هەڵە نەبم لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم. تازە سێ ساڵێک بوو شۆڕشی ئەیلول هەرەسی هێنابوو و رژێمی حەمە رەزای پەهلەوی و سیستەمە داپڵۆسێنەرەکەی هەموو پەنابەرە کوردەکانی عێراقیان بۆ باکورو رۆژئاواو باشوری ئێران، بە پێچەوانەی خواستی خۆیان ڕاگواستبوو و چاودێریەکی تووندیشی خستبوونە سەر، لە رێگەی دەستوپێوەند و سیخورەکانی خۆیانەوە.
ئێمەش بۆ سنووری شاری کاشان گواسترابووینەوەو بۆ ماوەی چوارساڵ و شتێک لەوێ خراینە ژێر چاودێری چڕی ساواکەوە ( سازمان اطلاعات و امنیت کشور)(دەزگای زانیاری و ئاسایشی وڵات)(هەواڵگری شاهەنشاهی)).
سەرەتا و رێک لە ساڵی 1976 لەگەڵ چەند ماڵە پەنابەرێکی تر, شەش مانگ حوسەینیەی شارەدێی “ بیدگول” ی سەربە شارۆچکەی “ ئاران”ی کاشان بوو بە شوێنی نیشتەجێ بوون و مانەوەو ژیان کردنمان.
بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاوی نیشتەجێ بوون، حکومەت ئەو حوسێنیەی ( شاهزادە هادی) بۆ نیشتەجێ کردن و چاودێری کردنمان دەست نیشان کردبوو. حەوشەو ژوورو حوجرەکانی حوسێنیە پڕ بوو لە گۆڕی کۆن و نوێی مردووەکان.
سەرتاپای ژیان و گوزەرانمان لە نێو تارمایی قەبرەکانی قەبرستانی ناو حەوشەی حوسێنیەی شاهزادە هادی، حیکایەتێکی پڕ لە تراژێدیا بوو. حوجرەکان بوون بە شوێنی خەوتن و نانخواردن و پشوودان و ژیان کردنمان. تەنانەت لە ناو حوجرەکانیش قەبری تازەو کۆن هەبوو.
هەموو ئەم سەختیانەی حوسێنیە بە دیوێک و چاودێریە چڕەکانی دەزگای هەواڵگری ئێرانیش ( ساواک) بە دیوێکی تر، تادەهات تەنگی بە هەموومان هەڵئەچنی. ترس و دڵەراوکێ و تارمایی شەوانەی قەبرەکانیش بە لایەک، وەک دێوەزمەیک قورسایی بە هەموو ماڵە پەنابەرێک و خێزانەکانەوە دیاربوو . هیچمان لە داهاتوو دڵنیا نەبووین.
ئەوسا هیچ ئاسۆیەکی روناک و دڵخۆشکەر بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ناخۆشەی تێی کەوتبووین لە هیچ لایەکەوە بەدی نەدەکرا. بێ ئومێدی و هیوابڕاوی رووی لە هەموومان کردبوو و ژیان رووەو تونێلێکی داخراوو تاریک هەنگاوی نابوو و ئەوسەری دیار نەبوو. تونێلێک، تاریک و پڕ لە تارمایی و دڵەراوکێ و دڕدۆنگی و کەنارکەوتوویی. تونێلێک پڕ لە ترس و مەرگەساتی ئاوارە بوون و جێ هێشتنی نیشتیمان و گیرسانەوە لە رووبەرووی نیشتیمانێکی نامۆ بەهەموو ئەو پێدراوو شتانەی پەیوەست بوون بە کورد بوونەوە.
مۆتەکەی ترس، وەک دێوەزمە سەرلەبەری کایەی ژیانی تەنیبوو و تۆزقاڵێک تروسکایی هیواو ئومێدو ئازادی تیایدا بەدی نەدەکرا. ترس لە ڕادەست کردنەوە بە بەعس و سەفەقاتی ژێربەژێری سیاسی و بەرژەوەندیخوازی و مامەمەڵەکردن بە پەنابەرانەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوکێشە سیاسیەکان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی نێوان وڵاتان.
لە دۆخێکدا دەژیاین هەموو شت بۆمان نامۆ بوو. نە زمانمان دەزانی نە شارەزای کولتورو دابونەریتی شار و وڵات بووین. بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیش بەهۆی شارەزانەبوون لە زمان، هەموو دەرگاکان داخرابوون و لە دونیایەکدا دەژیاین بۆ ئێمەی ئاوارە، بە هەموو مانایەک نامۆ و نەناسراوو داپۆشراوو پڕلە نهێنی بوو.
دوای شەش مانگی پڕ لە ترس و دڵەراوکێ و نیگەرانی و سەختی و نەبوونی و فشارێکی گەورەو تاقەت پروکێن و ئاوێزان بوونی گۆڕستان، دواجار بە رەزامەندی حکومەت حوسێنیەمان جێ هێشت و لە شاری کاشان گیرساینەوە. لێرەوە سەرەتایەکی تری زەمەنێکی ناخۆش و ناجۆر و ناهەموارو ژێر چاودێری و کۆنترۆڵ و سنووردارکردنی ئازادی هاتوچۆو هەناسەدان دەستی پێکرد. ژمارەیەک لە پەنابەران بۆ مسۆگەرکردنی ژیان و گوزەران و بەهۆی بەهێزبوونی دەماری خیانەت و خۆفرۆشیەوە، بوونە پیاوی ساواک و جاسوسیان بەسەر ماڵە پەنابەرەکانەوە دەکرد و ببوونە ڕاپۆرت نووس، لە چەشنی ڕاپۆرت نووسە نەفس نزمە هیچ لەبارادانەبوو و سوکەکانی ئێستای دونیای سیاسەت.
