بەشێک لە هاوڕێیان و دۆستانی بەڕێز چەندین پرسیاریان لەسەر ململانێی نێوان بەغداو، هەرێم، کردوەو، هەندێکیشیان لەگەڵ پرسیارەکانیان دا؛ بۆچونی خۆشیان بۆ ناردوم.
ئایا پێمان خۆش بێ دەسەڵاتی گەندەڵی پارتیی-یەکێتیی لەلایەن بەغداوە، بڕوخێ!؟
بەڕێزان، ڕاستە، پارتیی و یەکێتیی لێوانلێوی گەندەڵیین. من کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی دا ژیاوم؛ زۆر زوڵمیان لێکردوم! ڕونە ناویان لە زەوی هەشت دەفتەری (کە حەقی یاسایی و، مافی حکومیی خۆم بو)، دەرهێنام. بەڵام لەگەڵ ئەوانەش دا، بە ئاشکرا ئەمە بۆچونمە، کە: دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی باشترە لە حوکمڕانیی میلیشیا توندڕەوە داگیرکەرەکانی بەغداو، داگیرکەرانی تورک، فارس و، عەرەب.
[سەگێکی کوردیی] بۆ کورد بە باشتر دەزانم؛ هەتا زانایەک کە لە ڕەگەزی نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان بێ. ئەمە نەتەوەپەرستیم نییە، بەڵکو ئەمە یەکسانخوازیی و ژیاندۆستیمە. چونکە سەگەکە دەبێتە دۆستی مرۆڤ و ژیان. بەڵام زاناکەی داگیرکەران مرۆڤدۆستانەو یەکسانخوازانە بیرناکاتەوەو، هەمو توانا فکرییەکانی (لە بوارە پسپۆڕییەکەی دا؛ ئیتر بوارەکەی زانستە پەتییەکان بێ، یاخود زانستە مرۆییەکان)، دەخاتەکار بۆ لەناوبردنی نەتەوەکەم و، نەتەوەی کورد بە کەمتر لە نەتەوەکەی خۆی دەزانێ!
واتە: زانایەک لە تورک، فارس و، عەرەب دا، نییە، کە هاوار بکات و بڵێ: "کورد مافێکی خودایی، مرۆیی و، یاسایی، خۆیەتی کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەسەر تەواوی خاکی کوردستان هەبێ و، دەبێت هەمومان پشتیوانیی لەو ئامانجە یەکسانییە-حەقخوازییە-مرۆڤدۆستییە، بکەین".
دو ساڵ پێش ئێستا، لە کتێبخانەی زانکۆ، بە سوتفە لەگەڵ پڕۆفیسۆرێکی تورک، کە هەردوکمان کتێبمان دەپشکنی، یەکترمان دیت و، وتی: "دیارە خەڵکی میدڵ ئیستیت؟"
وتم: "بەڵێ، ئەی تۆ؟".
وتی: "من لێرە پڕۆفیسۆرم. تورکم و خەڵکی ئەنادۆڵم".
منیش وتم: "من کوردم و، خەڵکی کوردستانم".
پێی وتم: "لە کوێیە کوردستان؟".
لە وەڵامدا وتم: "ڕونە ستان بە مانای شوێن و جێگا، یان وڵات، یاخود نیشتیمان دێت. ئەمە ژمارەی بەرگی کتێبەکانی سترابۆ و زەینەفون، کە هەر لاپەڕەیەکی دەقە بنەڕەتییە یۆنانییەکەیەو لاپەڕە بەرانبەرەکەشی وەرگێڕاوەتەسەر ئینگلیزی، بزانە کورد لە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستاوە لەسەر هەمان ئەم جوگرافیایەی خاکی خۆی، کە کوردستانە و، وڵات و نیشتیمانی کوردەکانە، بەردەوام دەژی یاخود نا؟ بزانە لەم کتێبخانە ئینگلیزییەدا، بە پێی نوسینەکانی مێژوی کۆن، کە هیچیشیان کورد خۆی نەینوسیون، به چەندین بەڵگەی مێژوی کۆن، بۆت دەسەلمێنم کە کورد خاوەنی کوردستان؛ ناوەڕاست و باکوری میسۆپۆتامیا و زاگرۆس بوە، یاخود نا. واتە: کوردستان ئەو نیشتیمانەی کورد بوە، کە کورد هەمیشە خاوەنی ڕەسەنی بوەو، هەمیشەش لەسەر هەمان شوێن و جوگرافیا ژیاوە".
