وەک لە کولتوری زۆربەی گەلاندا باوە، لای لایە کردن ئامراز و مێتۆدێکە بۆ خەواندنی مناڵ و دابڕاندنی لە هۆشیاری و بەخشینی جۆرێک لە دڵنیایی رۆحی و ئاسودەیی و ئۆقرەگرتن و ئارامی. بەڵام کاتێک ئەم مێتۆدە لە مناڵەوە بۆ گەورەکان دەگوازرێتەوە یا مناڵ هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە خوو بە لای لایەو خەواندنەوە دەگرێ، ئیتر دەبێ بە خوویەکی ناشرین و وەک دەڵێن بەشیری دەیگرێ و بەپیری بەری نادا.
لێرەوە ئەم” لای لایی” کردنە فۆڕم و مەغزاو ناوەرۆکێکی تر دەگرێ و دەبێ بە هاندەرێک بۆ خەواندن و بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی کەسێتی و بونیادی عەقڵانی و هەڵسوکەوت و رەفتارەکانیەوە. ئیتر “ لای لایە” بە تۆن و ریتمێکی تر و لە سیاقی خۆیدا بە فۆڕمێکیتر دەردەکەوێ و گۆڕانکاریەکی گەورەو رادیکاڵی بەسەردا دێت و ئامانج و مەبەست لێی دەبێ بە شتێکیتر. واتا لای لایە دەکرێ بە مێتۆدێک لە دابڕاندنی تاک لە ئێستایەکی “ هۆشیار” و گواستنەوەی بۆ دۆخێکی جێگری “ ناهۆشیاری عەقڵانی ”ـەوە. هەر ئەم ناهۆشیاریە لە فەزاو سیاق و ژینگەیەکی گونجاوتردا فۆڕمێکی ناوازەی دەبەنگی دەگرێ و فکرو هێزی بیرکردنەوە لە ناو دەبات و مرۆڤ لە چوارچێوەیەکی داخراوی فکریدا دەهێڵێتەوە.
هەرگیز “لای لایەی” کتێب خوێندنەوە بۆ مناڵەکەت مەکە تا بخەوێ، بەڵکو کتێبی بۆ بخوێنەوە تا لە خەو هەڵسێت و هۆشیار بێتەوە و لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی و لە ژێر جەبرو فشارەوە نەچێتە قۆناغی نائاگایی و بەنج بوون و خۆش خیاڵی و دەبەنگی و بێ ئیرادەییەوە.
هەر گەلێک کتێب نەخوێنێتەوەو ڕقی لە کتێب خوێندنەوە بێت، ناچارە بە ئەزمون کردن و پێداچوون بە هەموو قۆناغەکانی مێژوو. یا ئەوەتا بە ناخی مێژوودا دەچێتە خوارەوە یا لە پەراوێزێکی بچوکی مێژوودا شکستەکانی هەژمار دەکات و بروبیانوو پاساوی ناعەقڵانی خۆفریودەرو گەمژانەی بێ مانا بۆ شکست و نشوست و هەرەسی پلان و ئامانجەکانی دادەتاشێ.
گەلی دژە کتێب ناچارە بە چەشتنی گشت تاڵی و سوێری و ئەزمون کردنی شکست و نشوست و ماڵوێرانیەکان. ناچارە وەک کەسێکی قووپاووداماوو ئیرادەشکێنراو، بە هەموو چرکەساتەکانی مێژوودا بچیت و بە پانتای هەڵکشان و داکشانەکانیدا تێپەڕێ.
بۆ مناڵەکان ئەو چیرۆک و حیکایەتانە هەڵبژێرن ببنە مایەی هۆشیاریان نەک خەو بردنەوە و گەوجاندن و بەنج کردنیان. هۆشیاری ویژدان و عەقڵ زۆر بە سوودترە لە خەوی قووڵ و ناهۆشیاری عەقڵی و هەوڵدان بۆ لێکچوون لە “گشتێکی” ناهۆشیارو خۆشباوەڕو بێ ئیرادەی داتەپیو لە گشت بنەماو مەرجەکانی هۆشیاری و ئاگایی و فکرو ئایدیا.
