ئەمیر کەبیر ( امیر کبیر) یا موحەمەد تەقی خانی فەراهانی، راوێژکاری باڵاو بڕواپێکراوو زاوای ناسرالدینی شای قاجار بوو.
ئەمیر کەبیر خاوەنی کەسایەتیەکی بەرزو ڕێزلێگیراوو دەست پاک و ڕاستگۆو رۆشنبیر و سەرڕاست بوو.
لە سەردەمی ئەودا ئێران چەندین گۆڕانکاری جۆری لە بواری نووسین و ئەدەب و رۆژنامەگەریەوە بە خۆوە بینی. ناوبراو رۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنی “ دارالفنون” یا ناوەندی خوێندنی باڵای ئێراندا هەبوو و دووەم رۆژنامەی فارسی زمانیش ( وقایع الاتفاقیە) هەر بە هەوڵی ئەو، بەردی بناغەی دانراو دامەزرا.
ئەمیر کەبیر یەکێک لە فاکتەرو پاڵنەرە هەرە بەرچاوو گەورەکانی وەرچەرخانێکی گەورە بوو، لە بواری کولتورو گەشە سەندن و ئەدەب و ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا لە چەندین بواردا گەشەی سەند و چووە قۆناغێکی ناوازەی گەشەو پێشکەوتن و روناکبیریەوە. .
جارێک لێیان پرسی:
چۆن توانیت لەو ماوە کورتەی دەسەڵاتداریتدا کایەی سیاسی و حوکمرانی لە دزەکان پاک بکەیتەوە؟
لە وەڵامدا وتی:
من خۆم دزیم نەدەکرد و نەشمدەهێشت جێگرەکەم دزی بکات. ئەمیش نەیدەهێشت جێگرەکەی دزی بکات و تا دوایی هەر بەم شێوەیە کاروباری ئێران و حوکمڕانیمان ڕایی دەکرد و چاودێریمان بەسەر هەموو پایەکانی حوکمڕانیەوە هەبوو.
ئەگەر من دزبام و ملم نابا دزیکردنەوە، هەمووان دزیان دەکرد و ئێران لە ماوەیەکی کەمدا دەبوو بە “ دز خانە “ـیەکی گەورە.
بەم جۆرە گشتمان دەبووین بە دزی گەورە و بچوک و هەر هەمووشمان بە دوای دزەکانەوە بووین بیانگرین و سزایان بدەین.
بەڵام چوونکە هەموومان دز بووین، هەرگیز نەماندەتوانی تاقە دزێک بگرین و دادگایی بکەین و یاسای بەسەردا بسەپێنین.