سەرێکی لەقاند و، لچێکی نابەدڵانەی باداو، وتی: "هەرگیز دەوڵەتێک بەو ناوە نەبوە!".
وتم: "با هەبوە. سەلاحەددینی ئەیوبی کە کورد بوە، ئیمپراتۆریەتی ئەیوبی کوردی دامەزراندوە. چەندین قەوارەی سیاسییش بە ناوی کوردستانەوە هەبون. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردو لە باشوری کوردستان قەوارەیەکی سیاسیی هەبوە بە ناوی: حکومەتی کوردستان و، لە چلەکانیش؛ کۆماری کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستان، هەبوەو، بە درێژایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستیش، چەندین شۆڕشی نەتەوەیی کوردیی لە باکوری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی تورکیای ئیمپرالیست دا، هەبون!".
ئیتر تێکچو و، خۆی بێزار کردو، وتی: "ئۆو، مرۆڤێکی سەیرم دی" و، یەکسەر ڕۆشت.
بۆ یەکەمجارم بو کە زۆر تەرکیز بکەمەسەر دەموچاو و ڕوخساری تورکێک. بڕوا بکەن شێوەی ڕوخساری زۆر لە چینیی و مەغۆلەکانی دەکرد. واتە: بە ڕونی دیار بو کە ڕەسەنیان تاتارەو، لە مەگۆلستانەوە هاتونەتە ئاسیای بچوک (تورکیای ئێستا).
بۆیە ئەم چیرۆکەم گێڕایەوە، کە: ئێمەی کورد، ئەگەر خۆمان بمانەوێت دەتوانین دەسەڵاتی گەندەڵی کوردی، بەڕێگای؛ دیموکراسییانە بێ، یان؛ ڕێگای تر، لاببەین.
بەڵام داگیرکەر؛ کورد و شەرەف و خاک و دین و ئاووهەوای بە هی خۆی دەزانێ. بۆیەشە، من؛ یەکێتیی و پارتیی لە دەسەڵاتی داگیرکەرانی ئیمپریالیزمی عەرەبی فاشیست، ئیمپریالیزمی فارسی نازی و، ئیمپریالیزمی تورکی تورانییەت، بە باشتر دەزانم.
واتە: داگیرکەران، تۆی کورد بە؛ کۆیلەی خۆی و، نیشتیمانەکەت بە موڵکی خۆی دەزانێ. بۆیەشە وەک موڵکایەتیی خۆی، بە ڕەوای دەزانێ: هەرچۆنت لێ بکاو، هەرچیت لێ بکا؛ چونکە تۆ خاوەن هیچ بونێکی نەتەوەیی-یەکسان نیت لە لای ئەو!
پرسیار کراوە: ئایا هەڕەشەکانی مەسعود بارزانی بونە هۆی ئەوەی بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ببڕێت؟
نەخێر، بەغدا لە ڕقی ڕێکەوتنەکانی حکومەتی هەرێم و ئەمریکا؛ موچەی بڕی. من لە دو بابەتی پێشوش دا، کە لە ئاوێنە بڵاوکراونەتەوە، بە وردی ڕونم کردۆتەوە، کەئێران-عێراق دەیانەوێ مەسرور بخەن، چونکە بە کۆپی دەقاودەقی مەسعودی دەزانن. ترسیان لە مەسرور هەیە. ئەوان دەترسن لە هەمو هەوڵێکی خۆگرتنی کورد، بەتایبەت لە هاوکێشەی دبلۆماسیی دا. هەروەها دەیانەوێ دەسەڵاتی قەوارەی هەرێم داببەزێنن تا ئاستی دەسەڵاتی "پارێزگا"یەک و، ئینجا قەوارەکە بڕوخێنن. بەڵام هەڕەشەکردن بە ناوی؛ جیابونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی باشوری کوردستان، لەم تەوقیتەدا بە هەڵە دەزانم. دەکرێ تۆ بە دبلۆماسییەتی نەرم هەنگاوی خۆت بە کۆنکرێتی بنێیت کە ڕێکەوتنەکانت لەگەڵ ئەمریکا بکەیتە داینەمۆیەک بۆ سەربەخۆیی. بەبێ دەربڕینی بە قسە، بەتایبەت لە چاوپێکەوتن و وتاردان دا!! لەگەڵیشی دا، چاکسازی گشتگیری ناوخۆ و تا ڕادەیەک یەکڕیزی، دو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ داڕمانی هەڵپە ئیمپریالیستییەکانی بەغدا.