ناشێت خوێندنەوەی کتێب بۆ ئەوە بێت خەومان لێبکەوێت و روو بکەینە تەمەڵی و سەرەخەوش شکاندن و قۆناغی بێ هۆشی و ناهۆشیاری و کات بە فیڕۆدان. بەڵکو پێویستە بۆ ئەوە بێت رێگای هۆشیاری و عەقڵانیەتمان پیشان بدات و رۆشنایی بخاتە سەر کۆی دیوە تاریکەکانی کایەی ژیان و سەرلەبەری پێدراوە ئاشکراو نائاشکراکانی ناویەوە.
هەندێ کتێب پڕن لەو بەسەرهات و چیرۆک و حیکایەت و ئەفسانە هەڵبەستراوانەی مەبەست لە نووسینیان بە پلەی یەکەم گەوجاندن و لەخشتەبردن و گومراکردن و خەواندنی ئێمەیە. کۆمەڵێکیش هەن تەنیا بە مەبەستی هۆشیار کردنەوەمان نووسراون و بەهایان لە هەموو سەروەت و سامانەکانی دونیا زیاترە.
ژمارەی ئەو کتێبانەی خوێندووماننەتەوە گرینگ نیە، بەڵکو چۆنیەتی خوێندنەوەو درک کردن و تێگەیشتنیان گرینگە. هەر کتێب و نووسینێک بە کردار دیدگایەکی نوێمان بۆ گەڵاڵە نەکات، بۆ خوێندنەوە ناشێت و تەنیا ئەچێتە خانەی کات بەسەربردن و کات بە فیڕۆدانەوە.
مرۆڤ نابێ هەوڵەکانی تەنیا بە ئاڕاستەی خوێندنەوەی ژمارەی کتێبەکانیەوە بێت و کێبرکێ لەسەر ژمارەی ئەو کتێبانە بکات دەیانخوێنێتەوە، بەڵکو ئەوە گرینگە چەند کتێبێکی باش و بە سوودی، چەند جار خوێندۆتەوە و چەند و چۆن لێیان تێگەیشتووەو دوای خوێندنەوەیان تا چ ئاستێک گۆڕانکاری بەسەر عەقڵ و دیدگاو ئاستی بیرکردنەوەو هۆشیاریدا هاتووە.
کتێب کەرەستەو پەیژەیەکی گەورەیە بەرەو هۆشیاری و گەیشتن بە سەرزەمینی روناکی. ئامرازێکە بۆ هۆشیاری و ئاگایی و تێپەڕاندنی قۆناغی گەمژەیی و خەیاڵ پڵاوو خۆشباوەری و چەقبەستوویی فکری و لە خراپترین حاڵەتیدا حەماقەت، نەک رازاندنەوەی ماڵ و خۆ دەرخستن و نمایشێکی درۆیین و فریودەرانەی روناکبیری ساختەو سنگ دەرپەڕاندن و پۆزلێدان و خستنەگەڕی مەکینەی مامەحەمەیی کردن و خستنەکاری هەڵمەت و کەمپەینی بەشان و باڵ و دەنوک هەڵدان و بێ ئەدەبی کردن بە ئەدەب و ناشرین کردنی پیت و وشەو ڕستەو نووسین و دەق.
هەر کاتێ کتێبی خوێندنەوە لەوە دەرچوو تەنیا بە مەبەستی کات بەسەربردن پەنای بۆ ببرێت و وەک هێماو کەرەستەیەکی هۆشیاربوونەوە بکرێ بە هاوڕێی هەمیشەیی، ئەشێ مرۆڤ لە هەموو جۆرە داخرانە فکریەکان رزگاری بێت و کتێب ئاڕاستەیەکی نوێی هزری و تێگەیشتنێکی تازە بخاتە بەردەم مرۆڤەوەو رێپیشاندەرێکی باشی نەخشەرێژ کردنی هەنگاوەکانی ئێستاو داهاتووی بێت و بە ئاسانی لەخشتەنەبرێت و فێڵی لێ نەکرێت.