ئێمە حیکایەتێکی ناکۆتاو پرسیارێکی بێ وەڵامین

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2026-07-14   

ئێمە چیرۆکی نێو کتێبێکی تۆز لێ نیشتووی سەردەمانێکی کۆنین. ئێمە پرسیارێکی قورسی بێ وەڵام و بوونێکی سیحراوی و گومانێکی خەستی هەمیشەیی و خەیاڵێکی فرە رەهەند و بەرهەمی دۆخێکی تێکچڕژاوی ناوەکی و دەرەکی و ئاڵۆزیەکی هەمیشەیین. 

 

ئێمە نەتەوەیەکی پڕ لە گرێی دەروونی و پڕ لە بەسەرهات و تەژی تراژێدیاو خەمنامەیەکی نەنووسراوی نێو کتێبخانەکانی مێژووین. 

ئێمە گەلێکی نێو پەیج و لاپەڕەکانی مێژوویەکی نەنووسراوی پڕ لە هەڵکشان و داکشان و تەمومژاوی و کارەساتبارین. 

ئێمە نەتەوەیەکین تا دێت زیاتر ڕقاوی و بوغزاوی و پڕ لە گرێی دەروونی بەرامبەر بە یەکتر دەردەکەوین و وەک هێمایەکی بەهێزی پەرتەوازەیی و خۆپەرەستی و سایکۆلۆجیایەکی بێمار و گەلێکی بریندار، بووین بە بەڵاو خەمێکی گەورە و بارێکی گران بە سەر شان و بوون و ماهیەتی خۆمان و نیشتیمان و شوناسمانەوە. 

 

ئێمە بە درێژایی مێژوو و  لە هەموو قۆناغەکانیدا،  دوژمن و نەیاری ژمارە یەک و سەرسەختی  خودی خومان و بەرهەمهێنەری کەرەستەو ئامرازەکانی پەرتەوازەیی و سڕینەوەو سوکایەتی و کەرامەت شکاندن و ستەم و مل شکاندن و مێژوویەکی ڕقاوی و بوغزاوی و پڕ لە هەڵبەرزودابەزی وێرانکەری ماهیەتی کوردبوون و شوناسی یەکانگیری نەتەوەییمان بووینە. 

 

دیواری کۆشکی دونیای کایەی سیاسیمان لە بری هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی و هێزی عەقڵ و مەنتیق، بە وشەو دەربڕین و دەستەواژەو چەمکەکانی دەمارگێری و دابەشکاریەکانی خێڵ و فیرقەو تاقم و دەستەو جەمسەرو کوتلەبازیەکانەوە، سواق دراوە. 

 

ئێمە کەسانێکی کەنارکەوتوی هەناوی ناسیۆنالیزمی جیهانی و  کۆتایی کتێبێکین سەرەتاو کۆتاییەکەی دیار نیە. ئێمە شەپۆلێکی بە تەوژمی  وێرانکەری  شوناس و چەمکی نەتەوەیەکین،  لەوەتەی هەین، دەرمارگیری خزم و خێڵ و بەرژەوەندیپەرەستی و کەلەرەقی و عینادی و خۆپەرەستی و هەژمونگەرایی و ناوچەگەرێتی، هێزو پاڵنەری سەرەکی ئاراستەکەی بووە. 

هەر ئەم شەپۆلە وێرانکەرەش بە درێژایی زەمەن،  بونیادی “ چەمکی نەتەوە” و “ نیشتیمان پەروەری”  و “ یەکپارچەیی” لە گشت  جوانی ماناو ئامانج و سیحری یەکبوون و یەکپارچەییەوە خستووەو لە رەگ و ریشەوە هەڵیتەکاندووەو ئێمەیشی تووشی “ گێژبوونی”ێکی درێژ خایەنی کوشندەی نەتەوەییەوە کردووە. 

 

ئێمە هەرگیز یەکڕیزو یەکپارچەو تەبا نەبووینە. ئێمە هەرگیز وێنەیەکی جوانی نێو چوارچێوەیەکی  بەهێز و یەکگرتووی نەتەوەیەکی زیندووی ئاگامەند نەبووینەو هەرگیزیش هەوڵمان بۆ “ نەتەوەسازی” نەخستۆتە خزمەت پرۆژەو روئیا تاکەکەسی و دەستەجەمعیەکانمانەوە. 

 

کێ ئەڵێت ئێمە یەکین؟ کێ پێی وایە ئێمە پەندمان لە مێژووی پڕ لە کارەسات و مەینەتی و نەهامەتیەکانمان وەرگرتووەو کردوومانە بە چرای روناک کەرەوری هەنگاوەکانی داهاتوومان بە ئاراستەی نیشتیمان سازی و دروست کردنی تاکێکی هۆشیارو بەرپرسیار و پڕلە پرسیارو ئاگامەندەوە؟ 

 

ئێمە حیکایەتی هەوڵە شکستخواردووەکانی خودی خۆمانین. حیکایەتێکی ناکۆتا و پڕ لە پێک ناکۆکی و دژبەرو یەکەیەکی ناهەماهەنگ و پرسیارێکی سەت بارە بووەوەی گەورەی بێ وەڵام و ماندووکەر…خەمنامەیەکی قەبارە گەورە…مێژوویەکی خوێناوی و تەماوی و پڕلە ململانێ و دوا خاڵ و دوا بڕگەو دوا پەرەگرافی کتێبێکین، سەرەتاو ئێستاو داهاتووی لە یەک ئەچێ و هیچ جیاوازیەکی بونیادی و فەلسەفی و مەعریفی لە دوێنێ و ئەمڕۆیدا بەدی ناکرێت و ئەمڕۆمان ڕێک کۆپی دوێنێمانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×