ئایا قەوارەی سیاسیی هەرێم لە شەش مانگی داهاتو دەڕوخێت!؟
پێموانییە. پێموایە: ئەو هەواڵانە هەموی شەڕی دەرونی وێبسایتە کوردییەکانن کە لایەنگیری بەغداو ئێران و تورکیان. بەڵام هەروەک چۆن هەواهەڵمژین بۆ مرۆڤ پێویستە، ئاوهاش بۆ حکومەتی هەرێم پێویستە کە دەست بکات بە چاکسازییەکی گشتگیری ناوخۆیی. نامەوێ ئایدیاکانی دو بابەتەکەی پێشوم، بنوسمەوە. کە پێویستە هەم لە ناوخۆ و، هەمیش لەسەر ئاستی سیاسیی و دبلۆماسیی، چی بکرێت.
هەندێ پرسیش هەیە، دەکرێ حکومەتی هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئامادەییان بۆی هەبێ. هەقە جومگەی وەبەرهێنانە نەوتیی، گازیی و ئابورییەکانی عێراق دیاری کرابن و، ڕێکخستنی نهێنیی لەو شوێنانە، لە بەسرەوە تا موسڵ و کەرکوک، ڕوێنرا بن. واتە: لە خراپترین ئەگەریش دا، هەر دەتوانرێ جومگە ئابورییە ستراتیژییەکانی عێراق، ئیفلیج بکرێ! ئێستا درۆن هەمو شت دەکات و، هتد! بە پێچەوانەی ستراتیژی سەربازیی لە وڵاتانی جیهان دا، کە شوێنی دروستکردنی تەقەمەنیی و درۆن بە نهێنیی دەهێڵرێتەوە، محەمەدی حاجی مەحمود وتی: "لە گوڵەخانە خۆمان درۆن دروست دەکەین!".
بەهەرحاڵ، مادەم کورد ڕێکەوتننامەی ستراتیژی [گاز]ی لەگەڵ ئەمریکا ئیمزا کردوە، کەوابو دەبێت هەوڵ بدات بەزویی ئەو ڕێکەوتننامانە بکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.
گرنگیشە کورد هەم ڕەچاوی دبلۆماسییەتی نەرم بکاو، هەم چاکسازی گشتگیر ناوخۆییش ئەنجام بدات و، هەمیش بە تەواوی خۆی بۆ هەمو دەرفەت، تراژیدیاو، لەمپەرەکانی داهاتو، ئامادە بکات.
بە پێچەوانەی زۆرینەی پێشبینییە ڕەشبینەکانیشەوە، پێموایە: بە مەرجێ حکومەتی هەرێم چاکسازی گشتگیر بکاو، بەکردەوە خۆی هەنگاو بۆ موچەی فەرمانبەران بنێ، وایدەبینم داهاتوی پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا؛ گەشە! داگیرکەرانییش ڕوەو داڕمانن. واتە: هێشتا پارتیی و یەکێتیی کاتیان بەدەستەوە ماوە کە یاسا سەروەر بکەن و، نەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی داگیرکەران قەوارەکە بڕوخێنن، چونکە قەوارەکە هی هەمو کوردە، نەک تەنیا پارتیی و یەکێتیی!