانەوە. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×