ئەو قوتابخانەیەی من تیایدا ناونووس کرام، نیو کاتژمێرێک لە ماڵەوە دوور بوو. زۆر لە سەنتەری بازاڕەوە نزیکبوو. بە دروستی ئەکەوتە دیوی رۆژهەڵاتی شارو دووسەت مەترێک لە فلکەی بە ناوبانگی ( کمال الملک) ـەوە دوور بوو.
بینایەی قوتابخانە بینایەکی کۆن و زۆر گەورە و مێژوویی و ئەندازەیی و بەرچاو بوو. دەرگاو پەنجەرەکانی لە دارو لە چەندین ژوورو هۆڵی کۆبوونەوەو پۆل پێک هاتبوو.
ئەوەی لە گێڕانەوەی ئەو یاداوەریەدا زیاتر قورسایی ئەخەمەسەر، هەژمونی پیاوانی ساواک بوو بەسەر قوتابخانە و لەێشەوە بۆ ناو دونیای سیستەمی پەروەردەو خوێندنەوە.
مامۆستایەکمان هەبوو بە ناوی “ آقای نجاری” ( نەجاڕی). سیمایەکی بوغزاوی و ناشرین و قژێکی گروازەو دەموچاوێکی بە قێزو ترسناکی هەبوو. هەرکە سەیرت دەکرد ترسێکی قووڵ و هەستێکی ناخۆش سەرتاپای رۆحی دادەگرتی. من تەنیا قوتابی پەنابەری کوردی ئەو پۆلە و سونە مەزهەب بووم و بەردەوام هەستم بە تەنیاییەکی بێ سنوور و ترس و دردۆنگی و نائارامیەوە دەکرد.
ئاغای نەجاڕی هەڵگری رەفتارێکی زۆر رقاوی و بوغزاوی و نامرۆڤانەو بێ هەست و بەزەیی ئینسانی بوو. هەمیشە بە دوای بیانوویەکەوە بوو بۆ لێدان و دارکاری کردنی قوتابیانی بە گشتی ومن بە تایبەتی. واجب و ئەرکەکانی قوتابخانەت ئەنجام دابوایە یا نا، ئەو بیانوویەکی ئەدۆزیەوە بۆ دارکاری کردن و لێدان و تێهەڵدان و ئیهانەکردن. بەداخەوە لە هەمووانیش زیاتر بە دوای بیانوو گرتنەوە بوو بە من، هەم بەهۆی کوردبوون و هەمیش بە هۆی سونی بوونمەوە.
شێوازی لێدانەکەشی زۆر ترسناک بوو. هەستت دەکرد ئەم بوونەوەرە ئەوەی رەحم و بەزەیی و ئینسانیەت و عەقڵانیەتە نیەتی.
بۆ لێدانی قوتابیانیش فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجەدانی بەکاردەهێنا و لە قایشی پشت یا قایشێکی ئەستوری مەکینەی ئوتۆمبێل سوودی وەردەگرت. ئەم بوونەوەرە بوغزاویە داخ لە دڵە دڕندەیە لە هەموو ئاکارێکی جوانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاق و بەها ئینسانیەکان و رەحم و بەزەییەوە داشۆرابوو. تەنانەت لە کاتی لێداندا تا هێزی تیابوو ئەیکێشا بە دەست و قاچ و پشتی قوتابیەوە. ترسناکترین لێدانیش فەلاقەکردن و لێدانی ژێر پێ و جۆرەهای سووکایەتی کردن، ئیهانەکردن و رۆتینیاتی رۆژانەی بوو.
دواتر و پاش چل و پێنج ساڵ زانیم ئاغای نەجاڕی ئەفسەرێکی چالاک و ئەشکەنجەکەری ساواک، دەزگای هەواڵگری رژێمی شای گۆڕبەگۆڕ بووە.
برینەکانی مەچەکی هەردوو دەستم بەردەوام لە ماڵەوە بە تایبەتی لە دایکم دەشاردەوە. کاتێک پرسیاری هۆکاری برینەکانی لێدەکردم بە بڕوبیانووی کەوتن لە یاری تۆپی پێ، رازیم دەکرد و سەرەنجم لەسەر لادەدا.
لێدان و کوتان و ئیهانەکانی ئاغای نەجاڕی بەرامبەر بە قوتابیان بە گشتی و من بە تایبەتی ماوەیەک بەردەوام بوو.تا دواتر بەهۆی سکاڵای منەوە لای باوکم و درکاندنی هەموو ڕاستیەکان، رێکەوتنێک کراو من گواسترامەوە بۆ قوتابخانەیەکیتر، بە بێ ئەوەی مامۆستا ساواکە ئەشکەنجەدەرەکە بە هۆی پێگەو نفوزو دەسەڵاتیەوە هیچ ئیجرائاتێکی یاسایی لەتەکدا بکرێ و ڕووبەڕووی یاسا و لێپێچینەوەو دادگا بکرێت و سزا بدرێ و رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
هەربۆیە تا ساڵانێک تا سەر ئێسقان ڕقی قوتابخانە و خوێندن لە ناخمدا چەکەرەی دەکرد و ئێستاشی لەگەڵدابێ نەفرەت لە هەرچی جاسوس و سیخورو راپۆرت نووسی هیچووسوکە و بێ کەرامەت و خۆفرۆش و بەکرێگیراوە دەکەم.