هەورە تریشقەی سیاسی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2026-08-31   

ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەکان لە سەر زاری شارەزایانی نەناسراوی کەشناسی سیاسی و بوومەلەرزەزانی جەنگی ڕاگەیاندنی هەردوو جەمسەرەکەی هێز لە هەرێم ئاماژەیەکی دڵخۆشکەریان داوە بەوەی رەنگە، گوێی شەیتان کەڕ و چاوی حەسود کوێر، بیلامانێ لەم نزیکانە هینەکانی سەر بە هەردوو جەمسەرەکەی دەسەڵات لە ئاسمانێکی ساماڵی سیاسی و کەشێکی خۆشی دوورلە بارانی بەخوڕو تەرزە و باوو هەورە تریشقە،  لە ناشوێنێکی نادیاردا کۆ ببنەوە. 

 

شایانی ئاماژەپێکردنە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی کەشی باراناوی رووبەری ئاسمانی سیاسی و تۆخ بوونەوەی هەورەباراناویەکان و خێرایی ململانێی  بەردەوامی ئاسمانی ساماڵ و باوو زریانی جەنگی ڕاگەیاندن و یەکتر شۆشتنەوەو هەڵدانەوەی کۆنەقین لەلایەن هەندێ کۆنەهینەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەهۆڵبەندان و چەقبەستوویی ساسی و  باوو زریانی یەکتر تۆمرتبارکردن بووەتەوە. 

دوای دەست پێشخەری و هەنگاونانی چەند بکەرو کاراکتەرێکی  ئاشتیخوازو سوڵحاوبۆ خواو عەوام و قیامەت، وابڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا جەماعەتی ئەملا لەگەڵ جەماعەتی ئەولا بۆ یەکلایی کردنەوەی چەندین پرسی پەیوەست بە کەشوهەواو پرۆسەی باراناوی و نازونیعمەتی سیاسی و چەقبەستوویی سیاسی و  شکاندنی بەستەڵەکی زۆنەکان،  کۆببنەوە. 

 

بەڵێن دراوە کۆبوونەوەکان لە کەشێکی ساماڵی سیاسیدا بەڕێوەبچن و  شارەزایان و چاودێران دەڵێن ئەم دیدارو یەکتر بینین و یەکتر زیارەت کردنە، دوورو نزیک پەیوەندیان بە کۆپۆنی بەنزین و دابەزاندنی کەفوکوڵ و هەڵچوونە سیاسی و بەنزیناویەکانەوە نیە. بەڵکو هەوڵێکە بۆ خۆشکردنی زەمینەی لەبارو کەشی گونجاوو ئامادەسازی و کێڵانی  ڕووبەری زەویە سیاسیەکان و رەواندنەوەی لێک تێنەگەیشتنەکانی پەیوەست بە ئاییندەی چاندنی زەوینە سیاسیەکان و چنینەوەی بەرهەمەکان و هاوسەنگی لە بڕی باران بارین و دابەشکردنی دەسکەوتەکان،  لە میانەی پرۆسەیەکی تۆکمەو پاڵپشتیکراوی سیاسی و  باراناویەوە. 

 

شارەزایانی کەشوهەوای سیاسی پێیان وایە پێویستە وەک دەسپێک هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی ئاسایی کردنەوەی ئاسمانی سیاسی و لادانی هەورەبروسکەو هەورە تریشقەکانی جنێوو ناوزڕاندن و پانتای راگەیاندنەکانی نووسراوو بیستراوو وتراوەوە بن و جەنگی ساردی کوتەک وەشاندن و شیروتیر لە یەکتر سوین، لە رووبەری دونیای مەجازی و پێگەو پەیج و ماڵپەڕە پڕلە ڕق و قینەکان کۆتایی پێ بێت و سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکاتەوە. 

 

زیاد لە مەش شارەزایان و چاودێران هیوادارن لایەنەکان بەوپەڕی متمانەو بڕواوە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بن و رێگە نەدەن شەڕە جنێوو شەڕە دەنوک و تێهەڵدان و تۆمەت بەشینەوەکان و هەڵچوون و داچوون و ڕۆچوونە سیاسیەکانی رابردوو،  کاریگەری نەرێنی بکەنە سەر کەشوهەواکەوەو ئەگەری باران بارینی بەخوڕو دروست بوونی لافاوو کەفاوی وێرانکەر، بۆ نزمترین ئاستی رێگەپێدراو کەم بکەنەوەو زامنی داهاتوویەکی باشتر بکەن. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×